ناڕەزایی خەڵکی کوردستان لەچاوەڕوانی ئۆپۆزسیۆنێکی کارادا

ڕێبوار عەلی
  2024-09-13   

لە ئێستادا ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە لوتکەی خۆی، زۆرینەی هاوڵاتیان لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی یەکپارتی( یەکێتی + پارتی) ناڕازین و بە جۆرێک لە جۆرەکان دژی دەوەستنەوەو داوای گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکەن.

گۆڕانکاری ڕیشەیش لە سەر زەوی و بەشێوەیەکی بەرجەستە، بە گۆڕینی سیستمی سیاسی وڵات ئەنجام دەدرێت. سەرەتا دەبێت ئەم دەسەڵاتە لاببرێن و لە ڕەگوڕیشەوە، کلتورەکەیان هەڵبکێشرێت و دوور بخرێنەوە. ئەوەش پەیوەستە بەپلانی ستراتیجی وڵاتانی دراوسێی هەرێم (ئێران وتورکیا) و هێیزی هاوپەیمانانەوە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە کۆنکرێتیەو دوور مەودایەو لە سەر بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەییان ڕاوەستاوەو بە گۆڕینی کەس و لایەنەکان ناگۆڕێت، گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەکە لە ئایندەدا یەکلای دەکاتەوە.

تەنها ڕێگەش لە بەر دەستدا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، چاوەڕوانی و خۆئامادەکردن و کۆکردنەوەی سەرجەم هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی یەکپارتیە، بەپاڵپشتی شەقامی ناڕازی، کە بەرەیەکی ڕزگاری نیشتمانی کوردستانی ، جیاواز لە مۆدێلی حیزبایەتی کۆن بە ئەقڵیەتی کۆمەڵی و میکانزیمە نوێباوەکان،  لە دەرەوەی سەرۆکی کاریزمی بە ڕێوەی ببەن.

ئەمەی سەرەوە لایەنی توێری و بڕگەکانی بیردۆزەکەبوون، بەڵام لە سەر گۆڕەپانی ململانێکان شتێکی جیاواز دەبینین! شەقامی ناڕازی کوردستان کە زۆرینەیەو بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانەو چاوی چاوەڕوانی لە خەونی گۆڕانکاریە. هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە حیزب و ڕێکخراوەکانیەوە، پەرتەوازەو بێ سەرو بەرەن و هەرکەس لە ئاوازێک دەخوێنێت و لە ڕووی سترەکچەرەوە کێشەدارن . لە هەموو هەوڵ و میکانزمی کۆکردنەوەی ئەو لایەن و گروپە ناڕازیانەدا، شەڕە شۆق و باڵباڵێن و پاڵپاڵێن و دەستبادانی یەکترهەبوون، کە کام کەس دەبێتە سەرۆک و کاریزمای یەکەمی دەستە و بەرەکەو کام تاقمە دەببنە سەرکردایەتی؟

سەر ئەنجام تۆپ تەقی و تیپ هەڵوەشایەوەو بوو بە کۆستەڵە، بەپەلە هەرکەس پەلاماری کڵاوێکیدا و دەستەو بەستەی خۆی جیاکردەوە، ئەمجارە شەڕەپەڕۆی ئۆپۆزسئۆنبوون دەستی پێکرد، کە کێ دەبێتە فریادڕەس و مەهدی سەردەم و عیسای چاوەڕوانکراو؟ ئێستاش ئەمە حاڵوباڵ و داهاتووی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانە، کە وادەرناکەون لە ئاستی چاوەڕوانی شەقامی ناڕازی کوردستاندابن:

 *چەپەکان بە سەرکردایەتی کۆمۆنیست و شیوعیەکان بە کۆن و نیوداش و نوێیانەوە، کەم و کزوبێ دەسەڵاتن و لە خەونی شۆڕشی پڕۆلیتاری خەبەریان نەبۆتەوەو بەتەمای تیۆریەکانی میکائیلیان سوڵتانزادە و مەنسوری حیکمەتن زیندویان بکاتەوە.

*ئیسلامی سیاسی کوردستان ( بزوتنەوە و یەکگرتوو کۆمەڵ و پەیوەندی) لە دوای شوێنکەوتنی چەندین ساڵەی بیردۆزە نەسەلمێنراوەکانی هەریەکە لە حەسەن بەننا وئەبو لئەعلای مەودودی و سەید قوتب، گەیشتنە بنبەست و شۆڕشی بەهاری عەرەبی کەساڵی 2010 بەرپابوو دواتر ئاکام و ئەنجامە شکستخواردووەکانی وەڵامی ئیسلامی سیاسی بوو بۆ مێژوی سەدساڵەیان، کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتیان نیەو پرۆژەی ئیسلامی سیاسی کۆتایی پێهاتووە و دوای کڵاوی بابردوو کەوتوون، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانیشیاندا زۆرینە بە دەست بێنن قەیران دروست دەبێت و بەناچاری دەکشێنە دواوە . هەر لەبەر ئەوەیە ئیسلامیەکانی ئێرەش، لە دوای ئەوەی بە ژیانی هەژاری دوای مەبدەء و بیروباوەڕەکەیان کەوتبوون، هیلاک بوون و کۆڵیانداو پڕۆژە بنڕەتیەکەیان وەستا، ئێستا حیزبەکانیان کردووە بە نوسینگەی سیاسی و لە ڕێگەیەوە دەوڵەمەند دەبن و بە قۆستنەوەی سروتە ئاینیەکان پلە وپۆست و پایە کۆدەکەنەوە، هەر بۆیە سنوردارن و کارەکەیان بەرەو بێ بازاڕی دەڕوات و دەوڵەتداری و گۆڕانکاری بەوان ناکرێت، هەر هیواهەڵچنینێک لە سەریان زیندەخەونی خۆش و ئاسنی سارد کوتانە. 

* بزوتنەوەی گۆڕان، خودی خۆیان گۆڕان و کاراکانیان دوای بەرژەوەندی تایبەتی کەوتن و بوون بە چەند پارچەوە. چەند توانیان لە حوکومەتە شکستخواردووەکەیان بکشێنەوە؟ بەو ئەندازەیەش دەتوانن جارێکی تر هەستنەوە.

*نەوەی نوێ و بەرەی گەل و ڕەوتی هەڵوێست،هەریەکەیان پڕۆژەی تاکەکەسین و سەردەستەکانیان کەسایەتی نێرگزین ( نرجسي )  و ئامانجی تایبەتیان هەیە و بۆ ئایندە گرەویان لەسەرناکرێت.  

*هەرچی لیستەکانی تر  و کەسایەتیە سەربەخۆکانن، پێناچێت بەخت یاوەریان بێت و بگەنە ئاستی پێویست، چونکە کاریگەریان کەم دیارەوسەرناکەون.

کەواتە ئەمە دەرهاویشتەکانە و خۆیان ڕەنگیان لێڵەو ڕەشبینی نییە، بەڵام هەر دەبێت چاومان لە ئایندەی گەش بێت و لە چاودێری و پشکنین و کارکردن بەردەوام بین، ئومێدو هیوامان هەبێت، کە ڕەوڕەوەی ژیانی پێشکەوتوو ڕاناوەستێت. پیرەمێردی شاعیر دەڵێت:          

هێشتا چیمکردووە،جارێ لە کوێمە

میللەت لە مەودووا، ئومێدی پێمە

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×