گوێ له‌فشه‌ی دوای ده‌ركردن، مه‌گرن

لوقمان غه‌فور
  2019-05-03     710
ساڵی 1994 له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین بوم وانه‌یه‌كمان هه‌بو به‌ناوی "ده‌روونزانی منداڵ‌و هه‌رزه‌كار"، وانه‌كه‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی بو، مامۆستای وانه‌كه‌ش مامۆستایه‌كی زیره‌ك بو كه‌ مامۆستا یوسف حه‌مه‌ساڵح بوو، هه‌ڵه‌نه‌بم ده‌مێك ساڵه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌.

له‌ به‌شێكی پرۆگرامی ئه‌و ساڵه‌دا رۆژێكیان باسی ئه‌خلاقی كرد له‌منداڵ و هه‌رزه‌كار-دا، به‌پێی تیۆره‌كه‌ی كێپله‌ر كه‌ ئه‌خلاق- ی پۆلێن كردووه‌، منداڵ له‌ قۆناغی سێییه‌می ئه‌خلاقدایه‌، وته‌یه‌كی جوانی مامۆستا یوسف-م له‌یادم ماوه‌ كه‌ زۆر گڵبانه‌ (عه‌فویانه‌) وتی: "به‌شی زۆری كورد له‌قۆناغی سێیه‌می ئه‌خلاقدایه‌ و بڕۆن خۆتان شیكه‌نه‌وه‌ بزانن وایه‌ یان نا."

بۆم ده‌ركه‌وت و شیمكرده‌وه‌، راسته‌و زۆریش راسته‌ به‌شی زۆربه‌مان تا ئه‌مساته‌ له‌قۆناغی سێیه‌می ئه‌خلاقداین. قۆناغی سێیه‌می ئه‌خلاق، ئه‌و قۆناغه‌یه‌ كه‌ منداڵ هه‌رچییه‌كی بۆ ده‌كه‌یت به‌دڵیه‌تی، به‌ڵام لەساتێک لەساتەکاندا له‌گه‌ڵ شتێكت لێسه‌ند یان بۆت نه‌كرد، راسته‌وخۆ سكاڵا ده‌ره‌بڕێت و ئه‌ڵێ چیت بۆكردووم، یان به‌كڕوزانه‌وه‌وه‌ هه‌موو گله‌ییه‌كانی رابردووه‌ ده‌ڵێته‌وه‌.

نابێت ئینسانی پێگه‌یشتوو و هه‌راش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌، چونكه‌ كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ بێشك یان گرێیه‌كی ده‌روونی هه‌یه‌، یان له‌رووی سایكۆلۆژییه‌وه‌ رێوییه‌كی برینداره‌. ئه‌م ره‌فتاره‌ خراپه‌ له‌ ئه‌ندامانی ئه‌حزابی كوردیدا له‌دوای ساڵی 1996ه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ندووه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م ساڵانه‌ی دوایدا زۆر ترسناك بووه‌، كاتێك ئه‌ندامی حزبێك له‌حزبه‌كه‌ی ده‌رده‌كرێت یاخود مه‌رج نییه‌ ده‌ریشكرێت، یان به‌هه‌ر هۆیه‌ك له‌ هۆیه‌كان حزبه‌كه‌ به‌جێدێڵێت، ده‌ست ده‌كات به‌كوڕوزانه‌وه‌و قسه‌و توانج و قسه‌ له‌هاوڕێ دێرینه‌كانی یاخود هه‌ندێك جار وا خۆی نیشانده‌دات كه‌ ئه‌م كه‌سێكی به‌یده‌ست بووه‌، هه‌رچی ئه‌م وتوویه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزب بووه‌. زۆرجار به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خۆی ئه‌كات به‌پاڵه‌وان ئه‌لێت"چیان بۆكردووم! هه‌ر حزب قه‌رزاری منه‌."

ئه‌م دیارده‌ چه‌وت و به‌ڵایه‌ له‌ ره‌فتاری ئه‌ندامی حزبی كوردی نابێته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر راستگۆیانه‌ شیكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ بكه‌ین، ئه‌ندامی حزبی كوردی ئه‌گه‌ر راستگۆ بێت، ئه‌بێت ئه‌وكاته‌ی له‌ناو حزبه‌كه‌دایه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕێت به‌رامبه‌ر هه‌ر دیارده‌یه‌كی ناشاز، نه‌ك كه‌ ده‌ركرا یان ماڵئاوایی كرد قسه‌ بكات. كه‌ من هاتمه‌ ئه‌مریكا، هاورێیه‌كی ئه‌مریكایی پێیوتم، كه‌ چویته‌ هه‌ر ده‌زگایه‌ك كارت كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژه‌ی كۆتایی به‌كاره‌كه‌ت هێناو و چویته‌ ماڵه‌وه‌، خۆت داماڵه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بینیوته‌ له‌ماوه‌ی كاركردن له‌ناو ئه‌و ده‌زگا و ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و رۆژه‌ كارت لێكردووه‌، ئه‌مه‌ كه‌ڵچه‌رێكه‌ ژیانی ئه‌خلاقی كاركردنی ئێمه‌ی پێوه‌گرێدراوه‌. ئه‌گه‌ر هه‌قیقه‌تیشمان بوێت ئه‌بێت وابێت. 

