لەبارەی‌ خانەنشنیبون‌و موچەی‌ خانەنشینیەوە

د. ئیسماعیل نامیق
  2019-08-02     353
خانەنشینبوون ومووچەی‌ خانەنشینی‌ یەکێکە لەو بابەتانەی‌ قسەی‌ زۆر لەسەر ناڕێکی‌ ونادادیەکانی‌ کراوە، موزایەدەی‌ زۆری‌ پێوە کراوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە دوو ڕێیانی‌ جدیبوون وهەنگاونانی‌ کردارەکی‌، قسەکەرەکان بەجۆرێکی‌ دیکە وبەئاراستەی‌ جیاواز قسەدەکەن، یان لەباشترین حاڵەتدا بێدەنگ دەبن وخۆ ووندەکەن، موزایەدەش دەگۆڕێت بۆ موناقەسە!! جار جاریش منەتبارمان دەکەن بەوەی‌ کە لەهەوڵدان وەکو بەغدادی‌ لێبکەن، وەکو ئەوەی‌ بەغداد پێوەر ونمونەی‌ باڵا بێت!! ئەی‌ بڕیار نەبوو لەجیاتی‌ شمەک وکاڵای‌ بازرگانی‌ ئەزمونی‌ باشی‌ حوکمڕانی‌ وبەڕێوەبردنی‌ هەرێمی‌ کوردستان بۆ بەغداد وپایتەختەکانی‌ دیکەی‌ جیهان هەناردە بکەین؟!!

