ململانێکانی ئەمەریکاو چیین‌و هاوپەیمانەکانیان: لێکەوتەکانی لەسەرهەڵدانی هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنادا

د. رزگار ئاغا
  2020-03-13     486
بەشی یەکەم:
لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و مییدیاو شرۆڤەکاندا

دەستپێک
سەرهەڵدانی هێرشی ڤایرۆسی کۆرۆنا, بۆ سەر هەموو کایەکانی ژیان و, لە سەرتاپای جیهاندا, باس و خواسی گەرمی لەهەموو ئاستە نێودەوڵەتییەکاندا خستۆتەوە .دیارە, مەترسییەکانی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ لە پێشیینەی گرنگییەکانە و, زۆریینەی وێستگەکانی خستۆتە باری کتوپڕیی و نیگەرانییەوە. بەڵام توێژیینەوە و, وتار و, وتە بەرپرسیارێتییەکانی سیاسەتکارەکان و دەوڵەتمەدارە گەورەکان, هاتوونەتە سەر هێڵی لێکدانەوە و, باس لە قەوارە و, بەرتەسک کردنەوەی زیانە چاوەروانکراوەکانی ئەکرێت.

لە نێو ئەم باسە گەرمانەدا, بیردۆزی پییلانTheory of Conspiracy) ) دێتە ناوەوە, کە نیگەرانییەکان, ئەگەر قووڵتری نەکەنەوە, ئەوا بنکۆڵکاریی لە هۆکار وو ئەنجامەکان ئەباتەوە ناو نهێنیی و, لاپەڕە شاراوەکانی سیاسەتیی نێودەوڵەتیی و, بە تایبەت نێو زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و, چیین و, رووسیاوە. پەنجەی تۆمەتبارییەکان, لێرە و لەوێ, بۆ هەریەک لە ئەمەریکا و چیین درێژ ئەکرێـن.

کەوتنەوەی ئەم دەردە کوشندە ئیقلییمگییرە یان جیهانییە, نە لەسەر ئاستی مرۆڤی سادە و, نە لە ئاستی سیاسەتکاران بە ئاسانی رانابورێت, لە ئێستایدا. بەڵام, بێگومان وەک هەموو دەرد و بەڵاکانی تری مێژوو, هۆکار و ئەنجامەکانی لە داهاتوودا, وەک رووداوێک ئەنووسرێتەوە,زۆرجاریش, بێ پەند لێوەرگرتن.

ململانێێ چیین و ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەردوو لا, چەند دەیەیەکە دەستی پێکردووە. دیارە, هەوڵەکانی چیین, بۆ گێرانەوەی ئیمپراتۆریەتی چیین و, باڵادەستکردن و بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێی بییری کۆمۆنیستیی چیینی, بۆ زۆرترین پانتایی سەر زەمیین, لە بەرنامەیەکی دارێژراوی زۆر مەترسییداردا, بە ناوی دەستپێشکەریی "یەک پشتێن و یەک ڕێگا", دەستی بە جێبەجێکردن کردووە. چیین, تا ئێستا, ملیارەها دۆلاری لەم بەرنامەیەیدا خەرج کردووە و, توانییویەتی هەندێک وڵات بخاتە ناو پشتێن و رێگاکەیەوە, لەوانە ئەندەنووسیا و, مالییزیا و, پاکستان و ئیتالیا و لەتەک وڵاتانی ترییشدا خەریکی دانووستانە, وەک ئێران و عێراق (کە بۆندیکیشیان (!) واژۆکردووە).  سەرووڕمان نییە, کە زۆرتریین بەرکەوتەی ئەم نەخۆشییەش, لە چیین و,  وڵاتە بەدەمەوەچووەکانی پشتێن و رێگاکەیەتی.

بۆیە, دەرکەوتنی ئەم هێرشە بایۆلۆجییە, پێ دەچێت کە هاوکات بێت لەتەک, رەوتی هەوڵ و کۆششەکانی چیین, بۆ هێنانە دیی ئەم خەونە گەورەییەی کە هەیەتی. دیارە, ستراتییجێکی تۆکمەش, لە پشت هەڵنانی هەنگاوەکانیەوە دارێژراوە و, بە گەرمیی ئیش ئەکات. دوور نییە, دەستپێشکەریی کردبێت لە گرتنەبەری لە ناکاوانەی, ئەو ستراتییجییەی, کە ئەمەریکا لەم دواییانەدا و, بە نیازە بیگرێتە بەر, لە بەرامبەر نەیارە و دوژمنەکانییدا, وەک لە نوێتریین دۆکیومێنتی سوپای ئەمەریکاییدا, هێڵە گشتییەکانی کورت کراوەتەوە, بە ناوی 
(The Power to Coerce: Countering Adversaries Without Going to War)        کە دەزگای ( Rand Aproyo Center) دەریکردووە و لە نووسینی دەیڤد گۆمپێرت و ھانش بیندیک . بەندە لە سەرەتای ئەم ساڵدا, کردوێتی بەکوردیی و لە چاپ دراوە(١) بە ناونیشانی (دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان, بەگژا چوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ)

