خۆپیشاندانەکان دەنگی ناڕەزاییە بەڵام هێشتا شۆڕش نییە!

د. رزگار ئاغا
  2023-11-28     304

 

(١)

مێژوو پێمان دەڵێت کە زۆرێک لەو مافە بنەڕەتییانەی کە ئەمڕۆ هاووڵاتیانی وڵاتانێکی دیموکراسیی هەیانە، دوای چەندین نەوەی پێش خۆیان لە خۆپیشاندانی بەردەوام لە شەقامەکاندا بەدەستیان هێناوە: یەکسانیی بۆ مافە بنەڕەتییەکان و یەکسانیی لە بەردەم یاسا، بیمەکانی ژیان، قەدەغەکردنی کاری مناڵ، هەنگاوەکان بەرەو یەکسانیی رەگەزیی، مافی دەنگدانی ژنان هتد، هەریەک لەمانە بە میژووی جیا جیا لە رێی دەربڕینی گشتییەوە ئەم داواکارییانە بەجێهێنراون. ئەگەر ئازادیی رادەربڕین سیستەمی سکاڵای دیموکراسییەکان بێت، ئەوا مافی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئاشتییانە مێگافۆنێکی دیموکراسییە. بۆیە لەو وڵاتانەدا کە ئەم مافانە دەستەبەر نین، ئەمە ئامرازێکە بۆ چیینی هەژاران و پەراوێزخراوەکان، ئەوانەی کە دەستگەیشتنی ئاسانیان نییە بۆ دەستەکانی دەسەڵات و کاریگەریی لەسەریان، ئەوانە پێویستیان بەوەیە کە بچنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت.

بەداخەوە ئەمانە ئەو مافانەن کە زۆرجار پێشێل ئەکرێن و، لە پێناویدا چەندین حاڵەتی سەرکوتکردنی راستەوخۆی حوکومەتەکانیان بینیوە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا: دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، دەستگیرکردنی نایاسایی، بەکارهێنانی نایاسایی هێز و بڵاوکردنەوەی ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان دژی خۆپیشاندەران و ئامادەبووان. لە هەمان کاتدا بەرهەڵستیی دەوڵەت کە کەمتر دیارە: زیادبوونی تاوانبارکردنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، رەتکردنەوەی مۆڵەتی رێپێوان، سەپاندنی بەربەستی ئیداریی و چەوسانەوە و دادگاییکردنی سەرکردە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپیشاندەران.

ئەو خەڵکانەی کە "تۆماس فرییدمان" - گۆشەنووسی ئەمەریکایی- ناوی "خەڵکی گۆرەپان- The Square Pople"ە ی لێناوە(١), بەردەوام بە شێوەیەکی بەرچاو رژاونەتە سەر شەقامەکان و, فەزایەکی جیایان لە حوکومەت و ئۆپۆزسیۆنە هەبووەکان داگییرکردووە. ئەو پێی وایە؛ ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایی لە وڵاتانی ناوچەکە, لەناو گەرمەی ململانێی سیاسیی دەسەلاتەکان و حیزبە ئوۆپۆزسیۆنەکان، بەبێ هییچ دنەدنەیەکی ئایدۆلۆجیی دیارییکراو, یان کۆمەڵە و لایەنێکی سیاسیی بەرپابووە. بە وتەکانی فریدمان, زیاتر لە گەنجان پێکهاتبوون "ئەوانەی کە خوازیاری ژیانێکی شکۆدارانە و ئازادیی زیاتر بوون. پێوەستبوون بە یەکترییەوە, یان لە رێی کۆبوونەوەی هاوڵاتیی لە شوێنە گشتییەکانەوە یان لە رێی گرووپە تەرخانکراوەکانی ناڕەزاییەوە یان هەردووکیان, کەمتر لە رێی بەرنامەی داڕێژراوی هاوبەش و زیاتر لە رێی ئاراستەی هاوبەش, بۆ مەبەستی کۆبوونەوە و نارەزایەتییەکانیان بوون.

