سکرابەکان چەور ئەکرێنەوە

د. رزگار ئاغا
  2023-12-06     427

ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێت لەم هەرێمەدا، وەک ناوئەبرێت بۆشاییەکی سیاسیی کپ لە ئارادایە بەو پێیەی ئۆپۆزسێۆنێکی دەنگ گەورە و گردبوونەوەیەکی تێكچڕاو هەبوونی نییە، جگە لە جووڵانەوەی نەوەی نوی، دیارە ئەویش تەنها کەناڵی ئێن ئار تی دەنگی ئەگوازێتەوە بۆ گوێی شەقام.
بەڵام، تەرزێکی تر لە دەنگ هەڵبڕین و ئۆپۆزسیۆنبوون لێرەو لەوێ ئەبیسرێن، لە قەراغی حیزبێکەوە کە جارێ خۆیان ئاشکرا نەکردووە، یان بێ هییچ ئۆرگان یان رێکخراوێكی سیاسییانەن، لێرەو لەوێ چەند تاکێک خۆیان دەرئەخەن و بانگەشەی هەبوونی دەستە و گرووپێکی ناڕازیی ئەکەن کە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ساز و کۆک ئەکەن. دەرکەوتنی ئەمانە لە رێی ئەو گفتوگۆ و دیمانانەیە کە رۆژانە بۆیان ساز ئەدرێن. ئەوەی تێبیینی ئەکرێت هەمان ئەو دەموچاوانەی کۆنن لەسەر شاشەکان قووت ئەکرێنەوە کە پێشتر نوێنەری حزبە سیاسییەکانی دەسەڵات و دەری دەسەلات و ئەو ئۆپۆزسیۆنانە بوون کە دۆڕاوی ناو خەڵکن. ئەم کەسانە هەرچۆن ئەوسا شرۆڤەکار و رەواجدەری بەرنامەی چەواشەکاریی و درۆی سیاسیی پارتەکانی رۆژگاری خۆیان بوون، ئیستاش راسپێرا بن یان خۆیان مووشەی لایەنێکی تر بکەن، دەستیان کردووەتەوە بە رەخنە لە دۆخەکە و لە حزبەکانی دەسەڵات. بە کورتییەکەی کاتی گەرمکردنی مەیدانەکەیە بە دەمەزەردکردنەوەی چەواشەکردن و فریودانەوەی هاووڵاتیی بە هەندێک دەستپێشخەری و پێشنیاری سواو کە لە رابردوودا تاریکییەکانیان پێ نووتەکتر کرد.

 

   ئەم جۆرە بەرنامانە بەردەوام ئەخرێنە خزمەت چەواشەکارییە و، مەبەستیشە کە ئەم دەموچاو و سیاسەتکارە سکراباتانە بخرێنەوە سەر شاشەکان نەک خەڵکانێکی تر، کە لە پێش ئەمانەوە خوێنەوار و رۆشنبیر و بەهەڵوێست هەبوون کە یان زوو خۆیان کشانەوە یان هەر توخنی ئەو گەمە سیاسییە ناشریینە نەکەوتوون. چونکە بەرنامەکان بە ئەجێندای دەسەڵات کار ئەکەن کە دەستەبژێرەکانیان بۆ راپەراندنی سیاسەتەکانیان، وا دانراون کە هەر ئەو کەسە کەتنکەر و هییچ لەبارانەبووانەی ئەوسا بن و بە تەرزێکی تر بەردەوامیی بەم وێرانکاریی و تاڵانکارییە بدەنەوە. بەو مانایەی کە ئەزانرێت ئەم سکرابانە لە هەر کوێیەک بن یەک دەنگ بۆ ئەو لایەنە ناهێنن کە نوێنەرایەتیی ئەکەن، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە کورسیی دابەشکرا، بدرێت بەمانە کە گوێڕایەڵ و ملکەچن و ئەوە ئەکەن کە پێێان ئەوترێت و دۆخە سەقامگیرە جڵەکراوەکە پێی بەردەوام ئەبێ!


   دیارە ئەم ئێکسپایەرانە، چییتر مایەی ئومێدی خەڵک نیین و، زۆر ئەگەرێکی قورسە ئەنجامێکی دڵخۆشکەری بۆ دەسەڵات تیا بێت کە چەواشەکارییەکەیان سەربگرن و خەڵک دوای ئەمانە بکەون، بەڵام مەبەست لەمە خولقاندنی دۆخێکی درۆی لیستی ناڕازیی و ئۆپۆزسیۆنبوونە بەم سیاسییە ئێکسپایەرانە. بۆیە هەندێک بەرنامەیان دراوەتێ و هەفتانە لە شاشەکانەوە سەرودڵی هاوڵاتیی ئەگرن و چاوپێکەوتنی سەر شاشە و سەر شەقامەکان و ناو هۆڵەکانیان لەگەڵ ئەکرێ و ئامادەیی جەستەییان بۆ ئەکرێت هەتا ببنەوە بەو "لەبریی"یە فشۆڵەی کە لە رابردوودا، ئەم دۆخیان پێ درووستکردوون.