ئەم نووسیینەم, بۆ چەند بەشێک  تەرخان کردووە:
لە بەشی یەکەمدا, چوونە ناوەوەیەک بۆ هەواڵ و سەرنجی سەرپێی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی لەسەر ئاستی جیهان و, رووداوەکانی ئەم دواییە, تەرخان ئەکەم, کە بۆ خۆی جەنجاڵییەکی بێ وێنەی ناوەتەوە. بە مانایەکی تر, باس و خواس و لێکدانەوەی سیاسیی و دەرئەنجامیی رووداوی جیهانی, لە سۆنگەی (بییردۆزی پییلان)ەوە, بووە بە خەمیی هەموو تاکێک لە سەرانسەری دونیادا.
 بەشی دووەم, سەبارەت بە دۆخی چیین و هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرکی چیین ( شیی جنپن) و خۆسازدان بۆ بەرنامەیەکی فراوانی جیهانیی, لە "یەک پشتێن و یەک رێگا" بۆ گەڕانەوەی هەژموونی چیینی بەسەر هەموو دونیادا. کورتەیەکیش, دەربارەی دەشتپێشکەریی "یەک پشتێن و یەک رێگا" (One Belt One Road Initative) باس دەکات.
بەشیی سێیەمیش,هەژموونی حوکوومەتە کلیپتۆکراتەکان و, لە بەرامبەریشدا, دەستشلکردن و خەمساردیی ئەمەریکا و بەریتانیا, لە ئاسانکاریی بۆ نەیارەکانیان, کە لێرەوە گورزە کوشندەکان سرەوێنرانە سیستەمی رۆژئاوا.

بەشی یەکەم:
لە کاتێکدا, ڤایرۆسی کۆرۆنا, بوو بە مایەی کوشتنی زیاتر  لە ٣٠٠٠ کەس لە هەموو جیهاندا, لە چیین و, کۆریا و, ئیتالیا و , ئێران و وڵاتانی تریش, حاڵەتی تووشبووانیش زیاترە لە ٨٠.٠٠٠ کەس, تۆمەتبارکردن و بیردۆزی پییلان و راستییە تۆقێنەرەکانیش زۆر بە خێرایی لێرەو لەوێ بڵاە ئەبێـەوە.
 بڵاوبوونەوەی بیردۆزی پییلان و تۆمەتبارکردن وقسەی بێ بنەما زۆر خێراترن لە ڤیرۆسەکە خۆی(٢).
لە کانوونی دووەم دا, تەلەفیزیۆنی رووسیایی "رووسیای ئەمرۆ"ی حوکوومیی, چیرۆکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە نێوان مرۆڤدا پەخش ئەکات, گوایە دوای ئەوەی کە شۆربای " پەرەسێلکە" یان خواردووە.

راگەیاندنە رۆژئاواییەکانیش, ئەم هەواڵەیان وەرگرتووە و, لە ناویاندا, رۆژنامەی "British Daily Mail", کە پێداگیپریی کردووە, لە هاندانی دەسەڵاتی چیینیی بۆ داخستنی " بازاڕی تەڕە" , کە ئەو گیانەوەرە سەیرانەی تیدا ئەفرۆشرێت, وەک پەڕەسێلکە و, کوونەپەپوو و, ئەو جۆرانەی تر, کە ئەفرۆشرێن بۆ خواردن. توێژەرەکان ئەڵێن, تەنانەت ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لەپەرەسێلکەدا بدۆزرێتەوە, ئەوا بەڵگە نییە, کە بتوانرێت بەسەریدا زاڵ ببێت, بەوەی پەڕەسێڵکە سەرچاوەی سەرەکیی ئەم تەنیینەوەیە بێت.

لە دوادوایی مانگی کانوونی دووەم دا, ڤلادیمیر جیرینۆفسکی, سەرکردەی حیزبی لیبراڵی دیموکراسیی راستڕەو, بیردۆزەیەکی خستە ناوانەوە, لە ڕیی ئیستگەیەکی تەلەفیزیۆنییەوە لە رووسیا, گوایە, لەوباوەڕدایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەکێکی ئەمەریکایی زیندووە, یان پییلانێکی گەورەیە لە لایەن کۆمپانیاکانی دەرمانەوە, بۆ دەستکەوتنی پارەی زۆر, ئەوەیشی بۆ زیاد کرد    "دەرمانسازەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئەبنە ملیاردێر".

لە لایەکی تری ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیکەوە, واشنتۆن تایمز, (وتی وتی) ئەم بیردۆزەیەی کە ئەڵێت, ئەم ڤایرۆسە ئەنجامی بەرنامەیەکی چیینیی جەنگی بایۆلۆجییە, خستە بەرچاو. ئەوەی گومانەکەی لە راستیی نزیک کردۆتەوە, ئەوەیە ( ووهان) مەڵبەندی یەکێک لەو پێگە توێژیینەوە بایۆلۆجییە ئاست بەرزانەیە لە چیین دا, بەشێکە لە پرۆژەی هاوبەشی هاوکاریی چیین و فەرەنسا Jean Mérieux P4 لە (لیۆن), بەڵام هییچ بەڵگەیەک نییە, کە پێوەندیی تەنیینەوەی کۆرۆنا و, ئەم تاقییگەیە پشت راست بکاتەوە.