ناڕێکی‌ ونادادیەکە لەکوێدایە؟ 
رەخنە وناڕەزایەتیەکان سەبارەت بەخانەنشینی‌ دەکرێت لەدوو خاڵدا کورت بکرێنەوە:
1) نادادی‌ لەچۆنێتی‌ خانەنشینکردندا: لەماوەی‌ رابردودا ژمارەیەکی‌ زۆری‌ خەڵک بەناهەق ودور لەیاسا وپێوەرەکان، بەپلە وموچەی‌ جیا جیا خانەنشینکراون، بۆنمونە، کەسەکە یەک رۆژ پێشمەرگە نەبوە، کەچی‌ بەپلەیەکی‌ بەرزی‌ سەربازی‌ ومووچەیەکی‌ باش خانەنشینکراوە، یان جاش وموستەشار بووە، کەچی‌ لەسەر حسابی‌ کەس وکاری‌ شەهیدان وئەنفالکراوان، بەمووچەیەکی‌ زیاتر لەسەردەمی‌ موستەشاریەکەی‌ خانەنشینکراوە، وەکو ئەوەی‌ موستەشاریەکەی‌ بەخزمەت بۆ ئەژمار کرابێت وبەشداریکردنی‌ لەئەنفال وکوشتن وئەزیەتدانی‌ کورد بەئازایەتی‌ دانرابێت ولەبەرامبەریدا سوپاس وپاداشتی‌ پێ درابێت. یاخود کەسەکە یەک کاتژمێر وەزیر، بریکاری‌ وەزیر، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ وپلەکانی‌ تری‌ وەزیفی‌ نەبینیوە، کەچی‌ حیزبەکەی‌ بەیەکێک لەو پلانە خانەنشینی‌ کردووە، یاخود هەر دانەمەزراوەو فەرمانبەر نەبووە، کاری‌ تەنها راپۆرت نوسین وقسەهێنان وبردن بووە لەچوارچێوەی‌ حیزبێکدا، بەڵام بەمووچەیەکی‌ باش خانەنشینکراوە، ئەمانەو چەندین ناڕێکی‌ وبێسەروبەرەیی‌ وگەندەڵی‌ لەبابەتی‌ خانەنشینیدا، بەجۆرێکی‌ وا پریشکی‌ گەندەڵی‌ ئەم بابەتە بەر جەستەی‌ بەشێکی‌ زۆری‌ تاکەکانی‌ کۆمەڵگە کەوتووە.
2) نادادی‌ لەموچەی‌ خانەنشینیدا: بەدەر لەخاڵی‌ یەکەم، ئەوانەی‌ کە فەرمانبەر ومووچەخۆری‌ میری‌ بوون، سەرەڕای‌ ئەوەی‌ لەکاتی‌ خزمەتیاندا نادادی هەیە لەنێوان بڕی‌ مووچەکانیاندا، کەچی‌ لەکاتی‌ خانەنشینبوونیانیشدا ئەم نادادیە زیاتر دەبێت وکەم نابێتەوە، بۆ نمونە، دەکرێت مووچەی‌ پەرلەمانتارێک تەنها بەدوو ساڵ خزمەتەوە شەش ئەوەندە یان زیاتری‌ مووچەی‌ مامۆستایەک بێت بەسی‌ ساڵ یان زیاتری‌ خزمەتەوە!! هەروەها دەگونجێت لەم هەرێمەی‌ ئێمەدا مووچەی‌ خانەنشینی‌ وەزیرێک لەگەڵ ئەو سامانەی‌ کەلەسەردەمی‌ کارەکەیدا کۆیکردۆتەوە لەسامان وداهاتی‌ یەک گەڕەک فەرمانبەر زیاتر بێت!! لەکاتێکدا خزمەتی‌ یەک هەفتەی‌ مامۆستایەک، دەگونجێت لەخزمەتی‌ هەردوو ساڵەکەی‌ پەرلەمانتارەکە بەسودتر وبەبەرهەمتر بێت بۆ کۆمەڵگە، یان خزمەتی‌ یەک کاتژمێری‌ ئەو گەڕەکە فەرمانبەرە، لەهەموو تەمەنی‌ وەزیرەکە بەسودتر بێت بۆ کۆمەڵگە، ئیتر ئەم جیاوازی‌ ونادادیە فاحشە بۆ؟ ئەمانە وچەندین جیاوازی‌ نادادپەروەرانەی‌ دیکە لەنێوان مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ دەوڵەت لەلایەک و ومووچەی‌ خانەنشینی لەلایەکی‌ دیکەوە، بۆ نمونە مووچە ومووچەی‌ خانەنشینی‌ دادوەرەکان جیاوازیەکی‌ زۆری‌ هەیە لەگەڵ فەرمانبەرانی‌ دیکەی‌ دەوڵەت وخانەنشینانی‌ دیکەدا. 
ئەو ناڕێکی‌ ونادادیانەی‌ لەخاڵی‌ دووەمدا باسکران پێداچوونەوەو چارەسەرکردنیان ئاسانترە لەنادادیەکانی‌ خاڵی‌ یەکەم، بەڕای‌ من چارەسەرکردنی‌ ئەمەیان نیمچە ئاستەمە، چونکە ئەو ویستەی‌ کە ئەو دۆخەی‌ دروستکردوە وبەوشێوەیە خەڵکی‌ خانەنشینکردوە، بەهیچ جۆرێک رازی نابێت بەهەڵوەشاندنەوەی‌ ئەوەی‌ کردوێتی‌، ئەوەی‌ بۆتە گرێ کوێرەی‌ چاکسازیکردن لەم دۆخەدا، ئەوەیە بەداخەوە ویستی‌ هێشتنەوەی‌ دۆخەکە وەکو خۆی‌ لەناو زۆربەی‌ حیزبەکاندا زاڵترە وەک لەویستی‌ چاککردنی‌، وە بۆ ئەوەی‌ ئەم گرێ کوێرەیە بەهیچ شێوەیەک نەکرێتەوە، بەردەوام کێشەکانی‌ خاڵی‌ یەکەم گرێدەدرێت بەکێشەکانی‌ خاڵی‌ دووەمەوە، سەرەنجام ئەوانەی‌ خۆیان لەخاڵی‌ دووەمدا سودمەندن وداوای‌ چارەسەرکردنی‌ کێشەکانی‌ خاڵی‌ یەکەم دەکەن، کەبابەتەکە وابەستدەکرێتەوە بەخۆیانەوە، ئیتر بێدەنگ دەبن وخۆیان وەکو قوربانی‌ پیشاندەدەن.

