ناتوانم ره‌خنه‌ له‌ "مه‌ریوان وریا قانع" بگرم

لوقمان غه‌فور
  2019-07-05     279
ئێستا له‌نێو نووسه‌ر ئه‌مریكاییه‌كاندا، دیڤد برۆكس-ی ستووننووسی رۆژنامه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمز، لای من باشترین نووسه‌ره‌ له‌ ئه‌مریكا و هه‌فتانه‌ش وتاره‌كه‌ی له‌و رۆژنامه‌یه‌ ئه‌خوێنمه‌وه‌. ره‌نگه‌ نووسه‌ری تری باشیش زۆربن وه‌ك خاتوو كاسلین پاركه‌ر و ئی جه‌ی دیۆن له‌ رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست، یاخود مات مۆرای له‌ وۆڵ ستریت جۆرناڵ. به‌ڵام نووسینی هیچیان وه‌ك دێڤد برۆكس رامناگرێت.

ره‌نگه‌ پرسیار بێت بۆچی سه‌رسامم به‌م نووسه‌ره‌، ئه‌م پیاوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زمانێكی جوانی نووسینی هه‌یه‌، دڵخۆشه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی نووسه‌ره‌كانی تر. كاتێك مانگی پێشوو كتێبه‌ تازه‌كه‌ی "مایكل وۆلف" به‌ناوی "ئابلوقه‌: تره‌مپ له‌ژێر ترس-دا" ده‌رچوو، فرۆشێكی بێوێنه‌ی هه‌بوو. برۆكس وتارێكی له‌سه‌ر نووسی كه‌ گوزارشتی له‌ زیندوێتی خوێنه‌ری كتێب كردو خۆشحاڵ بوو به‌وه‌ی كه‌ دنیای نووسینی سیاسی وه‌ك سیاسییه‌كان تووشی داڕزان و داخزان نه‌بووه‌. 

ئه‌م هه‌سته‌ی برۆكس سه‌رسامی كردم، چونكه‌ له‌وه‌ گه‌یشتم هێشتا زووه‌ ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی له‌و مه‌ودا دڵخۆشییه‌ی هاوڕێ نووسه‌ره‌كانمان تێبگه‌ین. له‌كاتێكدا من زۆرجار پێچه‌وانه‌كه‌ی له‌ نێو خۆرهه‌ڵاتی و به‌تایبه‌تی كورددا ده‌بینم كه‌ هه‌وڵه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ملشكاندن و بڕینی رێگه‌ی یه‌كتر و ئه‌تككردنی وشه‌ی یه‌كتره‌، ئه‌وه‌نده‌ بیركردنه‌وه‌ نییه‌ له‌دنیای داهێنانی نوسین و ستایشی ریتمه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ یاخود هه‌ڵزنان به‌ شێوازی بیركردنه‌وه‌یدا و راڤه‌ و لێدانه‌وه‌ی بیری نووسه‌ر.

له‌ دنیای نووسینی ئێمه‌دا كه‌مجار هه‌ڵده‌كه‌وێت چه‌ند نووسه‌رێك دنیای نووسین كۆیانكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكا ئه‌مه‌ زۆر پێچه‌وانه‌یه‌. ره‌نگه‌ ژینگه‌ی ئه‌مریكا گه‌لێك جودا بێت، به‌ڵام رۆحێكی تریش خۆی ئه‌خزێنێته‌ ناو ئه‌م دنیایه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌توانن یه‌كتر تێپه‌ڕێنن. چونكه‌ دڵنیام ئه‌گه‌ر دیڤد برۆكس بیتوانیایه‌ مایكل وۆلف تێپه‌ڕێنێت له‌نووسیندا ئه‌وه‌ دڵنیام روانینێكی تری ده‌بوو بۆ نووسه‌ر، چونكه‌ كاتێك برۆكس كه‌ كتێبی "شاخی دووه‌م: پشكنین له‌سه‌ر ژیانی ئه‌خلاقی" له‌ مانگی ئه‌پرل-ی 2019 بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌و پڕ فرۆشییه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دی. هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك برێت ستیڤنس-ی هاوڕێی برۆكس ئه‌ڵێت: "كه‌ بیركردنه‌وه‌كانی ئێمه‌ جیاواز بوو ئه‌وا به‌دڵنیایی خوێنه‌ره‌كانیش دابه‌شده‌بن، به‌ڵام هێشتا نه‌مانتوانیوه‌ مایكل وۆلف تێپه‌ڕێنین، ده‌شێت ره‌خنه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی سیاسیانه‌ی بگرین، به‌ڵام ناتوانین كاره‌كه‌ی به‌مه‌زن نه‌گرین". 