لە لایەکی ترەوە, هەوڵە دژە- ئەمەریکاییەکان, لێرە و لەوێ کەوتنە قسە, بایۆلۆجیزانی رووسیایی بە ناوی (ئیگۆر نیکیولن-Igor Nikulin)؛ ئەندامی پیشووی لێژنەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە چەمی کیمیایی و بایۆلۆجی لە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە, لە چاوپێکەوتنێکی لە تەلەفیزیۆنی (Russia Today -RT) بەشی عەرەبیی(٣), لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠, پێداگییریی ئەکات لەسەر تۆمەتبارکردنی ئەمەریکا, لە گەشەپێدانی ئەم ڤایرۆسە. ئەو دەڵێت: مایەی رێکەوت نییە, ئەو ڤایرۆسە کارییگەرییەکەی لە چیین و, ئێران و, هەندێ دەوڵەتی ئەوروپاییدایە, کە ئەم وڵاتانە, لە کێبڕکێیەکدان لە تەک ئەمەریکادا و, بە پییلانێکی دائەنێـت لە لایەن " حوکوومەتی جیهانییەوە". دەڵێت, ئەمەریکا تاقییگە بایۆلۆجییەکانی, لە وڵاتە سەر سنوورەکانی چیین دا دامەزراندووە و, لەوێوە بڵاوی کردۆتەوە و, پاساوی سیاسیی و ئابووریشی بۆ دیووەتەوە. ئێگۆر, ئەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و, ئەڵێت:  لە ساڵی ١٩٩٩ دا ئەمەریکا, پرۆژەیەکی دەستپێکردووە...سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگییریی ناوەندیی ئەمەریکای ئەو کاتە, جۆرج تینییت و, سەرۆک کلنتۆن, هۆکارەکانی خستنەوەی نەخۆشیی تایبەتییان بەرهەمهێناوە, بەجۆرێک بێت, کە تایبەت بێت بۆ نەژادێکی دیارییکراو و, بە دوور لەوانی تر, بیست ساڵ بەسەر ئەو پرۆژەیەدا تێپەڕ بووە و, ئێستا کاتی ئەزموونە مەیدانییەکەیە جێبەجێی بکەن.

لەسەر ئاستی راگەیاندنی ئەمەریکاشدا, لە بەرنامە هەرە گشتییەکانی خەڵکدا, رەش لیمبۆ (Rush Limbaugh)(٤) بەنامەی چڕی لەسەر ئەم پرسە گرتووە؛ راگەیەندکارێکی ئەمەریکایی بەناوبانگە, چاودێرێکی سیاسیی پارێزگارە, پێشکەشکاری بەرنامەی " The Rush Limbaugh Show" ، ئیستگەکانی رادیۆی  AM و FM لە ساڵی ١٩٨٨وە. باوەری زۆری بە پییلان هەیە لەم نەحۆشییەدا, ئەڵێت, هەورێکی زۆری گومان هەیە لەسەر ئەم بابەتە و, بەو رادەیەش نیگەرانییم کە هەیە لە بارەیەوە, گەیشتە ئەو ئاستەی بڵێت, ئەم ڤایرۆسە پییلانێکی شیووعیی چیینییە, کە بووە بە مایەی هیستریایەکی بە کۆمەڵ و, بە پێی ئەوە دۆناڵاند ترەمپ ی سەرۆکی ئەمەریکا ئەڕووخێنێت. 
لیمبۆ لە بەرنامەکەیدا, بە گوێگرانی ئەڵێت: پێم باشە, شتەکان بخەمەوە ناو پێڕستی خۆیەوە, ئەوەی من ئەیزانم ئەوەیە, کە لە چوار ساڵی پێشوودا رووی داوە, ئەوەیە کە دوژمنانی ترەمپ ویستوویانە بیکەن لە دژیی", وا ئێستا کردوویانە.
هەر لەو بەرنامەیەدا, هانییتیی هاو مییدیای, تێبیینی کەسێک لە توویتەر ئەخوێنێـەوە " هۆکاری ترس لەڤایرۆسی کۆرۆنا, ئەبێتە مایەی حاڵەتێکی قووڵ کە ئەچێتە مێژووەوە, وەک یەکێک لە گەورەتریین پرۆسەکانی فرت و فێڵی یاریی بە ئابوورییەکان و, داپڵۆسیینی ئۆپۆزسیۆنەکان و, ئەستۆگیریی پارەپێدانە بە دا و دەرمان", هاییتیی وتی "کار بەرەو خراپتر ئەچێت, هەتا دۆخەکە باش ئەبێت, بەڵام لە کۆتاییدا, من دڵنیام لەو کەسانەی کە هەمانە"

شرۆڤە سیاسییەکانی ناو رۆژنامەکان:

