زانکۆو توێژیینەوەو ئەکادیمیاییەکان لەکوێی بەشدارییکردنی حوکومڕانیی‌و سیاسەتدان؟

د. رزگار ئاغا
  2023-10-04     459

 

هەرگییز رووینەداوە لە ماوەی سێ دەیەی پێشوو ،دەنگی زانایان و توێژەران زیاتر مایەی گرنگیی کۆمەڵگە و دام و دەستگا حوکومییەکان بێت و بەهەند وەرگیرابن وەک ئەنجامی توێژینەوە و لێکۆڵیینەوە، مەگەر لە ئاستێکی پیشەییدا نەبێت کە بۆ رووداوێکی دیاریکراو چەند سێ چارەکە کاژێڕێک تەرخان کرابێت لەم کەناڵی هەوایی یان ئەوی تر، رەخنەگرتنێکی شەرمنانەی دەستگا حوکومییەکان بە رێزەوە گیراون و، بە بێ چارەسەر زیاتریش تەنییونەتەوە! یان رەخنەگرتنێکی دوور لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەکانە و تەنها بە خستنەرووی هەندێ داتای هەڵبەستراو و بێ بنەما بۆ شرۆڤەکردنی کێشە پەیدابووەکان کە نە چارەسەری هییچ ئەکەن و نە تاسەر ئەو شرۆڤانەش وەک خۆیان ئەمێننەوە!

ئەوەی ئەمەوێت بە تایبەتی قسەی لەسەر بکەم و لەمڕۆی ئێمەدا ئەگوزەرێت، ئەکادیمیاییەکانی زانکۆیە! کە هییچ بەرپرسیارێتییەکی حوکومڕانیی و بڕیاردان لەسەر کێشە و گرفت و بەرەوپێشچوونەکانی لە دەستدا نییە! بەڵکو  ئەوانیش وەک هەموو فەرمانبەرێکی تر ئاسایی و نا ئاسایی، ترنجێنراونەتە ناو تەنها دەوامکردن و راپەڕاندنی ئەوەی کە پێی سپێراوە لە دووتوێی ئیشەکەیدا، جێبەجێکردنێکی رۆتیینانەی چەند فەرمانێکە بەڵام بێ پرس و دەستتێوەردان و پێشنیار! دیارە رێگرتن لە بەشدارییکردنیان و کەم نرخاندن و دوورەپەرێزکردنیان ئەوەیە کە کۆمەڵگە دووچاری گرفت و تەنگژە و مەترسیی بەردەوام ئەبێتەوە!  نەدانی مووچە، نەزانراوی داهات و سەرچاوەی داهات، سەرنگوومیی سەرچاوە سرووشتییەکان، کارنەکردنی دەستگاکانی یاسادانان و  جێبەجێکردن، مەترسیی ژیان و نائارامیی بۆ هاوڵاتییەکانی، ململانێی بالادەستەکان، ترازانی  پێوەندیی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی حوکومەت و کۆمەڵگە، نەمانی بایەخ و رەهەندی بژێویی و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی خوێندن و زانکۆکان، زۆری تر و زۆری تر، هەمووی لە کڵۆمکردنی توێژیینەوەی دنیا و داخستنی دەم و زمانی توێژەرانن لەسەر پرسە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان.

کار گەیشتووەتە ئەوەی تەنیینەوەی ترسێک لە هۆش و جەستەدا بەرپایە، کە بە هێندی هەموو چینێکی تری کۆمەڵگە ترس دایگرتووە و، بۆ مافی خۆیشی دەنگی لێوە نایەت و، نەک ئەمە، بە نیازە چیینەکانی تر کێشەی بێ مووچەیی بۆ چارەسەر بکەن!

