بڕوانامه‌كه‌م له‌كوردستان به‌جێهێشت

لوقمان غه‌فور
  2019-05-08     462

كاتێك له‌ ئه‌مریكا ده‌ستمكرده‌وه‌ به‌خوێندنی زانكۆ، به‌ بڕوانامه‌ی شه‌شه‌می ئاماده‌ییه‌وه‌ ده‌ستم پێكرد، چونكه‌ ئه‌مریكییه‌كان عاقڵن ئه‌زانن بڕوانامه‌كه‌مان بێكه‌ڵكه‌.
به‌داخه‌وه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر دۆخی كوردستان وه‌ك هه‌ویرێك وایه‌ ئاو زۆربكێشێت، هه‌ر رۆژه‌ی رووداوێكی نوێ ئه‌بیستی كه‌ وایلێهاتووه‌ مه‌له‌فی رووداوه‌ گه‌وره‌كان بیر خه‌ڵك براونه‌ته‌وه‌، هه‌رچۆن قسه‌ده‌كه‌یت یان ئه‌وه‌یه‌ تێناگه‌ن یان ئه‌وه‌تا نایانه‌وێت تێبگه‌ن. كورد-یش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی حزبیخوازه‌، بۆیه‌ زۆربه‌مان به‌ زمانی حزبه‌كه‌مان قسه‌ده‌كه‌ین، له‌ فیتباكی قسه‌كردن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌نگدانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر "سه‌رۆك مه‌رجه‌ بڕوانامه‌ی هه‌بێت یان نا؟!" به‌ته‌واوی زه‌قبۆوه‌.


گریمان هه‌موومان خه‌ڵكی خوێنده‌وارین و بڕوانامه‌مان هه‌یه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌سێكی نه‌خوێنده‌واره‌. كه‌واته‌ با هه‌موومان ئه‌م سه‌رۆكه‌ نه‌خوێنه‌واره‌ بكه‌ین به‌ خوێنه‌وار، هانی بده‌ین بڕوات، وه‌ك من به‌ته‌مه‌نی 48 ساڵیمه‌وه‌، بڕوانامه‌ی به‌كه‌لۆریۆس بهێنێت. به‌ڵام من پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌بینم ئێمه‌ نه‌خوێنه‌وارین و سه‌رۆك خوێنده‌واره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خوێنه‌وار نه‌بوینایه‌ 45 كورسی مان نه‌ده‌به‌خشی به‌حزبه‌كه‌ی سه‌رۆك، ئه‌وه‌ لێگه‌ڕێ له‌و 11 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی كه‌ به‌ناوی كۆتا هه‌ڵیانئه‌سوڕێنێت. كه‌ باس له‌ئێمه‌ ئه‌كه‌م مه‌به‌ستم خه‌ڵكی كوردستانه‌.


ئه‌و پارچه‌ كاغه‌زه‌ی ساڵانه‌ هه‌زاران گه‌نج وه‌ریده‌گرێت و ماشێنێكی نه‌خوێنه‌واری پێده‌خرێته‌ڕێ، ئه‌مڕۆ جه‌ده‌لێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌، له‌كاتێكدا من دڵنیام ئه‌وه‌نده‌ی كینه‌ی حزبایه‌تییه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نییه‌. ئه‌گینا كام ئه‌ندامی حزبی سیاسی هه‌یه‌ درك به‌و راسته‌ نه‌كات بڕوانامه‌ له‌كوردستان چ به‌هایه‌كی هه‌یه‌ تا ئه‌مڕۆ پێوه‌ربێت نه‌ك بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵكو بۆ هه‌ر سه‌رۆكێكی تر. ئه‌و میلله‌ته‌، حزبی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی به‌ عه‌شیره‌ته‌وه‌ شاگه‌شكه‌ ئه‌بێت یه‌ك له‌سه‌ر سه‌د ئه‌وه‌نده‌ به‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌كانییه‌وه‌ شانازی ناكات، كه‌چی ئێستا باسی بڕوانامه‌ بۆ من ده‌كات. لێگه‌ڕێن با ئه‌و لێشاوه‌ ده‌رچووه‌ بێكه‌ڵكه‌ی كه‌ ساڵانه‌ زانكۆكانی كوردستان به‌رهه‌می ده‌هێنن، لێمان نه‌بن به‌ پاڵه‌وان و بڵێن ئێمه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ین.


