(سی پی جه‌ی) دڵه‌راوكێی توشی رۆژنامه‌نوسان كردووه‌

لوقمان غه‌فور
  2019-12-13     621
(سی پی جه‌ی) دڵه‌راوكێی توشی رۆژنامه‌نوسان كردووه‌
میسرو توركیا خراپترین وڵاتن

رێژه‌ی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسان به‌هۆی (هه‌واڵی ساخته‌وه‌- فه‌یك نیوز) له‌سه‌ره‌تاسه‌ری جیهان و به‌تایبه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا و ئه‌فریكا، رووی له‌زیادبوون كردووه‌.

كۆمیته‌ی پارێزگاری له‌رۆژنامه‌نوسان (CPJ) بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ساڵی 2019،زیاتر لە 45 رۆژنامه‌نووس له‌ جیهاندا به‌هۆی هه‌واڵی فه‌یكه‌وه‌ ده‌ستگیركراون.

له‌كاتێكدا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا زۆرترین هه‌واڵی فه‌یك بڵاوده‌كرێته‌وه‌ به‌ڵام رۆژنامه‌نووسێكی له‌سه‌ر ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، به‌ڵام وڵاتانی وه‌ك میسر و توركیا له‌ لوتكه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌ زۆرترین رۆژنامه‌نووسیان ده‌ستگیركردووه‌.

به‌پێی راپۆرتی ساڵانه‌ی (CPJ) كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ نیویۆركه‌، نائارامه‌ به‌و ده‌ستگیركردنانه‌و پێوایه‌ له‌و رووه‌وه‌، میسر و توركیا له‌ سۆماڵ و كامیرۆن خراپتره‌ بۆ دۆخی رۆژنامه‌نووسی.

له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی جه‌نه‌رال عه‌بدولفتاح ئه‌لسیسی، ئه‌تكردنی رۆژنامه‌نووسان به‌رده‌وامه‌ و 2019 ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌واڵی فه‌یك، 21 رۆژنامه‌نووس زیندانی كراون. پارێزه‌رانی مافی رۆژنامه‌نووسی پێیانوایه‌ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ی بڵاوبونه‌ته‌وه‌، سیسی پێی سه‌رسام نه‌بووه.

توركیا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان رۆژبه‌ڕۆژ رۆژێكی تاریك له‌ رۆژنامه‌نووسی به‌سه‌رده‌بات، به‌هۆی فه‌یك نیوز-ه‌وه‌ 6 رۆژنامه‌نووس خراونه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ له‌2019دا، له‌كاتێكدا 2012 ئه‌م ژماره‌یه‌ سفر بووه‌.

سۆماڵ و كامیرۆن به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت، كه‌ هه‌ردوو وڵات 5 رۆژنامه‌نووس له‌ زینداندان به‌هۆی ئه‌م كه‌یسه‌وه‌. رواندا و ئیران به‌ پله‌ی چواره‌م دێن كه‌ له‌هه‌ردوو وڵات یه‌كی 3 رۆژنامه‌نووس. ئه‌سیوبیا پله‌ی پێنجه‌می گرتووه‌، 2 رۆژنامه‌نووس له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌. هه‌رچی سوریا و چین و نایجیریا و عیراقه‌ له‌ پله‌ی شه‌شه‌مدان و رۆژنامه‌نووسێك له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ له‌ 2019دا خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌.

زه‌ واشنتۆن پۆست پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌كانی (CPJ) نوسیوسه‌تی: "له‌ ساڵی 2012 ته‌نیا یه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌ جیهاندا به‌ تۆمه‌تی فه‌یك نیوز خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌، 2014 ئه‌م ژماره‌یه‌ بووه‌ به‌ 14 و به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی له‌ 2016 بووه‌ به‌ 16، به‌ڵام له‌ 2019 ئه‌م ژماریه‌ به‌هۆی وڵاتانی وه‌ك میسر و توركیا و سۆماڵ و كامیرۆن-ه‌وه‌ بووه‌ به‌ 48 رۆژنامه‌نووس".

رۆژنامه‌ی هێل-ی له‌ ژماره‌ی ئه‌مڕۆ 13ی دیسێمبه‌ر له‌ راپۆرتێكدا كه‌ باسی پێشێلكارییه‌كانی رۆژنامه‌نووسانی له‌ جیهاندا له‌خۆگرتووه‌ نووسیویه‌تی:"ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی ئازادی رۆژنامه‌نووسی به‌ فه‌یك نیوز بكه‌ین، ده‌بێت به‌ سه‌دان رۆژنامه‌نووس له‌ ئه‌مریكا ساڵانه‌ ده‌ستگیركرێت. ئه‌بێت ئاستی تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ران بهێڵینه‌وه‌ تا چه‌ند باوه‌ڕیان به‌ هه‌واڵی راست و دروست هه‌یه‌".

واشنگتۆن پۆست پشتبه‌ستن به‌ (CPJ) پێیوایه‌ له‌ 1992ه‌وه‌ تا 2019 ، 120 رۆژنامه‌نووس ده‌ستگیركراون له‌سه‌ر تۆمه‌تی فه‌یك نیوز، به‌ڵام نیوه‌ی زیاتری ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ 2012 بۆ 2019، كه‌ ئه‌مه‌ رۆژنامه‌نووسان تووشی نیگه‌رانی ده‌كات.

كۆرتنی رادش به‌رێوه‌به‌ری به‌رگری له‌ مافی رۆژنامه‌نووسان له‌(CPJ) پێیوایه‌ ئه‌مه‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ئینته‌رنێت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌ جیهاندا. به‌شێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ئێستا به‌ یاسای میدیای كاغه‌ز-ی ته‌قلیدی لێپێچینه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×