  لەو سەمەرانەی کە بەکاری ئەهێنن و لای هاوڵاتیی زۆر روون و ئاشکارایە، قسە وتن بە پارتیی و یەکێتیی و وەک شکستخواردوو و دز و چەردە و نادادپەروەر ئەیانناسێنن، باس لە رووخانی پارتی و یەکێتیی ئەکەن و یەکێک ئەڵێ ئەوەندەیان نەماوە و، ئەوی تر قەبری قووڵی بۆ هەڵکەندوون!
 

  ئەمانە وڕلێدان نیین! هەتا بڵێین خۆزگەیەکە یان هیوایەکە خەڵکیكی دەربەست و خەمخۆر خەونی پێوە ئەبیینن!

  نەخێر ئەمانە قسەگەلێکی سواون و لە کارخانەی دەسەلاتەوە دێنە دەرەوە و ئەمان ریکلامی بۆ ئەکەن لە شاشەکانەوە! ئەمانە وەک مژدەیەکی درۆی هاووڵاتیی پێ دەستخەڕۆ ئەکەن و زۆر بە گرانیش! سەرنج ئەدەی لەو لاوە، پەرلەمانتارێکی پێشووە یان وەزیر بووە و چوار یان هەشت ساڵ لە شوێن جێی بڕیاردان و دەسەڵات بووە، کەچیی بۆ شییکردنەوەی دۆخ و لێکەوتەکانی بێ ئاگایی خۆی پیشان ئەیات کە دەسەڵات خەریکی چییە؟ ئەڵی نازانم وەفدەکان و سەردانی بەرپرسە گەورە و بچووکەکان بۆ بەغا باسی چیی ئەکەن و بە چییەوە سەرقاڵن/ ئەڵێ نازانم کێشەکانی بەغا و هەولێر لەسەر چییە؟ ئیتر لەم بێ ئاگاییانەی خۆیانەوە وەک هاوڵاتییەکی سەر شەقام بە سەروگوێلاکی دەسەڵاتی هەرێمدا یەنە خوارەوە و بەو قسانەیان (کە رێ پێدراون بە وتنیان) ئەو بێ ئاگایی و لە گوێی گا نووستنانەی ساڵانی پەرلەمانتارێتیی و وەزیریی و راوێژکارییەیان ئەشارنەوە.
یەکێکی تریان، نوقمی دەسەڵات و بەزم و کەیفی خۆیەتی لەم پەڕی دنیا بۆ ئەوپەڕ و ئیستە هەر لەو عەیش نۆشەدا، لە خەوێکی قووڵ راپەڕییوە و داڕشتنی رەخنەی سیاسیی سیاسیی ئەنووسێت و ئاگادارکردنەوەی کوژانەوەی سیستەمی گشتیی ئەدات!
یەکێکی تر لەوانە، بە هەموو ئەقڵیەوە چەند پێشنیارێکی هەیە، ئەڵێ: با ئەم دەسەڵاتە هەرچیان دزیوە عافێتیان بێت بەس بە ئاشتییانە دەسەلات جێ بهێڵن ئەو و برادەرکانی بیگرنە دەست، یان ئەڵێ یان قەینا با ئەو پارەیەی دزییویانە بیهێننەوە و هەر ئەوان دەسەڵاتدار بن بە تەرزێکی ترەوە، یان ئەڵێ قەینا با ئەوان و ئەو لیست و حزبە ئۆپۆزسیۆنانە بچنە هەڵبژاردنەوە بێ تەزوێر هەرکەس بردییەوە بە هێندی ئەو کورستیانەی هێناویەتی بە نۆرە دەسەلات بگرنە دەست، ئەوان با ساڵ و نیوێک دەسەلات بگرنە دەست بە پێی ئەو ٪١٥ یەی کە دەنگی پێ ئەهێنن و ساڵ و نیوێک دەسەلات بگرنە دەست و ئەوی تری بەرەی لیست و ئۆپۆزسیۆن کە ٪٨٥ی میللەتیان لەگەڵە، وازیان لێ بهێنن دواییەکەی تری دەسەڵات بگرنە دەست! ئا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و تەرحە هینی کاتی مناڵییمان نییە کە یارییە جۆراوجۆرەکانمان ئەکرد؟! خۆش ئەوەیە مامۆستایەک ناوێرێ لە هەولێر داوای مووچەکەی بکات، ئەم لە هەولێردا داوای رۆیشتنی دەسەڵات ئەکات! زۆر ئەڕۆن!!