زەینەب تۆفیکچی ( Tufekci)(٢) لەبارەی ئەم گۆڕەپانی گردبوونەوە ناڕەزایەتییانەوە، ئەڵێ: ئەشێت ئەو "گۆڕەپانە" مەیدانی ئازادیی بێـت لە هەر شوێنێک, لە قاهییرە, مەیدانی سەربەخۆیی بێت لە کییف, مەیدانی تەقسیم بێـت لە ئەستنەبووڵ, شەقامی ئەبورقێبە بێت لە تونس, گۆڕەپانی پۆلۆتنایا بێت لە مۆسکۆ, رۆچێڵد بۆڵیڤارد بێـت لە تەل ئەبییب, بویرتادیل سۆڵ بێت لە مەدریید, مەیدانی سینتاگما بێـت لە ئەسیینا یان باخچەی زووکۆتیی بێت لە مانهاتنی خوارەوە, یان گۆڕەپانی ئەڵتامییرا بێت لە کاراکاس, یان هەر شوێنێکی تری کۆبوونەوە بێـت لە هەر کوێیەک. لە زیاتر لە حەفتا وڵات لە سەرانسەری دونیا لە دوو هەزارەکان دا, خەڵک رژانە شوێنە گشتییەکان و, دەنگی ناڕەزایەتییەکانیان بە بەردەوامیی بەرزکردەوە لە رووبەڕووبوونەوەیان بۆ فەرامۆشیی پارتە سیاسییەکان و، بێ متمانەبوونیانە بە میدیای ئەهلیی و حوکومیی. ئەم گرووپانە تاکە تاکە پێشەنگیان هەبووە, زۆرترینییان ئەوانەبوون کە بە فەرمیی لە رێکخراو و پارتەکانیان کشابوونەوە, زیاتر متمانەیان لەسەر ئینتەرنێـت و کۆمەڵە تایبەتمەندەکانی خۆیان بوو بۆ گفتۆگۆ و بریاردان.

 

(٢)

بەڵام رێپێوانەکانی ئێستا لە هەستێکی جیاوازەوەیە. ئەمانە, لە لایەن ئەوانەوە هان نەدراون کە ئەیانەوێت بێنە سەر تەختی دەسەڵات, بەڵکو, نەوەیەکی تازەی یاخیبووی سەردەمن, کە ئەیانەوێت دەستبەرداری تەواوی دام و دەستاگا دەسەڵاتدارەکە بن. نارەزایەتییەکانیان مایەی درووستکردنی تەنگژەیەک بووە, بۆ ناشەرعییەتبوونی دەسەڵاتەکە بەو حوکمرانییەی پیادەی ئەکات و,  داخوازیی بوو بۆ جێبەجێکردنی دیموکراسیی راستەقیینە وەک ئەوەی کە پێویستە ئیش بکات.

بەڵام ئەم بێ متمانەییان بە دام و دەستگا حوکوومییەکان, نەبوو بە خواستی خۆپیشاندەران بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات. راپەریینەکانیان دژ بە حوکومەت نەبوو, بەڵام دژی حوکومڕانیی بوو. بۆیە ئەم گیانە لیبراڵییە, یان تەنانەت "ئەو ئەنارکییەی کە قەوارەکەیشی بچووک بوو", وای لە ۆڵ سترییت کرد کە هاودەنگ بێت لەگەڵ راپەڕیینی میسرییەکان دا دژی موبارەک ی دیکتاتۆر. بەڵام کاتێک ئەم راپەڕیینانە سەرکەوتوو بوون لە جۆشدانی خەڵکیی تر بۆ راپەڕین دژ بە دامەزراوەکان, هاوڵاتیانی وڵاتانی تریشی پڕ کرد لە دژی حوکومەتەکانیان و, لە بەرامبەردا دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانیش, داوا دیموکراسییەکانی خەڵکیان بە هەڕەشەکردن بۆ سیستەمی گشتیی لێکدایەوە. بەڵام دواتر، حوکومەتەکەی سیسیی زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەری لە گۆڕەپانەکانی خۆپیشانداندا کوشت، لە ئێران لە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکەی زۆرێک لە شارەکانی دا، بەوپەڕی توندوتیژانەوە رووبەڕوویان بوونەوە و ئەو هەموو کوژراوەی لێ کەوتەوە.

