هه‌ماهه‌نگی گۆڕان‌و یه‌كێتی هاوسه‌نگی هێز راستده‌كاته‌وه؟‌

عیماد عه‌لی
  2019-06-21     283
به‌دروستبونی گۆڕان‌و ده‌ركه‌وتنی ئۆپۆرزسیۆنی راسته‌قینه‌، دونیایه‌ك كاری ئه‌رێنی له‌فه‌راهه‌مبونی ئازادی فراوانتر  كاریگه‌ریی هاتنه‌ ئارای ره‌خنه‌و رای جیاواز، كوردستانی بۆ قۆناغێكپی تر گواسته‌وه‌، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا لایه‌نی نه‌رێنی له‌تێكچونی هاوسه‌نگی هێز له‌كوردستان بو به‌ده‌رئه‌نجامێكی سروشتی  باڵابونی تاكلایه‌نی‌و زاڵبونی  قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتی تاكه‌ حزبی و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ هاته‌ئاراوه‌. 

ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا زیانی له‌قازانجی زیاتر كه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌تی دوای پاشه‌كشه‌ی گۆڕان‌و قه‌تیسكردنی ململانێكانی له‌زۆنێكی ته‌سكداو به‌جێهێشتنی ساحه‌ی ململانێ و كێبركێی راست‌و دروستی  گشتی كوردستان له‌ نێوان لایه‌نه‌كان و وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر تاكه‌ لایه‌نێك، بۆیه‌ له‌ده‌رئه‌نجامدا كه‌ڵه‌گایی خۆی فه‌رزكردو، جگه‌ له‌لێدان له‌ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كان هیچی لێ سوزنه‌بو. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر كارێك ئامانجێكت نه‌پێكا عه‌یب‌و بێشه‌ نیه‌ گه‌ر هه‌نگاوێك بگه‌رێیته‌وه‌و هه‌ڵه‌كانت راستبكه‌یته‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كه‌ زه‌ره‌ر له‌ دۆخێكی گشتی بدات و ئامانجی تایبه‌تی خۆی نه‌پێكێت و به‌ زیان بشكێته‌وه‌ ده‌بێت رێگه‌ی تر بگیرێته‌به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌مه‌لایه‌نه‌دا بێت. نازانم ئایا یه‌كێتی و گۆڕان دركیان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێكانی ئامانجه‌كانیان به‌ تاك لایه‌نه‌ ناچێته‌ گیرفانی خۆیانه‌وه‌ و به‌ڵكو له‌ دواجاردا زیانی تایبه‌تی خۆیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، یان رق و كینه‌ی كه‌سی و نه‌بونی سنگفراوانی و تۆلیرانس و  گرنگیپێدان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی سه‌ركرده‌ی كورتبین وای كردووه‌ په‌رده‌یه‌ك له‌به‌رچاویان دروستبێت، كه‌چی ئه‌مه‌ به‌ رۆژی روناك نابینن.

ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو لایه‌نه‌ كه‌ ئه‌مرۆ وه‌كو ئه‌مری واقیع له‌سه‌ر ساحه‌ن حساباتێكی وردی كوردانه‌ بكه‌ن و وه‌زعی خۆیان و كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ركردایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆشیان له‌به‌رچاوبگرن و باش لێی تێبگه‌ن، ده‌زانن كه‌ په‌رشوبڵاویان و نه‌بونی هه‌ماهه‌نگی و فراونی ناكۆكیه‌كانیان گه‌وره‌ترین لێدان له‌ هاوسه‌نگی هێز و له‌خۆشیان ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ش كوردستان ده‌خاته‌ ژێر ركێفی تاكره‌وی و له‌ ژێر ره‌حمه‌تی پیلانه‌ هه‌مه‌جۆره‌كانی نێوخۆ و ده‌روه‌دا ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر گۆڕان و یه‌كێتی به‌ چاوێكی زۆر دڵسۆزانه‌ بڕوانن و  به‌عه‌قڵیكی فراوان و له‌به‌رچاوگرتنی دوارۆژی كوردستان به‌ گشتی و به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كان و گرتنه‌به‌ری رێره‌وی سیاسی گشتی  به‌ عه‌قلێكی فروانه‌وه‌ بێت و دوربكه‌ونه‌وه‌ له‌ شته‌بچوكه‌كان، ئه‌وا نزیكبونه‌وه‌یان زیاتر هاوسه‌نگی هێز رێكده‌خات و خۆشیان له‌ قه‌یرانه‌كان و ته‌نگژه‌ به‌رده‌وامه‌ نێوخۆییه‌كانپی خۆشیان رزگار ده‌كات. چۆن؟

