فەرماندەی گشتیی ‌هه‌سه‌ده‌ بۆ ئه‌مریكا: ئەگەر ناتوانن پارێزگاریمان لێبکەن، لێگەڕێن با رێککەوتن لەگەڵ رووسیا و سووریا ئەنجامبدەین
  2019-10-12       2223       

فەرماندەی گشتیی ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکی راگەیاندوە، ''ئەگەر ناتوانن پارێزگاریمان لێبکەن، لێگەڕێن با رێککەوتن لەگەڵ رووسیا و سووریا ئەنجامبدەین و فڕۆکەجەنگییەکانی ئەوان نەهێڵن تورکیا بە ئارەزووی خۆی بۆمبارانمان بکات''. 
 
ئاوێنه‌: مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی ‌هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ  ویڵیام رۆیبەک، جێگری نێردەی تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گلەیی لە ئەمریکا کردووە کە لە کاتێکی زۆر سەختدا ئەوان بەجێدەهێڵن، مەزوڵووم بە رۆیبەکی وتووە "ئێمەتان پشتگوێخست، ئێمە بەجێدێڵن تاوەکو کۆمەڵکوژبکرێین".
 
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە فەرماندە سەربازییە ئەمریکییەکە دەڵێت "ئێوە نیازتان وانییە پارێزگاری لەم خەڵکە بکەن و ناشتانەوێ هێزێکی دیکە بێت پارێزگاری لە ئێمە بکات، ئێمەتان فرۆشتووە و ئەمەش نا ئەخلاقییە".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، "دەمەوێ بزانم ئاخۆ ئێوە تواناتان هەیە پارێزگاری لە ئێمە بکەن و ئەو بۆمبارانکردنەی سەر خەڵکەکە بوەستێنن یان نا، چونکە ئەگەر تواناتان نەبێت پێویستە رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا و رژێم واژۆ بکەین و فڕۆکەکانی ئەوان بانگهێشت بکەین پارێزگاری لە ناوچەکە بکەن".
 
لە رۆژی چوارشەممە رابردووەوە، ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە، بەگوتەی فەرماندە سەربازییەکانی هەسەدە، بەسەدان کەس برینداربوون، زیاتر لە 100 هەزار کەس دەربەدەربوونە و 45 شەڕڤانیش گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×