ئەم نووسەرە کوردە هەر وەک ژەنڕاڵ مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ئەحمەد عیسای پارێزگار و سەرکردەکانی ئەنەکەسە و زۆر کوردی تر چۆتە دیمەشق ، لە پێشانگایەکی کتێبی شامدا کتێبەکانی پێشانداوە ، ئیتر بۆچی کردوتانە بە دێوەزمە و خیانەتکار و بەدکاری کورد !؟.
بەرهەمەکانی ( جان دۆست ) هەموویان بەرهەمی ناوازەی ڕۆحی کورد و بە دیدێکی فراوانی نیشتمانی و مرۆڤدۆستی و یەکسانیخوازانە نوسراون و دەمێک ساڵە بەرهەمەکانی نەگەیشتوونەتە خوێنەر لە شام ، مافی خۆیەتی لە ئێستای سوریای سەردەمی نوێدا کتێبەکانی بخاتە بەر دیدی خوێنەر ، خۆ نەچووە خاک بفرۆشێت و گەمارۆی سەر کۆبانی توندتر بکات!؟، نەچووە موفاوەزاتی سیاسی بکات !؟ ، نەچووە کێڵگەکانی نەوتی ڕومێلان ڕادەست بکات!.
ئەبوو خوێنەرانی ڕەخنەگری کورد پشتیوانییان بکردایە کە لەو پێشانگایەی دیمەشقدا کە سیخناخکراوە بە کتێبی جیهادی و تەکفیری و شۆڤێنستی عەرەبی ، جان دۆست ئەم دونیا جیاوازەی نوسین و بیرکردنەوە و فەلسەی ژیاندۆستی نمایش دەکات ، لە بری ڕەخنە دەبێت پشتیوانی لێ بکەن .
بهێڵن کتێبەکانی جان دۆست لە ئاسمانی (شام)دا لە باڵ بدەن و لەو فەزا ڕەش و تەماوییەی لە دیمەشقی پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبدا سەپێنراوە ڕەنگی تر دەربکەوێت .
خۆزگە ڕێگە دەدرا بەرهەمی نووسەرەکانی تری کورد بەشداری ئەو پێشانگایەی شامیان بکردایە و هەر پێشانگایەکی تری کتێب لە هەر کوێی ئەم جیهانەدا دەکرایەوە نووسەر و بەرهەمی کوردی لەوێ بوونایە .
کورد لە ڕۆژئاوا بڕیاری نەداوە دابڕان و قەتیعە لەگەڵ دیمەشق و عەرەبدا بکات و تا ئەمڕۆش دیمەشق قوڵایی ستراتیژی کوردە لە ڕۆژئاوا ، ئیتر بۆچی نابێت جان دۆست بچێتە دیمەشق؟.