 

    بە راستی کە گوێیان لێ ئەگرێت و ئەو تەرحانەی هەیانە، مایەی پێکەنیین تەنانەت بۆ کەسێکی هاکەزایی!
 

   ئەم ئێکسپایەرانە، سەرباری رێپێدرانیان لە لایەن دەسەڵاتەوە، جارجارە شووڵی لێ هەڵئەکێشن و زیاد ئەڕۆن، بەڵام هەر خزمەت بە کارەکەیان ئەکات و بەخشراون؛ محمد حەسەنێن هەیکەل لە کتێبی "عبدالناصر و العالم”، وەک رۆژنامەنووسی دیاری میسر و کەسی نزیک جەمال عەبولناسر، ئەڵێ؛ سەرۆک عەبدولناسر ئەهاتە شورفەکەی و وتاری ئەدا، ئەگەیشتە سەر ئەمەریکا و پیا ئەهاتە خوارەوە زیاتر لە پێویست، هەر کە تەواو ئەبوو، ئەچووە ژوورەکەی و سکرتێرەکەی بانگ ئەکرد و پیی ئەوت، هەر ئێستە باڵوێزی ئەمەریکا با بێتە ئێرە، ئەویش بانگهێشتی ئەکرد و عەبدولناسر ئەکەوتە پۆزش هێنانەوە بۆ ئەو بارە دەروونییەی کە وای لێ کرد زیادەڕەوییەک لەسەر ئەمەریکا بکات، باڵوێزیش ئەیوت قەینا ئەوە کێشە نییە و بەجێیە!
بۆیە، دەرکەوتنەوەی ئەم ئێکسپایەرانە هەر تاقم و دەستەیەک پێک بهێنن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، کێشەیەکی ئەوتۆ نیین و دوای هەڵبژاردن بە چەند کورسییەکی دیارییکراو، تاقەتی ئەم دەنگە دەنگەیان نامێنێ، بەڵام تێهەڵکێشکردن و تەرهیمکردنی ئەم پارچە ئێکسپایرانە لەناو جەستەی هەر مەکینەیەکی تردا، نەک زەمانەتی زۆر ئیشکردنیان نییە بەڵکو پارچەکانی تریش لە کار ئەخەن و بە کەڵکی چاککردنەوەش نایەن. ئەمانە خۆیان لە جەستەیەکی هەڵوەشێنراو دەرهێنراون و پارچەیەکن بۆ هییچ جەستەیەکی تر ناشێن، مەگەر ئەو حیزبە خۆی لە مناڵدانی حزبێکی ترەوە هاتبێتە دەرەوە، ئەوساکە دەرکەوت خێر لە "وەچەحزبەکە"شدا نەبوو،! ئەم ئاڵوگۆڕی سکراپکارییە هەر خستنەوە سەر رێی ماشێنێکی سەقەتی ئۆپۆزسیۆنبوونە کە ناتوانێت کاری هاوڵاتییەکانی مەیسەر بکات و ، هییچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە پرۆژەی حوکومڕانیی کوردستان ناخاتەوە، کە پرۆژەی هاڵاتییبوون و گرێبەستی کۆمەڵایەتیی حوکومەت و هاوڵاتیی بێت.

 

   کورت و کرمانجیی، ئەو قسە هەڵەج و بەڵەجانەی نەمانی قەوارەی هەرێم و قەوارە لە مەترسییدایە و رووخانی دەسەڵات؛ هەمووی هەڕاجی قسەی بێ مانایە، هەرچۆن کورد لە ١٩٩١ لە نەبووەوە هاتە سەر دەسەڵات، لەلایەن دەرەوە بەبێ پرس و را بە کەس و بە بێ پلان و حیکمەتی هییچ حزبێکی کوردیی، ئاواش گۆڕانکاریی لە سەرتاپای عێراق دا بە هەرێمی کوردستانەوە رووئەدات هەر کات دەرەوە بیەوێت و، ئەگەر هەر کاتێک بێت! بەڵام کەس بە تەمای ئەم نزییکانە نەبێت! نە کەس بە هێزی خۆی ماوەتەوە، نە کەسیش بە هێزی خۆی یەت!
 ئەوە دییوەکەی تری سیاسەتە کە باس و خواسی گۆڕانکاریی و چارەنووسسازی تیایە، نەک ئەم شرۆڤە هاکەزاییە بێ بنەمایانە!

بۆیە لەسەری مەڕۆن، ئەوە بەسەرچووە!

------------------------------------

پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی- وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان

سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجیی (JKSS)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×