2020-04-06   341     
تا ئێستا ٧٠ هەزار و ١٧٢ کەس لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە و زۆرترین قوربانیش لە ئیتاڵیا بووە.
ئاوێنه: ماڵپەڕی وۆلدۆمێتەر دوایین زانیاری لەبارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە جیهان بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە هاتووە کە تا ئێستا ٧٠ هەزار و ١٧٢ کەس لە جیهاندا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانیش گەیشتوەتە ملیۆنێک و ٢٨٢ هەزار و ٤٠.
زۆرترین ژمارەی قوربانییەکانیش لە ئیتاڵیا بووە کە ١٥ هەزار و ٨٨٧ کەس بووە، دوای ئەویش ئیسپانیا بە ١٣ هەزار و ٥٥ کەس، ئەمریکا بە نۆ هەزار و ٦٢٠ کەس، فەڕەنسا بە هەشت هەزار و ٧٨ کەس، بەڕیتانیا بە چوار هەزار و ٩٣٤ و ئێران بە سێ هەزار و ٦٠٣ کەس دێن.
لە وڵاتی چینیش کە شوێنی دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە بوو تا ئێستا سێ هەزار و ٣٣١ کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها لە هۆڵەندا هەزار و ٧٦٦ کەس، لە بەلجیکا هەزار و ٦٣٢ کەس و لە ئەڵمانیا هەزار و ٥٨٤ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ یەکەمجار لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین دۆزرایەوە و تا ئێستا لە ٢٠٠ وڵات و هەرێمی جیهان بڵاوبووەتەوە.