سایتی (Business Inside) لە نووسیینێکدا (٥) نووسییوویەتی :
حوکوومەتی بەریتانیاش, یەکەیەکی تایبەتی پێکهێناوە, بۆ قەڵاچۆکردنی چەواشەکارییە رووسیاییەکان دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا, دوای ئەوەی ئەمەریکا, مۆسکۆی تۆمەتیار کرد بە بڵاوکردنەوەی زنجییرەیەک لە بیردۆزی پییلان, کە ئامانجی تۆمەتبارکردنی رۆژئاوایە, بۆ تەنیینەوەی ئەم ڤایرۆسە.
بەرپرسەکانی (خانووی سیی-  White House), رووسیایان تۆمەتبارکرد, بە دروستکردنی هەزاران ئەکاونتی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکان, بۆ بڵاوکردنەوەی بییردۆزی پییلان, کە گوایە ئەمەریکا بە هەر رێگەیەک بووبێت, لە پشتی تەنیینەوەی ئەم ڤایرۆسەیە.
پۆستەکان, بانگەشەی وەهایا تێدایە, کە ئەم ڤایرۆسە هەوڵێکی ئەمەریکایە, بۆ " گێڕانی شەڕێکی ئابووریی بۆ سەر چیین" و, ئەمە چەکێکی بایۆلۆجییە و, ئاژانسی هەواڵگییریی ناوەندیی (CIA) دایڕشتووە و, تۆکمەکراوە بۆ " ناردنی نامەیەکی دژە چیین"
راپۆرتی ناوەندی بەشداریی جیهانیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا, ئەوەی درکاند, کە یەکەم پۆستی ئەم هەڵمەتە, لە ناوەڕاستی کانوونی دووەم بوو, کە هەزارانی ئەکاونت بڵاوی کردەوە, دەستنیشان کرا – زانرا کە زۆرێکیان لە رابردوودا, پێوەست بوون بە چالاکی رووسیاییەوە – و هەندێکیان نامەی " نیمچە هاوشێوە" یان, لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

حوکوومەتی بەریتانیاش, رۆژی دووشەمە, رایگەیاند کە یەکەی قەڵاچۆکردنی چەواشەکاریی کۆکردۆتەوە, کە لە تەک کۆمپانیاکانی دەزگاکانی راگەیاندنی کۆمەڵایەتی کار ئەکەن, بۆ مەبەست " دیارییکردن و وەڵامکردن" ی ئەم بیردۆزی پییلانە کە هێزە بیانییەکان بڵاویان کردۆتەوە. ئۆڵیڤەر دودن, وەزیری کاروباری ژمارەیی و, رۆشنبیریی و, راگەیاندن و, وەرزشی بەریتانی, وتی: "بەرگرییکردن لە وڵات, لەو زانیارییە درۆیانە و, دەستتێوەردانی ژمارەیی, لەوپەڕی پێشیینەی کارماندایە", هەروەها ئەڵێت, "وەک بەشێک لە کاری بەردەواممان, بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانە, هەستایین بە پێکهێنانی تیمێکی شارەزا, بۆ دڵنیابوون لە تواناکانی وەڵامکردن بەوپەڕیی چالاکانەوە, هەتا ئەو هەڕەشانەی, کە پەیوەستن بە تەنیینەوەی ڤایرۆسی کۆروناوە, دیاریی بکرێن", زیراتریش لەمە, "ئەم کارە, بەشدارییکردنی رێکخراوانە لە تەک کۆمپانیا و, دەزگاکانی راگەیاندنیش ئەگرێـتەوە, کە لە بارودۆخێکی باشدان, بۆ چاودێرییکردنی دەستتێوەردان و, سنووردانان بۆ بلاوبوونەوەی چەواشەکاریی,  ئێمەش خۆمان دڵنیاتر ئەکەین, کە لە پێشی پێشەوەین بۆ هەر کارێک پێمان بسپێررێت"

کۆنارد دەنکان (Conard Duncan), لە رۆژنامەی ( Independent)ی بەریتانیی, لە نوسینێکی دەربارەی پرۆپاگەندەکانی پییلان(٦), ئەڵێت: یەکێک لە قسە هەڵرژاوەکان, ئەوەیە : 
ئایا بڵ گەیتس, دەستی هەیە لە تەنیینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا؟ باس و خواسەکە, لەسەر قسەکانی  (شفا ئایدۆری) یە, کاندییدی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکایی, لەم دواییەدا, لە نووسیینێکییدا, بانگەشەی ئەوە ئەکات, کە بەرنامەی (  PATENT Coronavirus) ی تایبەت بە دامەزراوەی بیربراییت(Pirbright Institute), کە پێگەکەی لە ناوچەی )سەریی( یە لە لەندەن (Surrey) و پێوەندیی هەیە بە تەنیینەوەی ئەم ڤایرۆسەوە.
ئەمەش لەوێوە سەرچاوە ئەگرێـت, کە بروانامەیەکی داهێنان(PATENT) لە دامەزراوەی(Pirbright) هەیە, کە تایبەتە بە جۆرێکی جیاواز لە ڤایرۆسی کۆرۆنا, ئەمەش ڤایرۆسێکی درمی هەوکردنی بۆریەکانی هەوایە, کە تووشی باڵندەکان ئەبێـت و, دامەزراوەکە لە ئێستادا, ئیش لەسەر ئەو ڤایرۆسە کۆرۆنایانە ناکات کە تووشی مرۆف ئەبن. خەڵکانێک, پێوەندیی تەنیینەوەی ئەم ڤایرۆسەیان بەستۆتەوە بە (بڵ گەیتس) ەوە, کە چەند ملیۆن دۆلارێکی بەخشییووە بەم دامەزراوەیە, بۆ جێبەجێکردنی هەندێ توێژیینەوە.

