هۆشیار زێباری: هەڵەمان كرد لە بڕیاری ریشەكێشكردنی حزبی بەعسدا
  2019-08-21       1829       

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنە لەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و ریشەكێشكردنی حزبی بەعس لە دوای روخاندنی رژێمی پێشوی عێراق، دەگرێت.

ئاوێنە: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "ئیندپێندنتی عەرەبی" كە بە چەند بەشێك بڵاوكراوەتەوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی بە یەكێك لە فاكتەرەكانی بڵاوبونەوەی توندوتیژی لەدوای روخانی رژێمی بەعس ناوبردوە.

زێباری رایگەیاندوە، یەكێك لەو رەخنانەی لە ئەمریكییەكان دەگیرێت لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە بریتییە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق كە ئەوەش كردەیەكی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریكا بو، بۆ ئەوە رەخنەش لەئێمە دەگیرێت، چونكە ئێمەش پشتیوان و پاڵپشتی هەڵوەشاندنەوەی سوپا بوین بەهۆی ئەو كارەساتانەی لەسەر دەستی سوپاكە بەسەر ئێمەدا هاتون.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو سوپایە لەسەر بنەمای شۆفێنی و مەزهەبی پێكهێنرابو و سوپایەكی نیشتمانی نەبو. وتوشیەتی"بڕیارەكە وایكرد كەس لە سوپا نەمایەوە، هەموان چونەوە ماڵی خۆیان و بنكە سەربازییەكان چۆڵكران."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە خاڵێكی تر كە جێی رەخنەیە، پرسی ریشەكێشكردنی حزبی بەعس بو، لەڕاستیدا هەوڵەكان و ئامانجی سەرەكی ئەو پرسە شێوێنران. ئێمە وامان دانابو تەنها سەركردایەتی حزبی بەعس و تیمە باڵاكانی ئەو حزبە بگرێتەوە نەك هەمو ئەندامانی حزبی بەعس، بەڵام ئەوە روی نەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×