ڕۆژی شەممە 29ی تشرینی دووەمی 2025 ، بەرێز مەسعود بارزانی بەشداری لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیزی لە شاری جەزیرەی باکوری کوردستان کرد. ئەم سەردانە جگە لەوەی گڕوتێنکی زیاتری بە ئامادەبوانی سمپۆزیۆمەکە بەخشی و کاریگەریشی دەبێت لەسەر بەردەوامی ئەم سمپۆزیۆمە و هاوشیوەکانی. هەروەها ڕەنگە هانی رێکخستنی کۆنفراس، کۆبوونەوە و فۆرم (Forum) هاوشیوە بدات لە داهاتو وە لە شوێنی جیاوازیشدا.
سەردانی لەم شێوەدا عادەتەن دەبێتە دروستکردنی بناغەی پردی پەیوەندی دۆستانە و برایەتی لە نێوان نەتەوەکان و لێوبوردەیی. کەچی، دوای ئەم سەردانە دولەت باخچەلی سەرۆکی حیزبی مەهەپە، کە حیزبێکی توندروەی راستەرەوە لە تورکیا، کەوتە لێداونی سلبی لەسەر ئەم سەردانە، بەدوای ئەویش ئەرودوگانیش ، ئەو پیاوەی بەردەوام دەلێت با بۆ عەقل بگەرێنەوە، لە دەستیدا و کەوتە خوێندنی هەمان ئاواز.
لێداوانەکانی باخچەلی کەمتر پەیوەندی بەسەردانی پێشمەرگە بە چەك و ئالای کوردستانەوە هەیە، زیاتر ئەو لەم کەشو هەوایە کوردانە پەستەبوو کە لەگەل سەردانی بەرێز كاك مەسعود بارزانی هاتە ئاراوە. باخچەلی پێدەچێت پەست بێت لەوەی:
بۆیەکەم جار لەبەچاوی میدیاکان و بەم فرەوانیە کورد لە تورکیا دەرکەوێ کە بەزمانی کوردی قسەبکەن، باسی مێژوو و وابەستەی خۆیان بەخاك و مێژووی ناوچەکەن دەرخەن؛ لە ئاستێکی بەرز باسی وەستانی کەشتی نوح پێغەمبەر لەخاکی کوردان بکەن، ئەوە زەق کەنەوە کە مەلای جەزیری بەزمانی شیعری خۆی ووتویەتی کە کوردە کە دەلێ " من شەبچرای شەڤی کوردستانم". بەمەش بیسەلەمێنی ئەم ناسنامە کوردیە سەدان و هەزان ساڵە هەیە. هەروەها بەخاچەلی ڕەنگە نارەحەت بوو بێ بەخۆشحالی هاولاتیانی باکور بەهاتنی پێشمەرگە و ئەو پێشوازیە گەورەو گەرمەی لە کەسایەتی بارزانی و پێشمەرگە کرا.
لەبەرامبەر هەلوێستی سلبیانەی باخچەلی، بەیانەمەی ئۆفیسی سەرۆك بارزانی بانگەوازی دەکات کە پێداچونە بەو چوارچێوە تەسکەی بیرکردنەوەی خۆیدا بکات. ئیتر نکۆلی کردن لە کورد هیچ سودێکی نییە.
ئەوەی لێرەدا جێگای مەبەستە کەکارێکیتریی بەرامبەر لێداوانەکانی باخچەلی بکری بکرێ ئەویش ئەوەیە:
ڕیکخەرانی سمپۆزیۆمەکە، ئەم جارە سمپۆزیۆمەکە بێنن بۆ یەکێك لەزانکۆکانی کوردستان لە دهۆك یان هەولێر و باخچەلیش بانگهێشت بکەن بۆ سپمۆزیۆمەکە. با رێگاش بدرێ باخچەلی چەندی پێ باشە لەچەکدار بە ئاڵای تورکیا لەگەل خۆی بێنێت. با باخچەلی بەچاوی خۆی ببینێ ئەوەی ئەو هەمو ژیانی تەرخانکرد بۆ دژایەتی هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەل هەر میلەتێکی سەر ئەم زەمینە. با تێبگات، ئەوەی ئەو پێی دەلێ ولایەتی موسڵ و ئەوەی عیراق توندرەوەکان پێی دەلێن شیمالنا حەبیت و ئێمەش پێدەلێن کوردستان هەر ئەوەیە کە هەیە. هەرچی پێی دەلێن با بیلێن، ئەم خاکە هەر ئەوەیە، ئەم میلەتە هەر ئەوەیە، ئەم زمان و کەلتورە هەر ئەوەیە کە هەیە.
ئەگەر پێشی باشە و دلێ پێخۆش دەبێت، ئەوا لەو شوێنەی جەنابیان پێدەنێتە سەر خاکی کوردستان تاکو شوێنی سەمپۆزیۆمەکە ئالای تورکیای بۆ بە بەشەقامەکان هەلواسن. ئاخر دوێنی ئەم کارەکرا، ئالای تورکیایش بەپرۆجکتەر لە قەلای هەولێر درا کەچی چی لە ڕاستیەکان گۆڕی؟ کێ هەر لەبیری مایە؟ ئەمەش جیاوزایە لە نێوان ئەوەی گەورە بیربکەیەوە و متمانەت بەخۆ بێت لەگەل ئەوانەی دیلی زهنی خۆیانن. جیاوازیە لە نێوان ئەوانەی لەروداوکان بەدوای کارە ئیجایبیەکانن، ئەوانەش دەیانەوی لە ئاوی لێڵ ماسی راوکەن. جیاوازیە لەنیوان ئەوانە دەیانەوی پەند و عیبرەت لە رابردوو وەرگرن و کارەساتەکان دوبارە نەبنەوە و ئەوانەش قەت گەورە نابن و لەسەری لوتیان بەملاوە دونیا نابینن و ئەسیری زهنی خۆیانن.
ئومێدەکەم داوای ئەم سەردانە لە باخچەلی بکرێت. با ئەوانیش بێن، ئەوجا دەزانن کامیان سودی زیاترە بۆ هەمولایەك، پێکەوە ژیان ،هەریەك بەناسنامەی خۆی، یان دوژمنکاری ونکۆلیکردن لە ناسنامەی ئەویتر.