دەسەڵاتدارانی ئێران هاوڵاتیانی ناڕازی تۆمەتبار دەكەن بە هاوكاریكردنی حزبە كوردییەكان
  2019-11-22       295       
شەقامێكی مەریوان لەمیانی ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیانی شارەكەو روبەڕوبونەوەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە

دو بەرپرسی پارێزگای سنە، رێكخەرانی ناڕەزایەتییەكانی چەند رۆژی رابردوی ئەو پارێزگایە بە "ئەندامبون و هاوكاری" لەگەڵ حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمەتبار دەكەن.

ئاوێنە: حوسێن خۆش ئیقباڵ، یاریدەدەری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری سنە لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی فارس، لەگەڵ ئەوەی باسی لەوە كردوە كە 50 كەس لە رێكخەرانی ناڕەزایەتییەكان دەستگیركراون ئەوەشی خستۆتەڕو، لەنێو ئەو كەسانەدا  بەشێكیان سەر بە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن.

ئاشكراشیكردوە کە دەزگای ئیتلاعات بەردەوامە لەسەر ناسینەوەو دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییانی ناڕازیی لە پارێزگای سنە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان و چالاکانی مافی مرۆڤ، دەیان هاوڵاتیی ناڕازی لە ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، عەلی ئازادی، فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی سنە، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی "تەسنیم"، پێداگری لەسەر بونی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتیانی ناڕازی كوردو حیزبە کوردییەکاندا كردوەو وتویەتی، بە هاوئاهەنگیی ناوەندە دادوەرییەکان، سزای قورس بەسەر ژمارەیەک لە بکەرانی سەرەکیی "پشێوییەكانی" پارێزگای سنەدا دەسەپێنین.

فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی سنە وتوویەتی، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی ناڕازی ناسراونەتەوەو خراونەتە ژێر چاودێری.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×