بەیعەتدانەوە بەسوڵتان

ئومێد حەمەعەلی
  2019-05-08   
ئەمرۆ لەپەرلەمانی کوردستان سێ ھێزی پارتی, یەکێتی و گۆڕان دەنگیان بۆ پەسەندکردنی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا. ئەمە بۆ پارتی جێبەجێکردنی ئەجیندا سیاسییەکانیی و چەسپاندنی ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە سوڵتانی و دیکتاتۆرییەیەتی, کە ھەموو توانا سیاسی, ماددی و جاسوسی و دامەزراوەییەکانی خۆیی خستۆتە خزمەتی چەسپاندنیانەوە; بۆ یەکێتی درێژەدانە بەو خزمەتە چەند ساڵەییەی لە دوو دەیەی ڕابردودا بە خواستە سیاسی و بنەماڵەییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کردویەتی. بەڵام بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەداخەوە ھەڵەیەکی ستراتیژی خەتەرناکە, کە لەلایەکەوە چەسپاندنی قووڵتری بنەماکانی سیستەمی بە بنەماڵەیی و بە خێزانیکردنی کۆی فەرمانڕەوایی ھەرێمی کوردستانە و, لەلایەکی ترەوە, لێدانێکی کاریگەر و کوشندەیە لەو بەشە ناڕازییە دیموکراتیخوازەی کۆمەڵگەی کوردستان, کە بەردەوام ویستویەتی پایەکانی دەسەڵاتی سوڵتان و سەرۆکە گەندەڵ و خۆسەپێنەکان بلەرزێنێت. لەراستیدا ئەمەی ڕوویدا قوڵکردنەوەی نائومێدی سیاسییە بەجۆرێک ھێزێکی ڕاستگۆ و کاریگەر نامێنێتەوە, کە نوێنەرایەتی جیھانبینی و بیرێکی سیاسی دیموکراتیی جیاواز بکات.

بەباشی لەوە تێدەگەم, ھەموو ھێزەکان دونیایەک پاساو بۆ ئەم ھەڵوێستانەیان ڕیزدەکەن و ڕێککەوتنیان و بەڕیوەبردنی حکومەت و وەرگرتنی پۆست و چاکسازی بەشێکی ئەو بیانووانەن. ئەمانە لەکاتیکدا پاساو و بیانووی گرینگ دەبن, کە لەبەرانبەردا پایەکانی فەرمانڕەواییەکی دیموکراتی و دادپەروەر نەکرێتە قوربانی. ئەو پاساوانە گرینگ دەبوون, ئەگەر لەبەرانبەردا حوکمی بنەماڵەیی و تەمەنی سوڵتانە سیاسییەکان قایمتر و درێژتر نەکرایەتەوە.

ئەوەی ئەمرۆ ڕوویدا منی سەرسامنەکردووە, چونکە ئەو تەوژمەی بە بنەماڵەییکردن و بە خێزانیکردنی حیزبەکان و تەسلیمبوون بە نەخۆشی تەوریسی سیاسی لە زۆربەی ھێزەکاندا, ھەر دەتوانێ وەھا ئەنجامێک بەدەست بھینێت. بۆیە کۆمەڵگەی ئێمە پێش ئەوەی پێویستی بە حیزبی تازەبێت, پێویستی بە ڕوانین و جیھانبینی تازە ھەیە, کە ئیشی ڕاستەقینەی ھەڵتەکاندنی ئەو ئەقڵە لاواز و تەسلیمبووە بێت, کە پاش ململانییەکی کاتی لەگەڵ سیستەمی سوڵتانە گەندەڵەکاندا, تەسلیمدەبێ و چۆکدادەدات.
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×