فەلسەفەی‌ خانەنشینبوون
لێرەدا دەکرێت پرسیار لەفەلسەفەی‌ پشت خانەنشینبوون بکەین، بۆچی‌ دەوڵەت هاووڵاتیەکانی‌ خانەنشین دەکات؟ وەڵامی‌ ئەم پرسیارە لەوەدا کورتدەبێتەوە، کەئەو هاووڵاتیە خزمەتێکی‌ زۆری‌ دەوڵەت وکۆمەڵگەکەی‌ کردووە، ئیتر توانای‌ خزمەتکردنی‌ نەماوەو ماندوو بووە، بۆیە پێویستە خۆی‌ خزمەت بکرێت. باشە کەخانەنشین بکرێت ئایا پێویستە ئەو تەمەنەی‌ ماوێتی‌ خۆش بژی‌، یان هەرئەوەندە بەسە ژیانێکی‌ ئاسایی‌ بژی‌؟ ئایا ئاستی‌ ژیانی‌ لەکاتی‌ کارکردنیدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت لەخانەنشینکردنیدا؟ ئایا بڕی‌ مووچەی‌ خانەنشینی‌ لەسەر چ بنەمایەک بۆ دیاری‌ بکرێت، پلەی‌ وزیفی‌، ئاستی‌ خزمەتەکەی‌، یان لەسەر بنەمای‌ ئەو بڕە پارەیەی‌ کە لەکاتی‌ کارکردنیدا وەکو لێبڕینی‌ خانەنشینی‌ داوێتی‌ بەحکومەت؟
وەڵامی‌ ئەم پرسیارانە دیاریدەکەن، خانەنشینان چۆن بژین، ئایا وەکو یەک بژین یان جیاواز بژین وەکو پێش خانەنشینبوونیان؟
بەرتێڕوِانینی‌ من لەدو روانگەوە پێویستە یەکسانی‌ تەواو پەیڕەو بکرێت لەنێوان خانەنشیناندا، ئەوانیش، یەکەم: هەموو خانەنشینان وەکو یەکن لەڕوانگەی‌ ئەوەی‌ هیچیان کار ناکەن و خزمەت ناکەن. دووەم: هەموویان لەکاتی‌ کارکردنیاندا خزمەتیان بەوڵاتەکەیان کردووە، هەریەکەو لەبواری‌ خۆیدا.
لەهەمان کاتدا چەند هۆکارێکیش هەن بۆ نایەکسانی‌ کردن لەنێوان خانەنشیناندا، لەوانە:
1) ئەوانەی‌ خانەنشین دەبن، لەکاتی‌ کارکردندا هەریەکەو بەپێی‌ رێژەی‌ داهاتی‌ بەشداریکردوە، لەسندوقی‌ خانەنشینیدا، مادام ئەو کات جیاوازبوون لەپێداندا، ئێستاش واپێویست دەکات یەکسان نەبن لەوەرگرتندا.
2) لەکاتی‌ کارکردندا لەتوانا وخزمەتکردندا جیاواز بوون، سەرەنجام ئاستی‌ بژێویشیان جیاوازبوو، لەخانەنشینبوونیشدا پێویستە هەمان جیاوازی‌ بمێنێ.
3) ژیانی‌ خانەنشین درێژکراوەی‌ ژیانی‌ کارکردنێتی‌، ئەو ئاستی‌ بژێوییەی‌ کەلەکاتی‌ کارکردنیدا دەقی‌ پێوە گرتووە، رەنگە قورس یان زەحمەت بێت بۆی‌، لەخانەنشینیدا بەتەواوی‌ بگۆڕدرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە، چونکە لەبارێکی‌ وادا خانەنشینکردن لەباتی‌ رێزگرتنی‌ دەبێتە سزادانی‌. 
پێداچوونەوە ودووبارە داڕشتنەوەی‌ مووچەی‌ خانەنشینان، پێویستە لەژێر رۆشنایی‌ وەڵامی‌ ئەو پرسیارانەی‌ سەرەوەو چەندین پرسیاری‌ هاوشێوەدا بێت، ئەم بابەتە پێویستە فەلسەفەیەکی‌ جێگیر ودووربین تەحەکومی‌ پێوەبکات، نەک تەنها بکرێت بە ماددەیەک بۆ بێدەنگکردن یان دەنگ پەیداکردن.

سندوقی‌ خانەنشینی‌
یەکێک لەئەرکەکانی‌ دەوڵەت دروستکردنی‌ سندوقی‌ خانەنشینیە، بۆ کۆکردنەوەو هەڵگرتنی‌ ئەو بڕە پارانەی‌ وەکو لێبڕینی‌ خانەنشینی‌ ودەستەبەری‌ کۆمەڵایەتی‌ لەمووچەخۆران وکرێکارانی‌ وەردەگرێت، لەپارەی‌ ئەم سندوقە مووچەی‌ خانەنشینان دابین دەکرێت ودەستەبەریەکیشە بۆیان، چونکە لەحاڵەتی‌ نەمانی‌ پارە لەگەنجینەی‌ دەوڵەتدا نابێت ژیانی‌ خانەنشینان تێک بچێت، ئەم سندوقەیە دەبێت دڵنیایان بۆ دروست بکات. بەڵام لەکوردستان ئەم سندوقە بونی‌ نیە وحکومەت خۆی‌ لەخانەنشینان جیانەکردۆتەوەو سیاسەتی‌ ( برامان برایی‌ وکیسەمان جیایی‌ ) لەگەڵدا پەیڕەو نەکردون، لەبری‌ ئەوە دروشمی‌ ( هەموومان یەک کیسەمان هەیە لەم ماڵە، ئەویش بەتاڵە ) ی‌ بەرزکردۆتەوە!!