 بەڵام, تێریزا موگان, وتەبێژی دامەزراوەی (Pirbright), قسەی بۆ تۆڕی میدییایی ئەمەریکایی ( بەز فیید - Buzzfeed) کرد, لەبارەی ئەو پێوەندییەیانەوە:
" ئەو کارەی کە بروانامەی داهێنانەکەی لەسەر وەرگرتووە و, ئاماژەی پێدراوە لە بیردۆزی پییلان دا, تەنها ڤایرۆسی هەوکردنی بۆری هەوای (IBV) ئەگرێتەوەو و بەس, چوار گۆڕانکارمان (parameters) خستۆتە ناو کرۆمۆسۆمی بەرپرسیار, لە جیینە بۆماوەییەکانی ئەوڤایرۆسەوە. ئەمەش,  دەرکەوت, بووە بە مایەی لاوازکردنی ڤایرۆسەکە, کە ئیتر نەبێتە مایەی نەخۆشیی خستنەوە,  هەروەها دەرکەوت, زۆر لەباریشە بۆ ئەوەی ببێـە ڤاکسیینێک ( کوتانێک). بەڵام هەتا ئێستا ئەو بەروپێشەوەچوونە بەدەست نەهاتووە", هەروەها وتی " ئەم داهێنانە, لە سالی ٢٠١٥ دا بووە و, لە لایەن دامودەزگای بڵ گەیتس (Melinda Gates Foundation) ەوە, باربوو نەکراوە"

 دەکان پشتیووانی دامەزراوەکە ئەکات و ئەڵێت, بۆیە, باربووکردنی بڵ گەیتس, بۆ ئەم دامەزراوە توێژیینەوەیە, هیچ بەڵگەیەک نییە , بۆ ئەوەی دامەزراوەی بڵ گەیتس, هییچ شتێک لە بارەی تەنیینەوەی فایرۆسی کۆرۆنا بزانێـت, یان رۆڵێکی هەبووبێت لە هۆکاری تەنیینەوەیدا.

دەنکان, ژاوەژاوێکی تری بیردۆزەی پییلان راڤە ئەکات, کە پرسیاری ئەوەیە, ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرنامەی چەکی بایۆلۆجییەوە هاتووە؟ ئەڵێت: بیردۆزەیەکی تری بێ بنەما, لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتووە, کە پێشنیاری ئەوە ئەکات, ئەم ڤاییرۆسە پێوەندیی بە " بەرنامەی چەکی بایۆلۆجیی" وە هەبێت لە شاری ( ووهان) و, فڕێندرا بێت لە تاقییگەیەکی کەنەداییەوە.
هییچ لەم دوو بانگەشەیە, بنەمای راستتیان نییە بۆ پشتیوانییکردنیان. تاقییگەی کەنەدایی, تاقییگەی نیشتمانیی مایکرۆبایۆلۆجییە لە ( ونیپنگ - Winnipeg ), کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا, کۆمەڵێک لە هەوکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای دۆزیوەتەوە.
ئەوەی پێوەندیی بە بەرنامەی چیینی گریمانکراوەوە هەیە, هەندێک خەڵک, تاقییگەی ووهانی ئاسایشی نیشتمانییان بەستۆتەوە, بە بەرنامەی جەنگیی بایۆلۆجیی چینییەوە. ئەم تاقییگەش, ئیشی لێکۆڵیینەوەیە لە " مەترسییترین هۆکارەکانی نەخۆشیی لە جیهاندا". بەڵام چیین, بەرپەرچی ئەوەی دایەوە, کە بەرنامەی لەم شێوەیەی هەبێـت و, هەبوونی بەستەرێکیش لە نێوان ئەم بەرنامەیە و, تەنیینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا پشت راست نەکراوەتەوە.
هەروەها وتی: ناوەندەکانی جڵەوگیریی نەخۆشیی و, خۆپاراستن لە نەخۆشیی (CDC), بەردەوامن لە پشکنیینی هۆکاری تەنیینەوەکەیدا و, هییچ کام لەم دوو ناوەندە پێشنیاریی ئەوەیان نەکردووە, کە پەیوەندیی بە چەکی بایۆلۆجییەوە هەبێت.

لێکەوتە ئابوورییەکان:
 تەلاڵ ئەبو غەزالە (٧) - شارەزاییەکی ئەردەنییە, کە زیاتر لە پێنج بزنسی گەورەی لە چیین دا هەیە, لە چاوپێکەوتنێکی لە بەرنامەی هەفتانەی "العالم إلی‌ أین؟"ی کەناڵی رووسیای ئەمڕۆدا, ئەو بییرۆکانە بەرپەرچ ئەداتەوە, کە لە سۆنگەی بییردۆزی پییلانەوە ئەکرێت, کە ئەمەریکا لە پشتی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بێت. ئەلێت قەوارەی ئابووریی چیین زیاترە لە سیانزە ترلیۆن دۆلار و, هەر رووداوێکی نەخوازراو بەسەر ئابووریی چیین دا بێت, ئەبێتە کارەسات بۆ هەموو جیهان. زیاتر لە ٢٠٠ کۆمپانیای ئەمەریکایی لە چیین دا کار ئەکەن و لە ناویاندا " ئەپڵ " و " بۆینگ", ومەحاڵە بتوانن دەستبەرداری چیین ببن. بۆیە, زیانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان, زۆر زیاتر ئەبێت لە  زیانە بەرکەوتەکانی چیین,

