سەدر لە بانگەوازەكەی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژبە باڵیۆزخانەی ئەمریكا پاشگەزدەبێتەوە
  2020-01-26       1850       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوا لە لایەنگرانی دەكات ئەمڕۆ یەكشەممە خۆپیشاندان نەكەن بەرامبەر بە "هێرشەكانی ئەمریكا" لەدژی. هەروەها رونكردنەوەش لەسەر راگرتنی پشتیوانییەكانی بۆ خۆپیشاندەران دەكات.

ئاوێنە: ئەوەش چەند سەعاتێك دوای ئەوە دێت كە دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لەبەیاننامەیەكدا داوای لەلایەنگرانی كردبو ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی دژبە باڵیۆزخانەی ئەمریكا، ئەنجام بدەن بەهۆی "بێڕێزیكردن"ی باڵیۆزخانەكە بەرامبەر بە موقتەدا سەدر.

بەڵام پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ساڵح محەمەد عێراقی، كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی، لە هەستوسۆزی پڕجۆشتان تێدەگەم بەرامبەر بە هێرشەكانی ئەمریكا دژ بە موقتەدا سەدر، بەڵام سەدر داواتان لێدەكات لەسەر ئەو بابەتە خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن بۆ ئەوەی رانەكێشرێینە ناو "فیتنەیەكی ناوخۆیی."

ساڵح عێراقی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەدر وتویەتی، من كە پشتیوانی خۆم بۆ خۆپیشاندانەكان راگرتوە ویستومە "شۆڕشەكە" بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی خۆی.

هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی كردوە كە "ئەكەر نەگەڕێتەوە سەر رێڕەوی خۆی هەڵوێستی دیكەمان دەبێت بۆ پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییە قارەمانەكان كە دەبێت ئاسایش بچەسپێنن نەك بۆ بەرگریكردن لە گەندەڵكاران بەڵكو لەپێناو بەرژەوەندی گەل و لەپێناو پاراستنی عێراق."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×