لە عێراق یشدا، سەرەڕای ئەو سیستەمە دیموکراسییەی کە لەلایەن ئەمریکاوە (بەناو) دامەزراوە، عێراق لە وڵاتانی تری ناوچەکە دەستبەستراوتر نەبووە بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامەکان. لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠١٩، ژمارەیەکی بەردەوام لە خۆپیشاندان بەردەوام بووە، لە پای ئەوەی کە هاوڵاتیان نەیانتوانیوە لەرێی پەرلەمان و دامەزراوەکانی تردا کە بە حساب هەڵبژاردەی خۆیانن، نەیانتوانییوە فشار بخەنە سەر حکومەت و لێپرسیینەوەی بەرپرسیارێتییان لی بکەن،  بۆیە عێراقییەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە وەک هاوڵاتیان گوێیان لێ ناگیرێت و ناچاربوون بە ژمارەی زۆرەوە بچنە گۆڕەپانی (تەحریر)و  سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندانەکان لە ٤ی شوبات لە ٢٠١٩ لە عێراق دەستیپێکرد و لە ڕۆژانی دواتردا بەردەوام بوون بە خۆپیشاندانی بچووک لە بەغدا، موسڵ، بەسرە، ڕومادی و دیوانیە. خۆپیشاندەران ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر شکستی حکومەت لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان- کەمیی کارەبا سکاڵایەکی گەورە بوو- هەروەها بڕینی خۆراکەکان لەو بەشە خۆراکانەی کە حکومەت لە ماوەیەکی زۆر پێش داگیرکردنی ئەمەریکاوە دابەشی ئەکرد. وەڵامەکەی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو خێرا بوو، ترسی لێ نیشت کە دوای چەند هەفتەیەک لە خۆپیشاندان لە شوێنەکانی تریش، ئەگەرچیی رووداوەکان بچووک بوون، بەڵام دوور نییە سەربکێشن بۆ داواکاریی گەورەتر و ببنە هۆی ئاژاوە و، داواکارییە ئابوورییەکان ببن بە ئەجێندای سیاسیی قووڵ و قورس.

لە ۲۱ی شوباتدا، مالیکی خۆی، لە کاتێکدا بەردەوام بوو لە بەڵێندان بۆ چارەسەرکردنی سکاڵاکان بە خێرایی، رایگەیاند کە خۆپیشاندانی زۆر هەیە و لایەنە نەناسراوەکانی تۆمەتبارکرد بە هاندانی نائارامیی بۆ مەرامی دیارینەکراو.  ئەوەبوو رۆژی دواتر، بەعسییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لەپشت خۆپیشاندانەکەی  شاری واست بوون. لە شوێنێکی تردا، ئەو رایگەیاند کە ئەو کەسانەی کە "مەبەستی خراپیان هەیە" سوورن لەسەر تێکشکاندنی پرۆسەی سیاسیی و گەڕاندنەوەی سەردەمی گرووپە چەکدارەکان و دەستێوەردانی بیانیی. کاتێک خۆپیشاندەران لە ٢٥ی شوبات داوای "رۆژی تووڕەیی"یان کرد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر هاتوچۆی ئۆتۆمبێل وەڵامی دایەوە، کە شەوی پێش ئەوەی  خۆپیشاندانەکە دەستی پێکرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا  بوو بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی بەشداربووان و بە ناچارکردنیان بۆ کشانەوە و ماندووکردنیان.

لە هەمووی خراپتر، حوکومەت لەسەر سرووشتی خۆسەپێنیی خۆی، هێزی بەکارهێنا بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان و بە سەدان خۆپیشاندەریان کوشت و هەزارانیان بریندار کرد. کاتێکیش خۆپیشاندەران لە پارێزگای واست ئاگریان لە ماڵی پارێزگار و بەشێک لە باڵەخانەی پارێزگاکە بەردا - گوایە دوای چەند کاتژمێرێک چاوەڕێیان کرد بۆ ئەوەی بەرپرسێک دەرگاکە بکاتەوە و گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت - بەڵام بەرپرسان بە هێزی ئاسایش وەڵامیان دایەوە بە تەقەکردنی راستەوخۆ و بەلایەنی کەمەوە یەک کەسیان کوشت. مالیکی داوای لێکۆڵینەوەی کرد، بەڵام پارێزگار خۆپیشاندەرەکانی بە تاوانبار ناوبرد بەبێ هیچ داواکارییەکی رەوا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هەموو خۆپیشاندانەکانی وەک پلانێکی بەعسیی بۆ درووستکردنی ئاژاوە سەرکۆنە کرد، لە کاتێکدا ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا ئەلقاعیدەی تۆمەتبارک کرد بەوەی لەپشت خۆپیشاندانەکانەوەیە. ئەمە پەرچەکرداری سیاسییانەی هەموو دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانە بۆ لەباربردنی نارەزایەتییەکان و فرۆشتنی نیشتمان پەروەریی و رووسپییکردنەوەی خۆیان لە بەردەم رای نێودەوڵەتییدا.(٣)