هەندێ بەڵگەی تر, ئەکاتە هەوێنی بەپەرچدانەوەکەی, کە ئەمەریکا هۆکار بێت. ئەڵێت: ئەو شوێنەی ئەم ڤایرۆسەی تیادا بڵاوبۆتەوە, شەنگەهای و پەکیین نییە, بەڵکو( ووهان), کە ئەمە شارێکی پیشەسازیی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهاندا و , ٨٠%ی سەرمایەی پیشەسازیی چیین لێرەیە, بە کەوتنی ئەم شارە پیشەسازییە, ئەمەریکا یەکەمیین زەرەرمەندی ئەم نەخۆشییەیە, کە بەهۆیەوە, زۆرینیە کۆمپانیاکانی تیایدا لە کار ئەکەون, بەتایبەتی ئەپڵ و  داێت کۆڵا و جێنرەڵ مۆتۆر. تەڵاڵ بەمەشەوە, ناوەستێ, سەرسووڕمانێک پێشان ئەدات, کە چیین, توانییویەتی نەخۆشخانەیەکی ٢٦٠٠ قەرەوێڵەیی لە ١٠ رۆژدا, لە دۆخێکی وەهادا ئامادە بکات! زیاتر لەمەیش, ئەڵێت: ئەو قوربانیانەی لە چیین کەوتۆتەوە, ئەگەر بە ڕێژەیی بۆ دانیشتوانەکەی ئەژماری بکەیت, ئەوا  بە لە ١% دائەنرێت, وەک وڵاتێک کە دانیشتوانی ١٠ ملیۆن کەس بێـت, مەبەستی ئەو ئەوەیە, کە هەموو شوێنێکی تر, زیاتر زەرەرمەندی قوربانیی مرۆڤی دەبێت وەک لە چیین. هەروەها, ئەڵێت, چیین بە راگەیاندن قەبارەی مەترسییەکەی لەسەر وڵاتەکەی, زۆر زیاتر لە پێویست پیشان داوە!

 نووسیینێکی وردتری ئابوورییانە, لە لایەن ئەوستان گوڵسبیی (Austan Goolsbee) - پرۆفیسۆری ئابوورییە لە کۆلییجی کارگێڕیی کار, لە زانکۆی شیکاگۆ, راوێژکاری سەرۆک ئۆباما بووە-, لە رۆژنامەی (Thr New Your Times)ی ئەمەریکایی دا, نووسیوویەتی(٨)؛ قورسیی ئەو زیانانە ئابوورییانە, بە هەندێک وردەکارییەوە شرۆڤە کردووە, کە حوکوومەت و خەڵکی ئەمەریکا بەری ئەکەوێـت, چ لە ئاستی بزنسی بچووک و, چ لە ئاستی کۆمپانیا گەورەکانییدا:
نووسینەکە بە ناونیشانی: بۆچی ڤایرۆسی کۆرۆنا, ئەبێـتە مایەی زیانی ئابووریی زیاتر بۆ ئەمەریکا وەک لە چیین؟
وڵاتانی پێشمکەوتووی ئابووریی, وەک ئەمەریکا, زۆر بە زەحمەت قوتار ئەبن لە کارییگەرییە خراپەکان. بە پێچەوانەوە, تەنیینەوەی ئەم نەخۆشییەو زۆر خراپتر ئەکەوێـتەوە لەسەری, وەک لەوەی لە چیین رووبدات. چونکە خزمەتگوزارییە (روو – بە – روو)ەکان (face-to-face),  کۆمپانیاکان زووترهەرەس پێ دێنێت,کاتێک کڕیار یان خزمەتویستەکانیان, سڵ لەیەک بکەنەوە پێکەوە کۆببنەوە لە شوێنێکدا – زیاتر زاڵ ئەبێت بەسەر ئابووریی ئەو ولاتانەدا, کە (نەختی بژێویی)- دەخلیان- بەرزترە (high-income), کە زۆرزیاترە لەوەی هاوڵاتی چیین هەیەتی. 

دەڵێت: هەر بییرێک لە سەفەر بکەرەوە, ئەگەر خەڵک, ئیتر سەفەر نەکەن! تێکڕای خەڵکی ئەمەریکا, بە ئاساییانە سێ سەفەر ئەکەن لە ساڵێکدا. تاکێکی ئاسایی چیین, نییو گەشت ئەکات بە فڕۆکە. تەنانەت گەشت بە کەشتی, لە ئەمەریکادا ١١.٥ ملیۆن سەرنشیینی هەیە کە ٥.٣% ی دانیشتووانە, بەڵام هەموو چیین ٢.٣ ملیۆن سەرنشیینی هەیە و ٠.١٧%ی دانیشتووانەکەیەتی. ئامادەبوونی چالاکییە وەرزشییەکان, لە ئەمەریکادا دە ئەوەندەی چیین خەرجیی خەڵکی هەیە. ئەگەر, ملیۆن ئەمەریکایی بوەستێنرێت لە خەرجکردنی زیاتر لە ١٩ ملیار دۆڵار لە چوونیان بۆ هۆڵەکانی جوانیی لەش, زۆر زیاترە لەوەی کە ٦.٦ ملیۆن ئەندامی هۆڵەکانی وەزرش لە چیین بوەستێنرێت کە تەنها ٦ ملیتر دۆڵار خەرجییانە. 