ئایا تەنها فەرمانبەر خانەنشین بکرێت؟
لەهەرێمی‌ کوردستاندا کەباسی‌ خانەنشینی‌ دەکرێت، یەکسەر پەیوەستدەکرێت بەمووچەخۆری‌ حکومەت وئەو خاوەن پیشە سەربەستانەی‌ کەکارەکانیان وابەستە بەفەرمانگەکانی‌ دەوڵەتەوە، وەکو پارێزەر وخاوەن پیشە سەربەستەکانی‌ دیکە، هەروەها دەستەبەری‌ کۆمەڵایەتی‌ ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە یان پێویستە بیانگرێتەوە کەلەکۆمپانیاکانی‌ کەرتی‌ تایبەتدا کاردەکەن وساڵانە بڕێکی‌ دیاریکراو لەکرێکانیان دەبڕدرێت ووەکو دەستەبەری‌ کۆمەڵایەتی‌ دەدرێت بەحکومەت، بەدەر لەوانە هەموو تاقم ودەستە کۆمەڵایەتیەکانی‌ دیکە، وەکو جوتیار ودوکاندار ودەستگێڕی‌ ناوبازاڕ وکرێکار وسایەق تەکسی‌ وچەندانی‌ تر، دەبێت تامردن کاربکەن بۆ ئەوەی‌ بتوانن بەردەوامی‌ بەژیان بدەن، خۆ ئەگەر بەهۆی‌ نەخۆشی‌ یان پیری‌ پەکیان بکەوێ ونەتوانن کاربکەن، ئەوا یان دەبنە بار بەسەر کەس وکاریانەوە، خۆ ئەگەر کەسیش نەبوو لەخۆیان بگرێت، ئەوا دەکەونە سەر جادە ودەبێت سواڵ بکەن. ئەمە واقعێکی‌ خراپە دەبێت بیر لەچارەسەری‌ گونجاو بکرێتەوە بۆی‌.

دەرەنجام
کێشەکانی‌ پەیوەند بەخانەنشینبوون ومووچەی‌ خانەنشینی‌، قسە وهەڵویست وکرداری‌ تاکەکەسی‌ دروستی‌ نەکردوە، بەقسەو هەڵوێست وبڕیاری‌ تاکەکەسیش چاک ناکرێن، چونکە ژینگەیەکی‌ خراپ وبۆگەنی‌ بۆ دروستکراوە، ئەوەی‌ بەتەنیا روی‌ تێبکات، یان خۆشی‌ دەبێتە بەشێک لەو ژینگەیە، یان ئەوەتا لەبەر بۆگەنی‌ وناسازی‌ ژینگەکە هەڵناکات ولێی‌ هەڵدێت، کەئەمەی‌ دواییان رەنگە دەگمەن بێت. کەواتە ئەم بابەتە پێویستی‌ بەدروستکردنی‌ رای‌ گشتیە لەسەری‌، پێویستی‌ بەتێگەیشتن وبڕیاری‌ بەکۆمەڵ هەیە، لەژێر رۆشنایی‌ فەلسەفەیەکی‌ جێگیر ودوربیندا، بەوردی‌ وداپەروەرانە دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک بێت، مافی‌ هەموو تاکێکی‌ کۆمەڵگە لەبەر چاوبگیرێت، توانا وخزمەت ورێژەی‌ بەشداری‌ خانەنشینان لەسندوقی‌ خانەنەنشینی‌ لەکاتی‌ کارکردنیاندا وپێداویستیەکانیان لەکاتی‌ خانەنشینیدا بکرێتە بنەما. تاکە ئامانجیش ئەوەبێت، خانەنشینان لەو تەمەنەی‌ ماویانە خۆشترین ژیانیان بۆ فەراهەمبکرێت.

اسماعیل نامق
2/ 8/ 2019
زۆرترین بینراو
سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ له‌عێراق ده‌كات
جەهەپە: ئاکەپە ئامادەکاری دەکات سەرۆک شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ‌و ئەنقەرەش دوربخاتەوە
فازڵ میرانی: ڕێگە نادەین لەهەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە لەئاسایشی ئێران بکرێت
عومەر بەشیر لەنێو قەفەس دادگا: ٢٥ ملیۆن دۆلارم لە محەمەد بن سەلمان وەرگرتووە
یەکێتی ئەوروپا: لابردنی سێ سەرۆک شارەوانییەکە سه‌لماندی دیموكراسی له‌توركیا بونی نییه‌
كشتوكاڵی سلێمانی سزای‌ 27 فه‌رمانبه‌ری‌ دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پابه‌ندنه‌بوون به‌كاتی ده‌وامكردنه‌وه‌
لاهور شێخ جه‌نگی بۆ مه‌سرور بارزانی: حکومەتێکی پڕلە شکست و نەهامەتی چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان دەکات
سوپای سوریا لە ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیا
هۆشیار زێباری: هەڵەمان كرد لە بڕیاری ریشەكێشكردنی حزبی بەعسدا
وتەبێژی حكومەتی هەرێم: ئامادەین داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بكەین
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×