باسەکەمان لەسەر سەرنجدانە لە رەوشی توێژیینەوە و بەشداریی ئەم گیانە بزوێنەرە، کە دنیا بەهۆیەوە گۆڕانکاریی بەردەوامیی هەیە. هەرچەندە ئەوەی ئەوترێت و بیستراوە، لەگەڵ ئەوەی پشتییوانیی و بەردەوامیی دەستگاکانی خوێندنی باڵا  لە کوردستاندا هەیە، پێویستە ئەم پرسیارانەی خوارەوە بهێنرێنە ئاراوە: کێ رابەرایەتیی توێژینەوە ئەکات، یان ئەوەی ئێستا پێی ئەوترێت "ئابووریی مەعریفە"ی تەکنەلۆژیا؟ ئایا توێژەران خاوەنی میکانیزمە تەکنیکیی و زانستییەکانن؟ یان دام و دەستگا و وەزارەت و کۆمپانیا بازرگانییەکانن؟ ئەی چۆن حوکوـمڕانیی کەرتە جیاجیاکانی بەجێ ئەهێنرێن لە دەری کۆمەڵە یاسایەکی کۆنکریتیی بێ گیانەوە؟ ئەی کێ بەرپرسیارە ئەی چۆن ئەم توێژیینەوانە لە کاتی تەرخانکراو یان کاتی پێویست بتوانرێن بەکاربهێنرێن و هەموو ئەو لایەنانە و کومەڵگە سوودمەندبن لێیان؟

 وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، لەسەر دوو ئاست ئەبێت؛ یەکەمیان لەسەر ئاستی حوکومەت کە تەنها بەم ئاماژە پێدانە و هییچی تر ئەیخەینە لاوە، چونکە هێشتا لە ئاستی بەرپرسارێتیی و باوەڕبوونی بە توێژیینەوە و کاریگەرییەکانی نییە، کە وەڵامەکانی لێوە دەستبکەوێت و بڕیاری دامەزراوەکان لێوەی سەرچاوەبگرێت. ئاستەکەی تر، توێژەران و پسپۆڕە ئەکادیماییەکانە کە سەرباری فەرامۆشکردنی حوکومەت، خۆی لە کوێی ئەم بەرپرسیارێتییە و رۆڵی میژوویی خۆی ئەبینێتەوە؟ بۆ دەستنیشانکردنی ئاست و ئەدا و گرفتەکان لەلایەک و پێشنیارکردن و راسپاردەکان لە لایەکی ترەوە،  ئایا ئەبێت توێژەران هەر خۆیان ئەرکی هەڵسەنگاندنی رەوش و ئەدا و بەشداریی توێژیینەوە بەجێ بهێنن و چاویان لە هییچ دامەزراوەیەکی تر نەبێ کە خۆیان لێ بەدوور گرتووە مەگەر بە شێوەزاریی نەبێت؟

هەنگاوی درووست ئەوەیە پێجۆرێکی چاودێرییکارانەی ئاستی توێژینەوەی زانستیی بکەین لە سیی ساڵی رابردوو بە تایبەتیی، ئایا بە راستی ئەوە چ دۆخێک بووە تێپەڕییوە؟ بەراودکردنێک پێویستە لەگەڵ رەوشی توێژیینەوە لە ناوچەکە و لە جیهان دا بکرێت کە چاوکرانەوەی بەرپرسیارێتیی بخاتە بەردەم هەموو پێوەندییدارێک! ئایا لە سەرەتا و بە درێژایی ئەم سیی ساڵە هەتا ئێستا لە جۆرێتیی و چەندێتیی دا لە کەمبوونەوەدایە یان لە بەرزبوونەوەدایە؟

کەمێک هەن کە باوەڕیان بەو بەرپرسیارێتیی و بەشدارییە هەبێت، کەمیان هەن کە سرووشتی رووبەڕووبوونەوەیان هەبێت لە دەری ئەجێندای سیاسیی تەسکی حزبایەتیی و بەرژەوەندیی، کەم کەس هەن بە پەرۆشەوە دەنگیان دەریەت و مایەی مشتومڕی قسەی ناپەسەندی ژێربەژیرانەی رق و سەرکۆنەی کۆڕ و کۆبوونەوە حزبیی و فەرمییەکانی ئەم دەستگا کەمدووەیە! توێژیینەوەکان، هەڵوێستەکان، نائامادەییە فیزیکیی و مەعنەوەییەکان هەموویان گەواهیدەرن کە لە ئاستی بەرپرسسیارێتیەکان دا، ئەو پڕیی و چۆڵیی ئەو خانووبەرانە چەند فراوان و گەورەش بن جیاوازییەکیان درووست نەکردووە!