ئێستا من بازێك ده‌ده‌م و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ناوجه‌رگه‌ی كوردستانی باشوور و ده‌ڵێم ناتوانم ره‌خنه‌ له‌ مه‌ریوان وریا قانع بگرم، چونكه‌ ناتوانم ئه‌و تێپه‌ڕێنم، خۆ ئه‌گه‌ر رۆژێك من توانیم ئه‌و تێپه‌ڕێنم ئه‌وه‌ به‌دڵنیایی واته‌ له‌و باشتر ئه‌نووسم. من كاتێك سه‌رسام ئه‌بم به‌ دیڤید برۆكس هه‌ر له‌خۆوه‌ نییه‌، تێكسته‌كانی بۆنی تێكسته‌كانی مه‌ریوان قانع-ی لێدێت، هه‌سته‌كه‌م مه‌ریوان قانع-ه‌و به‌ ئینگلیزی ئه‌نووسێت. 

جا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ش راستن كه‌ زۆرجار ره‌خنه‌ده‌گرن له‌كاری ئه‌وانی دیكه‌ بێئه‌وه‌ی خۆیان توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێت به‌قه‌د به‌رامبه‌ره‌كه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن. له‌كاتێكدا كه‌س ده‌ستی و قاچی هیچ یه‌كێكمانی نه‌به‌ستۆته‌وه‌ تا چوارپه‌لمان نه‌جوڵێنین و هه‌نگاو نه‌نێین. من نایشارمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌یانی من بتوانم وه‌ك برۆكس به‌ ئینگلیزی بنووسم، بێدوودڵی وه‌ك چۆن چه‌ندین جار پرسیاری زمانه‌وانیم لێكردووه‌ ئه‌وكات كێبڕكێی نووسینی سیۆسیۆلۆجی- سیاسی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌خلاقم رێگه‌منادا به‌ كۆمێنت بیشكێنم. 

من زمانم وا هاته‌گۆ له‌سه‌رئه‌نجامدا بڵێم: كه‌س ده‌ستی كه‌سی نه‌گرتووه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك وتارێكی به‌ زمانی فه‌ره‌نسی له‌سه‌ر كورد نووسی و سایتێكی فه‌ره‌نسی هه‌ژاند. من ده‌ستی كه‌سم نه‌گرتووه‌ كه‌سێك بتوانێت وتارێك بنووسێت و ببێت به‌ بۆمبێك له‌ میدیای كوردیدا كه‌ من دركم پێنه‌كردبێت وه‌ك ئه‌وه‌ی من هه‌فته‌ی پێشوو كردم. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بیربكه‌ینه‌وه‌ و نووسینی ده‌ره‌وه‌ی دنیای كوردستان بخوێنینه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت لاسایشی بكه‌ینه‌وه‌، دیوی فراوانتر و داهێنانی جوانتر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ دیوه‌ كلاسیكییه‌كه‌ی دنیای سه‌رده‌می رۆژنامه‌ی هاوكاری و گۆڤاری ره‌نگین-ی سه‌رده‌می به‌عس و نووسینی نه‌وه‌ده‌كانی دوای راپه‌ڕین بیربكه‌ینه‌وه‌، ئه‌بێت هه‌ر سه‌رقاڵ بین به‌ نووسینی داڕشتنه‌وه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×