ره‌خنه‌گر له‌كوردستان وه‌ك به‌رگدرووی لێهاتووه‌، پڕ به‌پڕی حزب ده‌دوێت، سه‌یره‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری یه‌كگرتووه‌، تا دوێنێ ئه‌مینداره‌كه‌ی نه‌ك به‌دوای سه‌رۆكێكی بێ بڕوانامه‌ بوو، به‌ڵكو به‌ دوای سه‌رۆكی هه‌رێمێكه‌وه‌ بوو كه‌ ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچوو بوو، كه‌چی ئه‌مڕۆ ره‌خنه‌ ده‌گرێت "سه‌رۆكی هه‌رێم بڕوانامه‌ی نییه‌". كاكی یه‌كێتی ره‌خنه‌ده‌گرێت سه‌رۆك بڕوانامه‌ی نییه‌ و توانج له‌ گۆڕان ده‌دا، كه‌چی ئه‌ندامی فراكسیۆنه‌كه‌ی دوو مه‌تر ده‌ست به‌رزده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكه‌ نه‌خوێنده‌واره‌كه‌. كاكی گۆڕان شاگه‌شكه‌ بووه‌ كه‌ سیستمه‌كه‌ په‌رله‌مانییه‌، بێئه‌وه‌ی درك به‌وه‌ بكات هه‌ركات پارتی ویستی په‌رله‌مان داده‌خات ئیتر ئه‌وكات ئه‌بێت له‌سه‌رۆكه‌ نه‌خوێنه‌واره‌كه‌ بپاڕێینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌رگای په‌رله‌مان بكاته‌وه‌. ئیتر لێگه‌ڕی له‌و ئه‌ناركییه‌ی (فه‌وزای سیاسی)یه‌ی كه‌ چه‌ندین دوكانی سیاسی وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و حسك و شیوعی دروستكردووه‌. یاخود واز له‌و به‌ناو رۆشنبیره‌ بێلایه‌نانه‌ بێنه‌ شه‌و له‌لای به‌رپرسه‌كانی پارتی ڕۆژ ده‌كه‌نه‌وه‌ و رۆژیش زمانیان ئه‌پژێت بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كێتی و گۆڕان. یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی یه‌كێتی رۆژده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌یانی ده‌میان ئه‌بێت به‌ مقه‌ست له‌ئاست گۆڕان بۆ ره‌خنه‌گرتن.


ئه‌م میلله‌ته‌ هێنده‌ بێهۆشكراوه‌، له‌ئاست كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كاندا كوێر كراوه‌. كه‌چی به‌ئاسانی چاوی شته‌ بچووكه‌كان ئه‌بینێت، چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باس باسی تاڵانی نه‌وت بوو، كه‌چی ئێستا هه‌موو خه‌مه‌كه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بڕوانامه‌ی هه‌بێت یان نا! ئه‌دی ئێستا تاڵانكردنی نه‌وت نه‌ماوه‌ وا هه‌موو لێی بێده‌نگین! ساڵێكی ته‌واو مووچه‌ی مووچه‌خۆر كلك و گوێی كرا، ئێستا كه‌س باسی ئه‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ ناكات، قسه‌ له‌سه‌ر بڕوانامه‌ ئه‌كه‌ن! كه‌سێك نییه‌ له‌خه‌می ئه‌و خاكه‌ نازداره‌دا بێت كه‌ كه‌ركوك-ه‌ و به‌ئاسانی راده‌ستی شیعه‌ی جه‌للاد كرایه‌وه‌. ئه‌رێ ئه‌وه‌ی رووده‌دات چییه‌؟! خه‌ونه‌ یان هه‌ر به‌راست خۆ گێلكردنه‌!


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×