کورد دەبێت لەم دۆخەدا چۆن مامەڵە لەگه‌ڵ ئەمریکا بکات؟!

شه‌ریف عەلی
  2020-01-24     1556
سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم: تا شیعەکان دژی ئەمریکا بن، لەسودی کورد دایەو، عێراق زیاترو خێراتر ڕووەو دابەشبوون دەچێت!
ئەم دەرفەتانەی بۆ کورد ھەڵ دەکەون، ھیچ نەتەوەیەک لەمێژودا نەبووە کە وەک کورد لەدەستی دابن!
ـ
ئەمریکا ئێستا زۆر پێویستی بە کارتی کوردە لە بەرانبەر شیعەدا. چونکە ھەرێمی کوردستان ھەم ھەرێمێکی سەقامگیرە، ھەمیش پێکھاتەیەکی سەرەکی ناو دەوڵەتی عێراقە و، هه‌م له‌ قه‌باره‌ گشتییه‌كه‌شی دا كورد ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی هاوكێشه‌كانی ناو (ئێران، توركیا، سوریا و عێراق)یشه‌.
ـ
سەرکردایەتی سیاسیی کورد له‌ هه‌رێم دەبێت ڕێکەوتنی نھێنیی لەگەل ئەمریکا دا بکات! نابێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد پەیوەندییەکانی خۆی لەگەل ئەمریکا دا تەنیا لە سوپاسکردن و ستایشکردنی ئەمریکا، کورت بکاتەوە!
ـ
بۆ نموونه‌: ھیچ سەرکردەیەکی کورد لە مێژوودا نەبووە کە ھێندەی مەلا مستەفا پەیوەندی نزیکی لەگەل ئەمریکا و ئیسرائیل دا ھەبووبێت. بە تێفکرینی خۆم ئەوە بە یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی مەلا مستەفا دەزانم!
هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ی نهێنیی (سی-ئای-ئه‌ی) ئه‌مریكا و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی به‌ریتانیا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ چڕه‌كانی مه‌لا مسته‌فا و ئه‌مریكا-ئیسرائیل، ده‌كه‌ن.

بەڵام نەبوونی ڕێکەوتنی نھێنیی لە نێوان مەلا مستەفا و ئەمریکادا وایکرد کە دواتر ئەمریکا بێ باک بێت لە ئاست ڕێکەوتنی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد!
ـ
مام جەلال و مەسعود بەرزانی دوو سەرکردەی تری دیاری کوردبوون کە لە کۆشکی سپی پێشوازیان لێ کرا. مام جەلال وەک سەرۆککۆماری عێراق کە بە ڕەگەز کورد بوو. مەسعود بەرزانیش وەک سەرۆکی ھەرێم. تەنانەت مام جەلال بە زمانی کوردی لە نەتەوەیەکگرتووەکان وتاری پێشکەش کرد و، مەسعود بەرزانییش بە جلوبەرگی کوردییەوە لە کۆشکی سپی لەگەل جۆرج دەبلیو بۆش کۆبووەوە.
ـ
بەڵام بێ-ھەڵوێستیی ئەمریکا بەرانبەر ڕوداوەکانی دواتر، ھەر لە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوەو، ھێرشەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر و، ھێرشەکانی ئەردۆگان بۆ خۆراوای کوردستان، دیسانەوە ئەم ئایدیایەم دەسەلمێنێت کە کورد دەبوو هه‌ر له‌ 2003 وه‌، ڕێکەوتنی نھێنیی لەگەل ئەمریکادا ھەبێت!
ـ
ئێستا کە دەرفەتێکی زێڕینی تر بۆ کورد ھەڵکەوتووە بەھۆی ئەوەی شیعەکان داوای دەرکردنی هێزه‌كانی ئەمریکا لە عێراق دا دەکەن، تەنیا کارتی بەھێزی ئەمریکا کورد و پێگەی جیۆپۆلەتیکی ھەرێمە لە بەرانبەر (ناوەندی عێراق) و ئێران دا.
ـ
سەرکردایەتی سیاسیی کورد له‌ هه‌رێم زۆر گرنگە لە کۆبوونەوەکانیان لەگەل ئەمریکا دا، داوای ڕێکەوتنی نھێنیی بکه‌ن و واز لە ستایشکردنی ئەمریکا و پیاھەڵدان بھێنن. چونکە ئەمریکا لەم تەوقیتەدا لە ھەمو کاتێک زیاتر پێویستی بە کورد‌ بەگشتیی و، ھەرێمی کوردستانە بەتایبەتی!
ـ
سەرکردایەتی سیاسیی کورد دەبێت بەنھێنیێ داوای ڕێکەوتنێک بکات کە دوو ڕەھەندی ھەبێت:-

یەکەم: ڕەھەندی ستراتیژی-سیاسیی. لە ستراتیژی سیاسیی دا پێویستە کورد داوای پشتیوانی ئەمریکا بۆ (کۆنفیدراڵی)ی بوونی ھەرێمی کوردستان و، یەکلاکەردنەوەی پرسی ناوچە چێ ناکۆکەکان بە نوێنەرایەتی یوئێن و، کردنەوەی چەند بنکەیەکی ستراتیژیی ئەمریکا لە ھەرێم و، دامەزراندنی سیستمی دژە-موشەکی تۆکمەی ئەمریکا لە ناو خاکی ھەرێم، بکات!
ـ
دووەم: ڕەھەندی ستراتیژی-ئابوری. لە ستراتیژی ئابوری دا پێویستە کورد داوای ھاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ بنیادنانی ھەرێمی کوردستان بکات. ئیتر کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوت بێت، یان کۆمپانیای ڕێگاوبان، یاخود کۆمپانیای سەد لێدان و دروستكردنی به‌نداو و هتد. بۆچی!؟ چونکە گەر کۆمپانیای ئەمریکیی بێتە کوردستان، ئەوا ئەمریکا ھێزیش لەو خاکەدا دادەنێت بۆ پاراستنی کۆمپانیاکانیی و گەشە بە پێشکەوتنی ئەو ناوچەیەش دەدات. 

ھەروەھا کورد پێویستە لە ڕێکەوتنی نھێنیی دا لەگەل ئەمریکا ئەو خاڵەش جێ بکاتەوە، کە: ھەم ئەمریکا دەبێت خاکی ھەرێم لە ھێرشی حەشدی شەعبی و ئێران بپارێزێت. ھەم لە ئه‌گه‌ری بڕینی موچە و بودجەی کوردستان دا، ئەوا ئەمریکا نەوتی کوردستان بکڕێت و کێشەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە!
ـ
مەبەستمە کە بڵێم: زێڕینترین دەرفەتە کە کورد بتوانێت ڕێکەوتنی ستراتیژی سیاسیی و ستراتیژی-ئابوریی لەگەل ئەمریکا بەنھێنیی ئیمزا بکات و داوای بکات!
كورد به‌بێ ڕێكه‌وتنی نهێنیی، له‌ هه‌ر شه‌ڕ و میحوه‌ربه‌ندییه‌كدا به‌شدار ببێت، ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هیچ به‌ ده‌ست ناهێنێت و، دواتر له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر مه‌ترسییه‌ك دا پشتی تێ ده‌كه‌ن. هه‌ربۆیه‌: گرنگترین ساته‌ بۆ هێنانه‌دی ڕێكه‌وتنێكی نهێنیی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا.

شەریف ھەژاری: خوێندکاری دکتۆرا لە دبلۆماسییەتی نێودەوڵەتی بەریتانیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×