ئه‌م ڕەفتارە كه‌ قۆناغی سێیه‌می ئه‌خلاقی منداڵه‌، گوێگرتن لێی ئه‌سته‌مه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌ندامه‌ حزبییه‌ كه‌مێك ئه‌خلاقی راستگۆیی تێدا بێت، باسی هاوڕێكانی پێشووی ناخاته‌ سه‌ر رووی په‌ڕاوی رۆژنامه‌ و له‌میدیادا بانگه‌شه‌ی بۆ ناكات. من پێموایه‌ ئینسان رێژه‌ی نه‌گۆڕ نییه‌، فكر و ئایدیای هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌كات، دەشێت من ئەمڕۆ ناکۆک بم لەگەڵ حزبەکەم، بەڵام ئەوەی لامە بە چاک و خراپەوە لەبیرەوەریمدا ئەیپارێزم یان ئەینوسمەوە و ئەیپارێزم و چەند ساڵێک دواتر وەک بەشێک لەبیرەوەرییەکانم باسی دەکەم، به‌ڵام لە پەرچەکرداردا قسەکردن، چەند ڕاستیش بێت باوەڕکردن پێی ئەستەمە، بەشێکی زۆر لەدەرەوەی تێڕوانینی من ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت کە بۆچی خه‌ڵكی نێو ئه‌و حزبه‌ی كاری له‌گه‌ڵ كردووه‌، ناپه‌سه‌ندن و ئەم پیاوراست و قاره‌مانە؟. 

من نامه‌وێت لێره‌دا باسی خۆم بكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ په‌رچه‌كردار بوایه‌، ئه‌بوو توندترین هه‌ڵوێستم به‌رامبه‌ر ھەندێک برادەر لەرۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ هه‌بوایه‌، به‌ڵام تا ئه‌مساته‌ یه‌كێك له‌ ده‌می منی نه‌بیستووه‌ نهێنییه‌ك یان به‌ جۆرێك قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌زگای راگه‌یاندن و هاورێكانم له‌كوردستانی نوێ بكه‌م، له‌كاتێكدا من ئاره‌زوومه‌ندانه‌ هاتمه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ناو ئه‌و بازنه‌ی كاركردنه‌ی كه‌ قه‌ناعه‌تم پێی نه‌بوو.ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ منیش كاری كردبێت ئه‌زانێت له‌كاتی كاركردندا قسه‌ی خۆمم كردووه‌، گله‌ی خۆمم به‌ده‌نگی به‌رز وتووه‌ و سڵم نه‌كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ر شتێك به‌ دڵم نه‌بوبێت، به‌ڵام تا ئه‌مساته‌ش ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان كارمكردوون بۆ یه‌ك سات هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانم نه‌خستۆته‌ سه‌ر كاغه‌ز، ته‌نانه‌ت مه‌گه‌ر زۆرجار گه‌یشتبێته‌ دۆخێك بۆ كه‌سێكم رونكردبێته‌وه‌ كه‌ چی رویداوه‌!

 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كادره‌ی كه‌مێك راستگۆ بێت له‌گه‌ڵ خۆی، ئه‌بێت ئه‌وكاته‌ی له‌حزبدایه‌ ملكه‌چ نه‌كات بۆ هه‌موو داوایه‌كی حزبی، نەک که‌ ماڵئاواییكرد له‌حزب بكه‌وێته‌ ته‌خوینكردنی حزبه‌كه‌ی، بیر له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و كه‌وتنی حزبه‌كه‌ی بکاتەوە. جا هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌مانباته‌ سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ی كه‌ هه‌رگیز نابێت گوێ له‌ فشه‌ی كادری حزبی بگیرێت دوای ده‌ركردن یاخود وازهێنان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كادره‌ یان ئه‌و كه‌سه‌ قه‌ناعه‌تی به‌و حزبه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ق بووه‌ چۆن ئه‌و زه‌مه‌نه‌ درێژه‌ له‌ناو حزبه‌كه‌دا كاری كردووه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×