سەرۆک کۆماری عێراق و مایک پۆمپیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
  2020-01-19       436       
به‌رهه‌م ئەحمەد ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکەو جیهانیان تاوتوێ کرد.

ئاوێنه‌: بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار لەمیانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، باس لە دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان کراوە، ھاوکات جەختیشکراوەتەوە لەسەر پێویستی پاراستنی سەروەری عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سەربەخۆیی نیشتمانی.

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی هێورکردنەوەی رەوشەکە و دانبەخۆداگرتن لەڕێگای گفتوگۆی بونیادنەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەجۆرێک ببێتە بنەمای ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا، ھەروەھا تاوتوێی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێگانەدان بە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی تیرۆریستان و دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و جیهان.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ تویتێکی سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە.

مایک پۆمپیۆ رایگەیاندوە ''وڵاتەکەی پابەندە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان و هێورکردنەوەی رەوشەکە لە عێراق''.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ هەروەها نووسیوویەتی، ''جارێکی دیکە سەبارەت رۆڵی گرنگ و هەمیشەیی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە رێکخراوی داعش لە شەڕ و بەڕەنگاربوونەوەی رێکخراوەکە لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح قسەم کردووە''.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×