ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانی بە جینۆساید ناساند
  2019-12-12       1796       

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەكۆی دەنگ بڕیاری بە جیۆناساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكانی پەسەندكرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجومەنی نوێنەران بەڕەسمی دانی بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا نابو.

ئاوێنە: بۆب مینێندیز، سیناتۆری دیموكراتەكان و پشتیوانی سەرەكی بڕیارەكە، لە تویتێكدا رایگەیاند، بڕیارەكەمان بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان و یادكردنەوەی لە ئەنجومەنی پیران تێپەڕی.

پێشتر پشتیوانانی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەران چەند جارێك رێگرییان لە تێپەڕبونی بڕیارەكە كرد، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی پیران ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تێپەڕبونی دەرنەبڕی و بەكۆی دەنگ پەسەندكرا ئەوەش دوای ئەوەی سیناتۆری دیموكراتەكان بۆب مینێندیزو سیناتۆی كۆمارییەكان تید كرۆز، بڕیارەكەیان خستەڕو.

ئەرمەنەكان دەڵێن، لەساڵانی نێوان 1915 بۆ 1917 لەمیانی كەوتنی ئیمراتۆریەتی عوسمانیدا لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەكەمدا لەسەر دەستی توركەكان كوژراون و ئەوەش بە جینۆساید لەقەڵەم دەدەن و نزیكەی 30 وڵاتیش كوشتنی ئەرمەنەكانیان لەلایەن توركەكانەوە بە جینۆساید ناساندوە بەڵام توركیا بەتوندی ئەوە رەتدەكاتەوە.

 رۆژی 29ی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەڕەسمی دانی نا بە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا ئەوەش بە دەنگی بەڵێی 405 ئەندام و دەنگی نەخێری تەنها 11 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×