ئه‌گه‌ر به‌ حساباتیش بێت وله‌ لایه‌ك  ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ پێوه‌ر دابنرێت و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ مێژووی حزبه‌كان و كاریگه‌ری ره‌هه‌ندی نیشتیمانیانه‌ و مێژووییانه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه‌ به‌خۆیان بخوێننه‌وه‌، بێگومان تاكه‌ هێزیزاڵ نامێنێت و ده‌زانن قه‌باره‌یان چه‌ند له‌یه‌كتر نزیكه‌ و له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش؛ بوغرایی حزبی و كه‌سی له‌ناوده‌چێت و، فكری خۆسه‌پاندن و تاكڕه‌وی كزده‌بێته‌وه‌ و بوار بۆ هه‌نگاونان بۆ له‌ناوبردنی یه‌كترو پاشقول و فێل له‌یه‌ك كردن كه‌م ده‌بێته‌وه‌  و هه‌ر لایه‌نێك له‌سه‌ر ئه‌رزی سیاسی به‌ها و قه‌باره‌ی خۆی ده‌زانێت و ئیستێك له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری ره‌فتاره‌كانیدا ده‌كات و خۆی ده‌ناسێت و فكری له‌ناوبردنی  به‌رامبه‌ر و خۆزاڵكردن ده‌پوكێته‌وه‌.

بۆیه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌ستكردن به‌ ترسناكی بارودۆخی خۆیان بێته‌ئاراوه‌، هه‌وڵی نزیكبونه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی و گۆڕان تا ئاستی زه‌مینه‌خۆشكردن تاوه‌كو یه‌كگرتنی به‌ره‌ییانه‌، خۆی له‌ خۆیدا هه‌نگاوێكی راسته‌قینه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌ و پێویستیه‌كی زه‌روری و چاره‌نوسسازه‌ بۆ دروستوبنی هاوسه‌نگی هێز و نه‌هێشتنی ره‌فتاره‌ سه‌لبیه‌ تاكره‌ویه‌كان و قوتاربونیان له‌ ملكه‌چبون و دواكه‌وته‌یی ئه‌موئه‌و و. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ چونه‌پێشه‌وه‌ و سڕێنه‌وه‌ی بوغز و رق و كینه‌ی زۆرێكی ده‌سترۆیشتووی هه‌ردوولایه‌ن و، ئه‌مه‌ش له‌دواجاردا ده‌بێته‌ هه‌وێنێك بۆ هاوبه‌شی و هاوكاری و خۆرێكخستنه‌وه‌ی گه‌وره‌ی ره‌وتی سیاسی گشتی له‌ كوردستاندا. 
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا بپرسین ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژویی و چاره‌نوسسازانه‌ی كه‌ زۆرێك له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كان ده‌خاته‌لاوه‌، به‌كێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركرده‌ی مێژوویی و بیریاری سیاسی له‌ناو ئه‌م دوو حزبه‌دا هه‌ن كه‌ هه‌ڵه‌كانیان راستبكه‌نه‌وه‌ و ئه‌م واقیعه‌ بگۆڕن؟ 
ئه‌گه‌ر ئه‌م قۆناغه‌ بخوێننه‌وه‌ و وردبینبن و ململانێی بچوكه‌كان فه‌رامۆشبكه‌ن و سه‌ركرده‌ی راستو دروستی راسته‌قینه‌یان هه‌بێت( كه‌ گومانم زۆره‌ هه‌بێت) ده‌توانن هه‌نگاوی باشی بۆ بنێن.  

له‌ پاش دامه‌زراندنی گۆڕان و سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵه‌به‌رده‌وامه‌كانی دواتری وایڵێهات زۆر شت نه‌خوێنێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی تاقیكرده‌وه‌ و له‌ دواجارد بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ ناتوانێت یه‌كێتی په‌راوێز بخات و ببێته‌ لایه‌نێكی سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی كرد و له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورس و به‌ پله‌یه‌كی باش ده‌رنه‌چوو، یه‌كێتیش ئه‌وه‌ی بۆ ساغ بووه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌ند له‌ قه‌یران ده‌ربچێت و له‌ زۆر رووه‌وه‌ خه‌می له‌كۆڵ بێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ گۆران زیانی گه‌وره‌ به‌رخۆی ده‌كه‌وێت و ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی زاڵده‌كات و هێزێكی هاوبیروبۆچون مێژوویی و زاده‌ی هه‌ناوی خۆی به‌ خۆرایی ده‌به‌خشێت به‌ به‌رامه‌به‌ره‌كه‌ی و، له‌م باره‌وه‌ پارتی ده‌زانێت باش یاری تایبه‌تی خۆی بكات، ئه‌گینا ئه‌وه‌نده‌ دۆستی گۆڕان نیه‌ كه‌ ئه‌م هه‌موو به‌خشنده‌ییه‌ی به‌رامبه‌ر بنوێنێت. 

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی و گۆڕان نه‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زعه‌ برۆن و به‌رده‌وامبن كه‌ ته‌نانه‌ت دابڕان له‌ نێوانیاندا زاڵه‌، ته‌نها قازانجی تێدا بێت به‌ر پارتی ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م پۆست و كێكه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ببه‌خشرێت به‌ یه‌كێك له‌م دوولایه‌نه‌. بۆیه‌ قۆناغه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عیراق و كوردستانیش هه‌ستیاره‌ وئه‌وه‌نده‌ به‌رپرسیارێتیش ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی گۆڕان و یه‌كێتی بۆ پرسه‌ ستراتیجه‌كه‌ی كوردستان و دوارۆژه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ لای كه‌س ولایه‌نیتر نیه‌.  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×