سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی‌و شەجەریان

ناسری حسامی
  2020-10-13   
پێم وایەدەنگی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، زیاتر لە دەنگی هەموو کەس کاری تێکردووم. لەدەنگیدا و لە شێوەی گۆرانیگوتن و دەنگهەڵبڕین و بینخواردنەوەیدا، هەست بە شتێک دەکەم کە بە وشە ناتوانم دەریبڕم. کە گوێی دەدەمێ، لە گەڵی دەڕۆمە جێگایەک کە لە کاتی ئاساییدا نایبینم و هەستی پێ ناکەم. جێیەک دوور لە ئێستا، لە نێو تەمومژی خەیاڵ و لە زەمان و سەردەمێکدا کە ئێستا نییە. پارچەیەک لە مێژوو کە لە نێو تەمومژی کوێستانێکدا، بەسەر چیاکانەوە ماوە. 
دەنگی شەجەریان زۆر جار، دەنگی سەید عەلی ئەسغەری بۆ زیندوو کردوومەوە. بەتایبەت ئەو گۆرانیانەی لە "حیجاز"دا گوتوونی، یەکجار لەو چێژە نزیکن کە دەنگی سەیدە سەدا سیحراوییەکەی خۆمان دەیبەخشێ. 
شەجەریان، وەک زۆر مرۆڤی دیکە، لە سەردەمی جیاوازدا، بیر و ڕەفتار و هەڵوێستی جیاوازی بووە، بەڵام هەتا هات وەک گۆمێک ڕوونتر بووەوە.
یەکێک لە نیشانەکانی هونەر و هونەرمەند ئەوەیە کە مرۆڤ، لە حاڵەتی جیاوازدا، مانای جیاوازی لێ وەردەگرن. وەک خەون هەر کەس بەجۆرێک تەعبیری دەکا. شیعری حافز لە خانەقاکان و گۆشەی نزرگەکان دەبێتە ویردی سەر زاری ئیمانداران، لە مەیخانەکان دەبێتە گۆرانیی سەرخۆشان و لە ژوانگەکان دەبێتە چرپەی دڵداران. 
سینە لێواولێوی ژانە چی بکەم بۆ مەرهەمێ
دڵ وەڕەز بوو هیندە تەنیایە، خودایە هەمدەمێ
کەس تەمای چاکەی نییە لەم ڕۆژگارە تیژڕەوە
ساقیا بۆم پڕ کە جامێ با وچان بگرم دەمێ
گوتمە شۆخێ چی دەبینی؟ خۆش بزەی هاتێ وتی
ئەی کە ناخۆش سەردەمێکە، هەم پەرێشان عالەمێ
دەنگی شەجەریانیش وا بوو. کەسانێک بە دەنگی ئەو دەچوونە سەر بەرماڵ و کەسانێک بە دەنگی ئەو پیاڵەیان هەڵدەدا. 
شەجەریان، لە ماوەی نزیک پەنجا ساڵدا، یەکێک لە کاریگەرترین کەسانی کۆمەڵگەی خۆی بوو. بە بێ پلەوپایەی ئیداری و سیاسی، بە بێ سەروەت و سامانی زۆر و بە بێ هێزی چەکدار، یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سەردەمی خۆی بوو. ئەوە خۆی نیشان دەدا کەسایەتییەکی بەهێز بوو. 
ئەوەی کە هەر کەس چۆنی تێگەیشت، لێکدانەوەی خەڵکە، پەیوەندی بەوەوە نییە. کەسانێک بە دەنگی ئەو چوونە ڕیزی خۆپیشاندانی ئازادیخوازانە، کەسانێک پێی چوونە ناو مەیدانی مین. کەسانێک پێی ئارام بوونەوە و کەسانێک لە سەرخۆشیدا پێی گریان یان سەمایان کرد. شەجەریان کەسێک بوو هەموو ئەو کاریگەرییانەی هەبوو، بە بێ ئەوەی خۆی بەلایەکیاندا ساخ کردبێتەوە. 
ڕەنگە کۆمەڵگەی ئێران هەتا دەیان، یان بگرە سەدان ساڵی دیکەش هونەرمەندی وای تێدا هەڵنەکەوێتەوە. ناوی، ڕەنگە بە شێوەیەک بچێتە ناو مێژوو کە خەڵک ئێرەیی بە هەموو ئەوانە بەرن لەسەردەمی شەجەریاندا ژیاون. هەر وەک بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوومان، سەید عەڵی ئەسغەری کوردستانی وایە.
زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×