"پێداچونەوە بە لیستی شەھیداندا دەكرێت"
  2020-01-19       2964       

لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا پێداچونەوە بە لیستی شەھیداندا دەکرێت و سەرۆکی لیژنەی شەھیدانیش ئاشکرای کرد، ھەمو ئەو ناوانەی پێشتر سودمەند بون و شەھید نین، ناویان لە لیستی شەھیدان لادەدرێت.

ئاوێنە: سەوسەن گەردی، سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی رەمسی پارتی راگەیاند "ھەرچەندە دڵنیاییی ئەوە دراوە بە کەسوکاری سەربڵندی شەھیدان و جینۆساید، ئەوانەی بەپێی یاسا سودمەند بون، مافیان پارێزراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاکسازی لە لیستی وەزارەتی شەھیداندا دەکرێت و ئەوانەی بەھەر شێوەیەک سودمەند بون و مافی سودمەندبونیان نییە، لادەدرێن."

سەرۆکی لیژنەی شەھیدان وتی"پڕۆسەی پاکسازی لە لیستی شەھیداندا دەکرێت و ژمارەیەک دادوەریش بەشداری دەکەن بۆ پێداچونەوەو لایەنەکانی دیکەش چاودێریی پاکسازییەکەی لیستی شەھیدان دەکەن و ھەرکەسێک شەھید نەبوبێت و ناوی لە لیستی شەھیداندا تۆمار کرابێت، لادەدرێت."

سەوسەن گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد"ھەر سێ مانگ جارێک، حکومەت زانیاری دەداتە پەرلەمان لەبارەی بەرەوپێشچونی پڕۆسەی پاکسازییەکە، چونکە دەمانەوێ ئەو خەڵکەی مافی یاسایییان ھەیە جیابکرێنەوە لەوانەی یاسا نایانگرێتەوەو سودمەندن لە داھاتی ھەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×