 بە ئاماژەدانێک بۆ رەوشی توێژیینەوە لە دنیادا،  فەیلەسوفی کەنەدایی "ئالان دۆنۆ" یەکێکە لە رەخنەگرە دیارەکان کە قسەی راستگۆ و جیددی هەیە لەسەر حوکومڕانیی و سیاسەت، سەبارەت بە دۆخی دامەزراوەکانی توێژینەوە لە رووی سرووشت و ئاڕاستەکانیان و ئەو زمانەی کە تێیدا بەکاردێت. لە کتێبەکەیدا بە ناوی "سەردەمی پڕوپووچیی"(١)، هەندێک لەو هۆکارانەی رییزکردووە کە بوون بە هۆی خراپبوونی ئاستی توێژینەوەی زانستیی و لەباربردنی رەوشی ئابووریی و شیواندنی پێوەندیی و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکان، دیارترینیان بەناوەندکردنی توێژینەوەیە و خستنە ناو چنگی دامەزراوە دیاریکراوەکان و دواتر جێبەجێکردنی پێوەرە پڕوپووچەکانە، کە بۆ خۆیان داڕشتووە کە بیان بوێرێت لە رەخنە و بەرپرسیارێتیی. ئەم ناوەندکردنە بەرهەمێکی سرووشتیی سیاسەتی مۆنۆپۆلی زلهێزەکانی جیهانە کە هەیانە لەسەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و، بەکارهێنانی وەک چەک و دەسەڵاتێک بۆ زاڵبوون بەسەر وڵاتە لاوازەکاندا، بێ ئەوەی ئاماژە بە هەرەمی کۆمەڵگای ئەکادیمیایی بکەین. ئەم هەڵسەنگاندن و بڕیارلەسەردانەی "دۆنۆ" لەسەر "دەسەڵاتێکی باڵا" بە قۆرخکردنی زانست و توێژیینەوە بۆ مەرامە تاڵانکارییەکانی، دەستی خستووەتە سەر دەردی کوشندەی سەردەم و سیاسەتی نیو-لیبراڵیی جیهانیی.

ئەوەی زیاتر ئەگوزەرێت لەم رەوشە خراپەی ئێمەی تیا ئەژیین، وەک دیاردەیەکی مەترسییدار و زاڵ و باو و پشتییوانییکراو باسی لێوە ئەکرێت، ئەوەیە کە پرۆفیسۆری بەریتانیی ئەلێکساندەر ئافۆنسۆ(٢)، لە توێژیینەوەیەکیدا بە دیدێکی سیاسیی و سۆسۆلۆجیاییەوە قسە لەسەر کۆمەڵگەی ئەکادیمیایی ئەکات، چ وەک خۆیان کە بڕیاردەری چالاکییە زانستیی و پەرۆشیی و جموجووڵەکانیانن و، چ لەسەر ئاستی دەوڵەت کە کەشێکی خراپی بۆ خولقاندوون. ئافۆنسۆ بە کۆمەڵگەکانی "سەرچڵەکانی-عەسابەکانی- ماددەی هۆشبەر" وەسفیان ئەکات، کە لەو مافیاگەرییەدا گەنجان پارەیەکی کەم وەرئەگرن بۆ ئەوەی کە پارەدار و پێگەیشتووەکان دەوڵەمەند و زاڵ بن و ئەکادیماییە بێ دەسەلاتەکانیش بەو مەمرە و مەژییە بمێننەوە لەو کاسپییە خراپەدا جگە لە سەردەستەی مافیاکان. ئەوەی بانگەشەی درۆی بەرزیی پلەبەندیی زانکۆ و ئاستی ئەکادیمایی ئەدا بە گوێی خەڵک و دنیادا کە لە راستییدا لەوپەڕی نوشستیی و پڕوپووچییدان، جگە لە شاردنەوەی مافیاگەرێتیی و تاڵانکاریی ئەو دەستگایانە زیاتر هییچی تر نیین کە خۆیان لەسەرووی تاوانەکانەوەن.