لە هەمان ماوەدا خۆپیشاندان لە کوردستانیش دەستی پێکرد، هەرچەندە بە شێوەیەکی زۆر سنووردار بوو بۆ سلێمانی. لە کاتێکدا هەموو خۆپیشاندەران لە عێراق نیگەرانییەکی هاوشێوەیان هەیە، بە تایبەتیی سەبارەت بە سەختی ئابووریی و گەندەڵیی حکومەت، خۆپیشاندانەکان لە هەردوو بەشی وڵاتەکە رێگای جیاوازیان بەدوای خۆیدا هێناوە و وەڵامی جیاوازی حکومەتی لێکەوتەوە. لە راستیدا، تاقیکردنەوەکان تیشک ئەخەنە سەر ئەوەی کە تا چ رادەیەک کوردستان و تەواوی عێراق وەک هاوڵاتیی بە جیا لە یەکتر کار ئەکەن. لە هەر بەشێکی وڵاتەکەدا خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان رێک ئەخەن و هیچ کاریگەرییەکی بەرچاو لە کەسێکەوە بۆ لایەکی تر نییە، تەنانەت لە کوردستان دا، تەنها لە ناوچەی سلێمانیی ئەم ناڕەزایەتییانە سەرهەڵئەدەن و لە هەولێر و دهۆک ئەوە دیار نیە کە بابەتێک بێت بیریان لێ کردبێتەوە.

 

(٣)

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمجارە خولێکی نوێی خۆپیشاندان ئەتوانێت هەڕەشەیەکی راستەقینە بسەلمێنێت بۆ سەر دەسەڵات وەک ئەوەی لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە روویاندا؟

لە ئێستادا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەهێزن. لەبەر بەرژەوەندی ئابووریی و سەرگەرمیی دەسەلاتپارێزیی، سوپا لە هەردوولا بە توندیی پشتیوانیی یەکتریین، کاتێک هەندێک رێوشوێنی سەرسوڕهێنەر ئەگیرێتە بەر لەلایەن دامەزراوەیەکەوە کە لەسەرووی پەرلەمان و دادگای فیدراڵییدا بڕیار ئەدات، ئەبینییت هەرێم و بەغدا، سوورترن لەسەر پێشێلکردنی مافە زەوتکراوەکانی مووچەخۆران و دەستیی دەستیی کۆبوونەوە بێ هوودەکانیان و، لە ماوەی کاژێرێک کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی هەردوولادا بڕیاری سێ (٧٠٠) ملیار قەرز ئەدەن، کە ناوەندەکانی بڕیار لە پەرلەمان و دادگای فیدراڵیی هییچ بنەمایەکی یاسایی و راستییشی تیا نابییننەوە و بەرەو روویشی بوونەتەوە، بەڵام ئەو میکانیزمە گوماناوییە بەرێ کراوە و هییچ دەربەستی فراوانبوون و بەردەومیی خۆپیشاندان و وەستاندنی پرۆسەی خوێندن لە ناوچەی سلێمانی بەهەند وەرنەگیراوە و بابەتیش نییە لایان، هەتا ئەگاتە رێگرییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم بۆ خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد لە هەموو دەروازە سەربازییەکانی کەرکووک و کوڵەجۆ و خانەقین. ئەمە چەندە پاراستنی بەرژەوەندیی هاوبەشە، ئەوەندەش ترسێکی هاوبەشە و، سەر ئەکێشیت بۆ شەڕی دەسەڵات وەک ئەوەی کاتی خۆی عەبادیی لە خۆپیشاندانەکانی تشرین وتی: پاڵنەری ئابووریی ئەجێندای سیاسیی لێ ئەکەوێتەوە.

لە مێژوودا، لە دوورخراوەیی یان لە کونەکانی زیندانەوە، سەرکردەکانی وەک ڤلادیمێر لینین، فیدل کاسترۆ، نێلسۆن ماندێلا و تەنانەت ئایەتوڵا خومەینیش کە بە فڕۆکە هێنرایەو ئێران، بە پاڵەوانی دڵسۆزی گۆڕانکاریی ناسران کە خۆیان وەک سەرکردەی نەتەوەیی دامەزراند لە رێگەی نووسین و وتار و قوربانییەکانیانەوە. لە وڵاتانی عەرەبییدا بە تایبەتیی، سەرۆکە عەرەبییەکان لەکودەتای رێکخراو و ئامادەکراوەوە هاتنە سەر حوکوم و ئەو هەموو چەرمەسەرییەیان بەسەر ولاتەکانیان هێنا، کە لە دوای بەهاری عەرەبیشەوە جێگرەوەیەکی لەوانە باشتریان نەدییەوە. ئەوەی لە عێراقیش دا روویداوە، هەمان تاس و حەمامە. ئەوەی لە سەرکردەی شیعەکاندا ئەبینرێت مایەی ئەوە نیین گۆڕانکاریی سیاسیی درووست بکەن ئەگەرچیی سەدرییەکان زۆرینەی هەڵبژرادنیان بردەوە و کەس نەیزانیی چۆن دەستبەردار بوون و کشانەوە!!

