مستەفا چاوڕەش: لەكۆبونەوەی داهاتوی سەركردایەتی یەكێتی دەست بە پەسەندكردنی پەیڕەو دەكرێت
  2020-01-26       1544       

مستەفا چاوڕەش، سەرۆكی كۆبونەوەی سەركردایەتی گشتی یەكێتی رایدەگەیەنێت، هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ كۆتاییهاتوەو چوارشەممەش كۆبونەوەی سەركردایەتی بەڕێوەدەچێت و تیایدا دەست بە پەسەندكردنی خاڵەكانی پەیڕەوەكە دەكرێت.

ئاوێنە: مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە سەرۆكایەتی دوەم كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە دەكات و بڕیارە رۆژی 29ی كانونی دوەمی 2020 سەعات 11ی پێشنوەڕۆ لەهۆڵی شازاد سائیب لەسلێمانی بەڕێوەبچێت، بەمیدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند: لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەكرێت كە لەكۆنگرەدا دەنگی لەسەردراو، ماوەی 10 رۆژیشە ئەو لیژنەیەی بۆ هەمواركردنەوەی پێكهێنراوە كاریان تێدا كردوەو ئەمڕۆ هەمواركردنەوەكە كۆتایی هاتوە.

وتیشی: لیژنەكە پەیڕەوە هەمواركراوەكە دێننەوە كۆبونەوەی سەركردایەتی و لەوێ خاڵەكانی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەیەك كۆبونەوەش هەمو خاڵەكانی پەیڕەوەكە پەسەند ناكرێن، بەڵام لەبەر رانەوەستانی كارە حزبییەكان ئەو خاڵانەی پەیڕەوەكە كە بۆ جێبەجێكردنی كارە حزبییەكان گرنگن لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت و دەنگیان لەسەر دەدرێت و خاڵەكانی تریش هەنگاو بەهەنگاو.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكیشەوە، وتی: چاوەڕێی ناوەڕۆكی هەمواری پەیڕەو دەكەین، بزانین بە چ شێوازێك بڕیاردراوە، سەرۆك یان سكرتێر دیاریكراوە، هەروەها جێگرێكی دەبێت یان زیاترو بڕیاری لەسەر دەدەین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×