 دیارە، بەدەر لەوەی کارەساتەکە ئیشی دەسەڵاتێکە کە داماڵراوە لە هەموو بنجە هزریی و مرۆییەکان کە بەناو هەڵگری بوون و شۆڕشیان پێ کردووە، ئیستە لە ناشریین وێنەی نیو-لیبراڵیی تاڵانکاریی دا هەموو بنەما و بەها نەتەوایەتیی و مرۆڤایەتیی و رەوشتییەکانیان ترنجاندۆتە پارەوە! بیروباوەڕی تاڵانکردن بووە بە پێوەر، پێوەر بۆ رووتانەوە و هەژارکردنی هاوڵاتییەکان، پێوەر بۆ پێوەندیی لەگەڵ دارودەستەکانی خۆی، پێوەرە بۆ پێوەندیی لەگەڵ دەرودراوسێ و هەر لایەک پرسێکی هەبێت لەم هەرێمدا! دۆخ نییە خراپتر و رەشتر لەم تاڵانکاریی و بێ دەنگییەی لێرە رووئەدات!

بەڵام، رەنگە یەکەمین کەسێک لۆمەی لەسەر بێ مامۆستای زانکۆ بێت، یەکەمین چینێک تانەی لەسەر بێت چیینی ئەکادیمییایین ، یەکەمین دەستگایەک پشکی سەرکۆنە و کەمتەرخەمیی بەربکەوێت زانکۆکان بن! ئەوان  وسبوونێکی خامۆشیان کردووە بە خۆیان و بە کەشوهەوای هەرێمەوە و، ئەوان بە نادیارییانەوە چۆڵەوانییەکیان خستۆتەوە لە شەقامی کوردییدا! ئەوەی بەدیی ئەکرێت، بە جۆرێک ترس هەڵچنراوە لە رۆحی مەعریفە و گوتار و دوان لەسەر پرسە هەنووکەیی و گرنگەکانی کۆمەڵگەیەکی ژێر ستەم و هەژاریی و ترس، بێ هیوا ئەبیت لە ئەکادیمیاییەکان و بنکە و سەنتەرەکانی ئەم دامەزراوە کەیل و کەنفتانە بێنە دەم، تەنانەت ناتوانن بە هییچ ئایدۆلۆژیایەکی بیری کۆمۆنیستیی و مارکسیی و نەتەوایەتیی شکستخوردووی دەستی ئەم دەسەڵاتە بدوێن و بێنە وەڵام کە هێشتا لە دنیادا هەر باوێکی ماوە، یان هییچ بەرپرسیارێتییەکی ئایینیی نابینییتەوە لە بیری ئیسلامیی و ئایینییی ئەو هەموو ئەکادیمییاییەی کە شوناسێکی ئیسلامییان هەڵگرتووە بۆ خۆیان، یان باوەڕبوون بە دیموکراسێتیی و مافی مرۆڤ و بەها رەوشتییە بەرزەکان و خەونبیینیان بە وڵاتە پێشکەوتووەکانەوە! ئەوەی ئەبینرێت خاڵییبوونەوەی هزرە لە زۆریینەی ئەم دەستگا هەستیارەوە، ئەو بەرگی هزر و ئایدۆلۆجیایە فڕێدراوە و چوونەتە ژێرباری فەرمانبەریی و ژیانێکی پڕ ستەمکاریی و خۆسەپێنیی خێڵەکییەوە، گۆشەگیرییەکی خۆپەرستانە لە ئارادایە، بۆیە چییتر بەم دۆخ و هەیبەتەوە نابن بە مایەی هیوا، نابن بە سەرمەشقی هییچ گەشە و پێگەیەک بۆ کۆمەڵگەکەیان!

ئەگەر هەر ئاوەها بێدەنگ بن؛ بە داخەوە وەک هەر نەبن و نەبووبن وان!

-------------------------

(١) د. ئالان دۆنۆ، سەردەمی پڕوپووچیی، وەرگێڕانی د رزگار ئاغا، دامەزراوەی جەمال عیرفان، چاپی یەکەم و دووەم، ٢٠٢١، ٢٠٢٢.

(٢)Alexndre Afonso, "How Acdemia Resembes a Drug Gang" SSRN, March 11, 2014

 

نوسەری ئەم وتارە پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتیجیی و توێژیینەوەی زانستیی- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

 سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتیجییە (KJSS)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×