بۆیە چ لە عێراق و چ لە هەرێم، خۆپیشاندانەکان هێشتا سەرکردەیەک یان ڕێکخراوێکیان نییە کە خەڵک متمانەی پێ بکەن، ئەوەی کە جێگرەوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ حوکومڕانیی ئێستا پێشکەش بکات. هاوسەنگیی ئێستای دەسەڵات و بەغداد هێشتا لە بەرژەوەندی دەسەلاتدایە؛ سوپایەکی دڵسۆز و تۆکمەی درووستکردووە بە دژ بەو خۆپیشاندەرانەی کە بە شێوەیەکی لاواز رێکخراون و تەنها بەشێک لە خەڵکی مووچەخۆریش ئەجوڵێنێت. بەڵام شۆڕشەکان، بە سرووشتی خۆیان، چاوەڕواننەکراون. ئەگەر شۆڕشێک لە هەر ئاییندەیەکدا رووبدات، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵات توانیویەتی سوپا و ئاسایش و پۆلیسەکەی بێگانە بکات و دژایەتیی دانیشتوانی پێ بکات. لە هەمان کاتدا، ئەو کاتەیە کە خۆپیشاندەران رێکخراوێکی بەهێزتریان کۆکردەوە و سەرکردایەتییەکی بەهێزتریان دیوەتەوە.

ئەوەی هەتا ئێستا لە ئارادایە، بۆشاییەکی مەترسییدارە و ئەوەیشی کەمێک ترووسکەی تیا بەدیی بکرێت، پەنا بۆ کاراکتەری کۆن و ئێکسپایەر ئەبات ببێت بە قسەکەر و نوێنەری سەر شاشەکان و پێوەی دەربکەوێت! ئەمەش لە باشترین نیازپاکییدا  هۆکارەکەی دەروونییە و "ترسە لە مەترسییکردن" چ لە لایەن خۆیەوە و چ لەو بژاردانەی کە کۆی کردوونەوەتەوە مەترسییکردنیان لە باردا نییە! دیارە لە مێژوودا سیاسەتی بێ مەترسییکردن نە براوە بووە و نە تەمەن درێژ بووە!

بەڵام ئەوەندە هەیە کە سەرنج بدرێت، بەردەوامیی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە لە عیراق یشدا کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ژێربەژێرانەی ئەمەریکا هەبووە لە گۆڕینی عەبادیی و عبدول مەهدیی هەتا کازمیی هێنرایە سەر تەخت بە بێ هییچ ناڕەزایەتییەکی کوتلە سیاسییەکان بە کوردەکانیشەوە، چونکە بریتیی بوو لە فشار و وەک بژاردەی ئەمەریکا ی رابردوو ( بە شێوەیەکی کاتیی) بۆ ئەو چەند ساڵە کە سەپاندنی بەسەر هەموواندا. بۆیە ئاماژەکانی ئەم رووداوانەی دوایی لە عیراق و ناوچەکەش ئەوە ئەبەخشن کە ئەگەر هەیە هەمان دەستتێوەردان رووبداتەوە و، ئەمجارە لەسەرتاسەری عێراق دا وەک یەک گورزە  (پاکێج) گۆڕانکاریی.

1. Thomas L. Friedman, “The Square People, Part 1” and “The Square People, Part 2,” New York Times, 13 and 17 May 2014

(2) Ivan Krastev, “ From Politics To Protest”, Journal of Democracy, October 2014,

      Volume 25, Number 4.

(3). https://www.economist.com/middle-east-and-africa/2019/10/06/iraqs-government-seems-powerless-to-halt-protests-in-its-heartland

-------------------------------

نوسەری ئەم بابەتە پرۆفیسۆری یارییدەدەرە لەدەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی- وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان

سکرتێری نووسینی گۆڤاری کوردستانیی بۆ لێکۆڵیینەوەی ستراتییجییە (JKSS)

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×