دەنیز یوجەل: ئەنجامدانی تاوان بووەتە خولیا و حەزێک بۆ ئه‌ردۆغان
  2019-12-01       2682       
دەنیز یوجەل نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی دای وێڵت کە یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا بەشداری کرد لە پانێڵێکدا کە لە شاری دۆرتمۆند لە ئەڵمانیا ڕێکخرابوو، چەند وتەیەکی پێشکەشکرد و بەشێکی لە کتێبە نوێیەکەی (سیخوڕی تیرۆریست: Agentterrorist) خوێندەوە و دواتر باسی لە ئازادی ڕۆژنامەوانی کرد.

ئاوێنه‌: دەنیز یوجەل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ناوی کتێبەکەی لەو تۆمەتەوە وەرگرتووە کە ڕەجەب تەییب ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دایە پاڵی و پێی وت “سیخوڕی تیرۆریست”، و لە درێژەی قسەکانیدا وتی:

''هاوسەرەکەم پارێزراو بوو بەڵام هەندێک مەترسیم هەبوو سەبارەت بە خۆم، تەنانەت بە کوشتنیش بەڵام هەم وەک مرۆڤێک و هەم وەک ڕۆژنامەنووسێک دەبوو بەردەوام بم لە تێکۆشان. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەمدا باسم لەوە کردووە کە ڕووداوەکان لە چ ڕەهەندێکی بێڕیزیدا ئەنجام دراوە. ئەو شتەی من شانازی پێوە دەکەم ئەوەیە کە لە هەموو قۆناغێکی دادگایی کردنمدا هاوسەرەکەم لەپاڵمدا بوو. من مافی ئەوەم هەبوو کە لە دادگادا بەرگری لە خۆم بکەم لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم کرابوو بەڵام ئەو مافەم پێ نەدرا. ئەو کارەی لە زیندانە تاکە کەسییەکان بەرامبەر من کرا ئەشکەنجەیەکی دەروونی بوو. خۆی لە خۆیدا هێشتنەی کەسێک بۆ ماوەی ٩ مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشكەنجەیە''.

دەنیز یوجەل باسی لەوە کرد کە ئەو بۆ بەناوبانگ بوون نەهاتووەتە دۆرتمۆند و وتی: ''من دڵنیام لەوەی ئەو کتێبەی نووسیومە کتێبێکی باش و تەنانەت دوای چەندین ساڵی تریش دەکرێت بخوێندرێتەوە. من هاتووم بۆ ئەوەی کتێبەکەم بناسێنم. من لەو کاتەی لە گرتووخانەدا بەندکرابووم تووشی چەندین ناڕەحەتی گەورە بووم لە زۆرێک لە مافە سرووشتییەکانی خۆم بێبەش کرام. کاتێک لە وڵاتێکدا ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکرێن یاخود سزای داراییان بەسەردا دەسەپێندرێت واتا لەو وڵاتەدا شتێک بە باشی ناڕوات. لەو بابەتەدا بە داخەوە تورکیا بە تەنها نییە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەشدا دەکرێت ڕۆژنامەنووسەکە خۆی ببێت بە هەواڵ''.

دەنیز یوجەل قسەکانی ئێردۆغانی بەبیرهێنایەوە کە وتبووی ''ئەگەر ئەوروپا لە بەرگی ڕۆژنامەنووسدا سیخوڕمان بۆ بنێرێت، هیچ هاوڵاتییەکی ئەوروپی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ناتوانێت بە ئاسوودەیی بە سەر شەقامەکاندا بڕۆن''، و وتی ''دوای چەند کاتژمێرێک لەو وتانەی ئێردۆغان لە سەر پردێک لە لەندەن هێرشێک ئەنجام درا''.

دەنیز یوجەل لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە ئامادەبووان کە وتی ''لەمەودوا چۆن لە خەبات و تێکۆشانت بەردەوام دەبیت؟''،ئەو وتی ''ڕووبەڕوو بوونەوەی زۆردارێک و ڕژێمێکی فاشیست، کاتێک وشەی فاشیست بەکاردەهێنین پێویستە ئاگادار بین. پێم وا نییە شتێکی لەو شێوەیە هەبێت. ئەوە نە دەتوانێت ئەم وڵاتە باشتر بکات نە خراپتر. لە وڵاتانی وەک تورکیا و ڕووسیا و بەڕازیلدا دیموکراسی بوونی نییە. بەڵام ئەوە فاشیزمێک نییە وەک ئەوەی لە تورکیای ساڵانی هەشتاکان کاتێک دیکتاتۆرییەتێکی کلاسیکی هەبوو جێبەجێ دەکرا. ئەمە شتێکی تەواو جیاوازە. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئەنجامدانی تاوان بووەتە خولیا و حەزێک بۆ ئه‌ردۆغان. ئەوە بە ڕوونی لەو سیاسەتەدا دەبینین کە لە بەرامبەر کورد پەیڕەوی دەکات. بۆ یەکەمین جار ئاکەپە لەگەڵ هەدەپە پرۆسەی ئاشتی دەسپێکرد. دواتر چی بوو؟ دەنگەکانی کەمی کرد. دواتر شکستی هەڵبژاردنە خۆجێیەکان. یەکگرتنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بەرامبەریدا. دواتر چووە سوریا. پێم وابێت ئێردۆغان دەترسێت. ئازادکردنی من دوای ئەوەی دەستگیری کردبووم بە هۆی ئەو ترسەوە بوو کە هەیبوو لە سزاکانی ئەڵمانیا. ئەوەی ئەو بیری لێ دەکاتەوە تەنها بریتییە لە لەدەست نەدانی ڕژێمەکەی. ئامانجی ڕاستەقینەی ئەو بریتییە لە لەدەستنەدانی دەسەڵاتەکەی. ئەوە زۆر بە باشێ دەزانێت کە ئەگەر دەسەڵات لەدەست بدات دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی گرتووخانەیەکی پەراوێزخراوی وەک ئێدیرنە یاخود سیلیڤری دەکرێت. بەڵێ ئەوەش جیاوازی ئەم ڕژێمەیە لەگەڵ فاشیزمی کلاسیکدا. تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەو ڕژێمە بریتییە لە دیموکراسی''.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×