یەکێتی سەرکردەو شۆڕش دروستدەکات؛ یان بازرگان‌و کۆمپانیا؟!

شەهاب کەریم
  2019-12-13   

زۆرێک لەبینینی خەڵک بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی دەڵێن یەکێتی بووە بە کۆمپانیا..! گەر بێ شەرم‌و سڵەمینەوە سەرنجێکی کورتی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەین؛ تێدەگەین لەوەی ئەم یەکێتییە قارەمان و جەستە زامدارە، ئەم ڕوباری خوێنە ئەم ھەموو خانوە قوڕانە، ئەم ھەموو زیندانی سیاسی و قوربانیانیدانی ھەڵەبجە و ئەنفال و ھەزاران پێشمەرگەی کەمئەندام و تێکۆشەری دێرین و ھەژاران. بە دەست دوو بەشی لەیەک نەچووی دژ بەیەک، بەڕێوە دەبرێت.!

بەشێک بەبێ ترس و خەم خەریکی خۆ دەوڵەمەندکردن و بازرگانی کردنە بە هەموو سەروەرییەکان و خەباتی شەھیدان و یەکێتییەوە بێ شەرم دەست بۆ ھەموو، پیرۆزییەکانی (مقەدەساتی) یەکێتی و ئازارەکانی دەبات. بەشەکەی تری بە دڵ لەگەڵ ھزر و زانست و خزمەتدا تێدەکۆشێ بۆ سەرخستنی زیاتری سەری بەرزی یەکێتی و بۆ بەرزترین پلەی سەرکەوتن.

بەشی یەکەم، سێ جۆرن:
جۆری یەکەم: ھێزی دەرەکییان بە قۆناغ کردۆتە سەرچاوەی دەسەڵات و ھێزی خۆ سەپاندن و بونەتە جێی گرژی و ئاڵۆزی، تەواوی جەستەی یەکێتیان تەنییوە و لەسەرەوە وەک زەرورەتی سەپاو ھاتونەتە خوارەوە و لە جومگەکانی دەسەڵاتدا خۆیان گیرکردووە و سودیان لە نائارامی گشتی و ژینگەی ململانێکانی ناوەوە وەرگرتوە بۆ مانەوە و سەرچاوەی دارایی دەرەکیان بۆ چاوبەستن لەگەڵ بازرگانیی ناوخۆ جۆین کردووە.!


جۆری دووهەم: ھێزی ناوەکییە کە بەسەر ناوچە و خێڵ و دین و پاداشتدا دابەش بوون گەرچی ئەم نموونانە ئاسانتر ئەدۆزرێنەوە، بەڵام چارەسەریان قورستر و ئاڵۆزترە وەک لایەنی کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی کوردستان بەتایبەتی دوای بینینی نمونەی بەرامبەر لە نەیارو و دروستکردنی بەرژەوەندی، ھەندێکیان ھەمان سیستمی جاشایەتی زۆرەملێیان گواستەوە بۆ ناو شۆڕش و حیزب تێگەیشتن بە بوونی ھێز،  دەتوانن دەوڵەمەند ببنو دەسەڵاتیش بپارێزن و بمێننەوە. ئەمانە لە ڕاو و ڕووتەوە بۆ ئاودیوکردنی شۆفڵ و داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی، خۆیان کردە خاوەن بیرە نەوت، کۆمپانیای زەبەلاح و بەرژەوەندییەکانیان بردە دەرەوەی ھەرێم و عێراق.!


جۆری سێهەم: تێکەڵەیەک لە ھەردوو جۆری سەرەوە بەڕاگرتنی باڵانسی موو نەرمی لە پەستانی دەرەکی و شەڕی ناوەکی و باڵباڵێن بۆ خۆ چەقاندن.! بەکورتی و  کوردوتەنی، بەبێ ڕەتوش ئەمانە یەکێتیان لە پرۆژەو پەیڕەو و ستراتیجەوە بردووە بۆ دەستکەوت و ھەڵپەی خواستی کەسی و یەکێتیان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە، پێشیان وایە ئیتر کۆتایی دنیا بەستراوە بە کۆتای ئەوانەوە و دەستبەرداری ھیچ نابن و وا تێگەیشتوون کەخوێنی شەھیدانی یەکێتی لە چاویان ئەچۆڕێ و دەبێ ئەوان شەڕی ڕاستەقینەی بۆ بکەن دەنا بە دورکەوتنەوە و مردنی ئەمان یەکێتیش بێ سێ و دوو وەفات ئەکات.!


بەشی دووھەمیش سێ جۆرن:
جۆری یەکەم: عەقڵی سیاسی و ھزر و ڕوحی یەکێتین، خاوەن پرۆژە و ئامانجن بۆ گەل، بەری ڕەنج و خەباتی چەند ساڵەی خەباتی نھێنی و زیندان و شار و شاخی تێکۆشەرانن، ھەڵگری زۆرترین ئازارن بۆ خەڵک و خەمڕەوێنی ڕاستەقینەی بنەماڵەی شەھیدان و تێکۆشەرانن، سەربەرز و ڕوو سورن، پڕن لە تێگەیشتن و دنیابینین، ڕێ ڕۆشنکەری بەردووامی خەباتی نوێن، ئەمانە ڕاوێژکاری ڕاستەقینەن بۆ گەڕانەوەی شاڕێی ڕزگاری میللەتێک کە یەکێتی تیا لەدایکبوو؛ بۆ ئەم نمونەیش خەڵکانی وەک فەرید ئەسەرسەرد و نمونەکانیان بیر دێنینەوە. لە پێناو دورستکردنەوەی لۆژیکی عەقڵ و نوێبونەوەیەکی پێشکەوتوتر.


جۆری دووھەم: گەنجە خوێن گەرم و خاوێنەکانی دەستیان لەھیچ خراپە و بازرگانی و ملدانەوە نەگلاوە و وەک ھێزی ھەستانەوە، سنگیان کردۆتە قەڵغانی بەرگری و مانەوە لە تێکۆشانی تێکۆشەرانی یەکێتی و ئامانجەکەی کە ڕزگارکردنی کوردستان و بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەد بەکارھێنانی حیزبە بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەمانە جێی ئومێدێکی زۆرن و ئومێد دەکرێ ئایندەی یەکێتی پێشبخەن و لە پاشکۆ و پڕۆ حیزبەکانی ھەرێم دەرمان بێنن.!


جۆری سێھەمە: هەموو ئەو کادرە خەمخۆر و دڵسۆزانەن کە شەویان خستۆتە سەر ڕۆژ و کار بۆ دروستکردنەوەو پشتیوانی ئەو دوو جۆرەی سەرەوە خستۆتە گەڕ، ئومێدی ئایندە و سەرکردەی دواڕۆژی گەلەکەمانن و دەیانەوێت سیستمی سیاسی بگۆڕن بۆ سیستمێکی مۆدێرن و سەرکەوتوو. لێرەوە بەرپرسیارێتی گرنگ دەکەوێتە بەر ئەندامانی کۆنگرە و دەبێت ویژدان و مێژوویان پاک ڕاگرن و دەنگ بدەن بەوانەی دەیانەوێ دەنگیان دلێر و سەریان بوێربێت.


زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×