ئەمە تەنها سەرەتایە, هەر کەس بیەوێت بچێت بۆ لای پزیشکی ددان, یان بۆ نەخۆشخانە لە کاتی تەنیینەوەی نەخۆشییەکەدا, ئەگەر سەردانەکە پێویست نەبێت؟ خەرجیی حوکوومەتی ئەمەریکایی بۆ تەندرووستی گشتیی ئەگاتە ١٧٥ی ئابووریی ئەمەریکا, زیاتر لە سێ ئەوەندەی ئەو رێژەی لە چیین دا خەرج ئەکرێت.
لە دوای زنجییرەیەک لە مردن و, هەندێ لە هاڕەی گەورە لە بازاڕی پشکەکان و, دابەزیینی تێکرایی دراو, لە لایەن ئەنجوومەنی یەدەکی فیدراڵیی, ئەمانە هۆکاری نیگەرانیین بۆ  دوایین کارییگەریی ئابووریی  فایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکادا.

یەکەم شوێن کە بەدوای ئەم وەڵامانەدا بۆ بگەڕێین, چیینە, ئەو شوێنەی کە فایرۆسەکەی بە شێوەیەکی فراوان لێ تەنییوەتەوە. هەواڵەکان  جەرگ برن لە بارەی مردنەوە, ( کەرنتیینە)کان لە کاردان و, هێڵی ئابووریش جێگیر و تەختە, ئەوەش هەیە, کەیسە نوێیەکان بەرەو دابەزینیش ئەچن.
ئەمە مانای ئەوەیە, تێکڕای ئابووریی بۆ کاریگەریی ڤایرۆسەکە لەسەر تەندرووستی جۆراوجۆرە, هەرچۆن نەخۆشییەکە هەڕەشەی زیاترە بۆ بەتەمەنەکان, ئەوا مەترسیی تایبەتی هەیە لەسەر ئابوورییە تازە پێگەیشتووەکان. ئەمە بۆ کەمکردنەوەی زیانی هەرەمەکیی و, بەرفراوان نییە, کە ئەم نەخۆشییە ئەبێـتە هۆکاری ئیفلییجکردنی زۆرێک لە فەراهەمکردنە ئەڵقەدارە جیهانییەکان (supply global chain). لە کەمبوونەوەی هەر شمەکێکەوە, لە پارچەی یەدەکی ئۆتۆمبییل هەتا دەرمانی جیینیی و, دواکەوتنی بەرهەمهێنانی ئای فۆن  و کۆلای دایەت, ئەوا ئازارێکی بەئێش لە داخستنی کارگە چیینییەکانەوە دێتە ژان. ئەم زیانە کەلەکەبووانە, وا لە بانکە ناوەندییەکان و شیکەرە داراییەکان ئەکەن کە لە مانگەکانی داهاتوودا باس لە سستبوونی ئابووریی جیهانیی بکەن (recession).

شتێکی مەحاڵیش نییە, ئەمەریکا لە خراپتریین کارییگەرییەکانی قوتار ببێت. کۆششە تەندروستی و زانستییە جیهانییەکان, رەنگە بتوانن سنوورێک بۆ  تەنیینەوەی ڤایرۆسەکە دابنێن, یان زۆر بە زوویی ڤاکسین یان چارەسەرێک بدۆزنەوە, رەنگە گەرمیی کەشوهەوا لە هاوییندا, چالاکیی ئەم ڤایرۆسە سست بکات, هەرچۆن بەسەر ئەنفلۆنزا وەرزییەکاندا دێت. رەنگە زۆر شتی تر هەبن, کە رێ لە تەنیینەوەی فراوانی بگرن وەک ئەوەی لە چیین روویدا. بەڵام ئەمە ئەوە ئەگەیەنێـت, هەمان تەنیینەوەکەی چیین, لە ئەمەریکادا, بە ئاسانی ئەبێتە مایەی کارییگەریی خراپی ئابووریی.

وەک پلانێک,هۆکاری زۆر هەن لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا نیین, بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە. بەڵام حوکوومەتی ئۆتۆکراتی چیین ئەتوانێـت, بە زۆر پەناگە تەندرووستییەکان(کەرنتیینە), بەسەپێنێت بەسەر خەڵکەکەیدا, یان فەرمانیان پێ بکات کە هاتوچۆ نەکەن لە شەقامەکاندا, بە جۆرێک دەبێت, کە زۆر ئەستەمە لە ئەمریکادا وێنای بکرێت, کە رێ ئەدات بە چیین بۆ سست کردنی تەنیینەوەی نەخۆشەکە. لە پاڵ ئەوەشدا, رێژەیەکی زۆری کرێکاری ئەمەریکایی, پارەی رۆژانی ئیش نەکردنیان لە کیس ئەچێت و, بە ملیۆنەهاش دەستی ناگات بە سەپەرشتی تەندرووستییدا, بۆیە, خەڵک کەمتر خۆیان پێ ئەگییرێت لە ماڵەوە و, کەمتریش سەرپەرشتی پزیشکیی گونجاویان دەست ئەکەوێـت. زیاتر لە ٤١%ی دانیشتووانی چیین لە دەرەوەی شارەکاندا ئەژیین, واتە زیاتر لە دوو ئەوەندەی دانیشتووانی ئەمەریکا. نەخۆشییەکە, زیاتر لە شارەکاندا ئەتەنێـتەوە.

