ئاژانسی MSNBC، ئاژانسی Fox News تێپه‌ڕاند

لوقمان غه‌فور
  2018-12-30     366

دوای هه‌ژده‌ ساڵ له‌پێشه‌نگیی ریزبه‌ندی ئاژانس و تۆڕی میدیایی ئه‌مریكی، مانگی دیسێمبه‌ری 2018، ئاژانسی فۆكس نیوز ئه‌و پێشه‌نگییه‌ی له‌ده‌ستدا و چووه‌ ریزی دووه‌می ئاژانسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا.


به‌پێی میدیای ئه‌مریكی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی مایكرۆسۆفت NBC بۆ ئه‌و روماڵه‌ به‌رده‌وام و چاودێری ورد و ره‌خنانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ بووه‌ سوپرایزێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر بۆ سه‌رۆك تره‌مپ كه‌ هه‌میشه‌ پشتگیری ئاژانسی فۆكس نیوز-ی كردووه‌ و ئه‌وانیش كه‌مترین ره‌خنه‌یان به‌رامبه‌ری هه‌بووه‌.


به‌پێی توێژینه‌وه‌ی نێڵسن میدیا- Nielsen Media Research، بینه‌رانی به‌رنامه‌كانی MSNBC تێكڕا له‌ماوه‌ی ته‌نیا هه‌فته‌یه‌كدا له‌ 6 به‌یانییه‌وه‌ تا 2ی به‌یانی رۆژی دواتر، واته‌ له‌ماوه‌ی 20 سه‌عات له‌شه‌و و ڕۆژێكدا، 1 ملیۆن و 560 هه‌زار بینه‌ر بووه‌، له‌كاتێكدا ژماره‌ی بینه‌ری به‌رنامه‌كانی Fox News ته‌نیا 1 ملێون و 540 هه‌زار بینه‌ر بووه‌.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تره‌وه‌ NBCUniversal ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ رێژه‌ی بینه‌ری تۆڕی CNN به‌ته‌واوی كه‌میكردووه‌ و بۆته‌ 975 هه‌زار بینه‌ر له‌هه‌مان كات و ماوه‌دا.


له‌ساڵی 2000ه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مینجاره‌ ئاژانسی Fox News بچێته‌ ریزبه‌ندی دووه‌م و تۆڕی CNN بچێته‌ ریزبه‌ندی سێیه‌م. به‌ر له‌ساڵی 2000 زۆربه‌ی كات تۆڕی CNN پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی ئاژانسی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌مریكای گرتووه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئاژانسی Fox News له‌پله‌ی سێیه‌می ئه‌و ریزبه‌ندییه‌دا بووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت سه‌رۆك تره‌مپ كاریگه‌ری كردبێته‌ سه‌ر ئاستی بینه‌رانی ئه‌و دوو ئاژانسه‌ كه‌ یه‌كێكیان زۆر دژی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌ ئه‌وی تریشیان هه‌ندێك جار به‌ته‌واوی له‌قازانجی سه‌رۆك تره‌مپ قسه‌ده‌كات.


به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ی نێڵسن میدیا- Nielsen Media Research بینه‌ری به‌رنامه‌كانی ئاژانسی MSNBC له‌نێوان ته‌مه‌نی 25 بۆ 54 ساڵیدان، كه‌ ئه‌مه‌ش گروپێكی باشی بینه‌رانن.
پێموایه‌ هه‌ر ئه‌م گروپه‌ش له‌بینه‌ران كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر گۆڕینی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌ئه‌مریكا له‌هه‌ر كاتێكدا بێت. ئه‌م ئه‌نجامه‌ بۆ ئاژانسی Fox News، ئه‌نجامێكی ناخۆش بوو، چونكه‌ تا هه‌فته‌ی پێشووش چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوون و ئه‌نجامه‌كان وایان ده‌ره‌خست كه‌ له‌پێشه‌نگی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیدا ده‌مێننه‌وه‌. 


به‌پێی توێژینه‌وه‌كه‌ی نێڵسن میدیا- Nielsen Media Research ئاژانسی MSNBC له‌ته‌مه‌نیدا جارێكی دیكه‌، پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یه‌كه‌می گرتووه‌، ئه‌ویش له‌ 6 نۆڤێمبه‌ری 2000 كه‌ جۆرج ده‌بلیو بۆش له‌خولی یه‌كه‌میدا بوو به‌سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×