مەسرور بارزانی: پێویستە دادپەروەری لەخەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت
  2019-09-16       458       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە دادپەروەری لە خەرجكردنی داهات بۆ ناوچەكانی كوردستان هەبێت و جەختیش لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان پێش هاتنی وەرزی زستان دەكاتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە 2019/9/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوەنەوەی لیژنەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی کرد.

لە کۆبونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە حکومەت کار لە سەر ئەوە بکات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەکان بەشێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بێت.

سەرۆكی حكومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و وتیشی"کارو ئەرکی ئێمە بەرگریکردنە لە مافی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتەکان و رێکخستنەوەی باج و گومرگەکان و کاراکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرا.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت جەختی لە سەر دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان کردەوە پێش هاتنی وەرزی زستان.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×