بەڵام لەودیوی ئەم پرسانەوە, جیاوازیی ینەڕەتیی هەیە لە بونیادی ئابوورییدا: کاتێک خەڵک خۆیان دوور ئەگرن, لە تێکەڵبوونیان لەگەل یەکتریی, بەهۆی نەخۆشییەکەوە, ئەوا ئەو شتانەی دەستی لێ ئەکێشنەوە, زۆر کاریگەریی هەیە بەسەر پیشەسازییە گەورەکانەوە لە ئەمەریکادا. بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی, ئەمەریکا متمانەی گەورەی لەسەر خزمەتگوزارییەکان زیاترە, وەک لەوەی چیین هەیەتی. لە لایەنێکی ترەوە, کشتووکاڵ, ئەو کەرتەیە, کە لە بەهۆی  بەریەک کەوتنی کۆمەڵایەتی رۆژانەی خەڵک, سەرنج نادرێت,  ئەم کەرتە, بە دەیان جار زیاتر بەشدارە , لە ئابووریی چیین دا وەک لە ئەمەریکا.

بۆیە, بۆ هەموو ئەو باس و خواسانەی لە بارەی " حەپەسانی فەراهەمهێنان – supply shock " ی جیهانیی ئەکرێت, کە تەنیینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێتییەوە, ئەوا زۆر ترسی ترمان هەیە, وەک " ترسی داخوازیی", کاتێک کە خەڵکیی هەروا بە سانایی لە ماڵەوە دابنیشێت. رەنگە دەردی ڤایرۆسی کۆرۆنا, لە ئەمریکادا, وەک ئەو "رێبەندان"ی بەفرە وابێـت, کە زۆربەی چالاکی ئابووریی و تێکەڵیی کۆمەڵایەتیی ئەوەستێنێت, هەتا بەفرەکە رائەماڵرێت. بەڵام ڤایرۆسی کۆرۆنا, رەنگە ببێتە " رێبەندانێک" سەرتاپای وڵات بگرێتەوە بۆ چەند مانگێگ.
------------------------------------------------------------------------------------------

(1)   رزگار ئاغا, دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان, بەگژا چوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ, چاپی یەکەم, چاپخانەی کوردستان, ٢٠٢٠.
 (2) Conspiracy theories, accusations and myths spread faster than coronavirus, Jan van der Made, Issued on: 25/02/2020.
https://amp.rfi.fr/en/science-and-technology/20200225-conspiracy-theories-accusations-and-myths-spread-faster-coronavirus?fbclid=IwAR0UyZ8Ygm6frcUorioaAhDG2X52n3AbJOGq_KxfROcSqPp8RG01wK3OV4w
(3) https://www.memri.org/tv/russian-biologist-igor-nikulin-coronavirus-conspiracy-global-government-decimate-population?fbclid=IwAR3Rr_r7 huswkWiIKzlQmKCveLZjSxQjYfjTP4fR6YnKlEPdxOudPF6R2k
(4) As Coronavirus Becomes Global Pandemic, Rush Limbaugh And Sean Hannity Continue To Suspect Conspiracy, Ted Johnson, March 11, 2020.
https://deadline.com/2020/03/coronavirus-rush-limbaugh-sean-hannity-donald-trump-1202880300/
(5) Russia has been accused by the US of spreading conspiracy theories that coronavirus is a biological weapon created by the CIA, and now the UK has set up a unit to fight them.  Adam Payne and Isobel Asher Hamilton Mar 9, 2020,
https://www.businessinsider.com/coronavirus-covid-anti-fake-news-unit-russia-conspiracy-theories-uk-2020-3?amp&fbclid=IwAR35E9AXzSBZ955CSz76lXD811KIq2gQjwHvgX2M8ROdtkEAbDfFgUILFAc
(6) Coronavirus: The truth about the conspiracy theories and fake news on China‌s outbreak, Conrad Duncan, Wednesday 29 January 2020.
https://www.independent.co.uk/infact/coronavirus-outbreak-conspiracy-theories-fake-news-china-wuhan-vaccine-a9308321.html?fbclid=IwAR3Nm8aA5zVshYU9MOLovLcDGnQfRzelLevqibCBaoL9YAXEjL_Mr5CiSec
(7) العالم إلی‌ أین؟
https://arabic.rt.com/prg/program/1077079%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A3%D9%8A%D9%86/
(8)Why the Coronavirus Could Threaten the U.S. Economy Even More Than China‌s, Austan Goolsbee, March 6, 2020
https://www.nytimes.com/2020/03/06/business/coronavirus-economy-us-china.html



د. ڕزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی‌و توێژینەوەی زانستی
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×