لە کەوتنی متمانەوە تا داڕمانی شکۆی مرۆڤ: دەردە بێدەنگەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

دێرین جەمال
  2026-08-04     373

لە جیھانێکدا کە ڕووبەرە ڕاستەقینەکان تەسک دەبنەوە و فەزا دیجیتاڵییەکان دەبنە سەکۆی سەرەکیی بەیەکگەیشتنی مرۆڤەکان، دیاردەیەکی مەترسیدار خەریکە ناخی کۆمەڵگە ھەڵدەتەکێنێت: دابەزینی ئاستی ئەخلاقی گشتی و لێدانی کەسایەتیی تاکەکان لە پشتی شاشە ساردەکانەوە. ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبری ئەوەی ببنە پردی بەیەکگەیشتن و ھاودەردی، لە زۆر شوێندا بوونەتە مەیدانی ڕسواکردنی دیجیتاڵی و وێرانکردنی نێوبانگی مرۆڤەکان. ئەم دادگاییە جەماوەرییە بێبەزەیییە، نەک ھەر تەنھا تاکەکان دەکاتە ئامانج، بەڵکو گەورەترین زەبر لە پیرۆزترین سەرمایەی کۆمەڵگە دەدات، کە ئەویش متمانەی گشتییە.
متمانە، ئەو بەنە نادیارەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بە یەکترەوە دەبەستێتەوە. کاتێک مرۆڤێک دەبینێت بە ئاسانی و لە پێناو چەند لایک و کۆمێنتێکدا کەرامەتی کەسێک دەکرێتە قوربانی و وێنە و ژیانی تایبەتی دەستکاری دەکرێت، جۆرێک لە دڵڕاوکێی بەردەوام و گومان لە ناو ناخیدا شین دەبێت. مرۆڤی ئەمڕۆ لەناو ئەو فەزایەدا چیتر ھەست بە ئاسایش ناکات،بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدایە کە نەبادا سبەینێ خۆی یان ئازیزێکی ببێتە سووتەمەنیی پەیج و ئەکاونتێک. ئەم ترسە بەردەوامە دەبێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، داڕمانی دەروونیی قوربانییەکان، و بێھەستیی ئەخلاقی، چونکە کاتێک ئازاردانی خەڵک دەبێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە، بینەرانیش وردە وردە ھەستی ھاودەردییان بەرامبەر ئازاری بەرامبەر لەدەست دەدەن و ئازاردانی مرۆڤەکان دەبێتە کەرەستەی خۆشگوزەرانی.
لە ململانێی دیجیتاڵیدا، سنووری نێوان تاوانبار و قوربانی گەلێک تاریک دەکات. ئەو کەسەی دەکرێتە ئامانج، قوربانیی ڕاستەوخۆ و جەستەییی ستەمەکەیە، بەڵام ئەو کەسەی حورمەتی خەڵک دەشکێنێت، خۆیشی قوربانیی داڕمانی ناوەکی، کەمئەندامیی سۆزداری و ئاڵوودەبوونیەتی بە چێژێکی درۆینە، کاتێک بەھای ژیان لە ناو ناخی مرۆڤێکدا نامێنێت، ئازاردانی ئەوانی تر بۆ ئەو دەبێتە ھۆکاری ھەستکردن بە بوونی خۆی.
بۆ ڕاگرتنی ئەم داڕمانە ئەخلاقییە و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ ناو ڕووبەری کۆمەڵگە، پێویستیمان بە ڕاپەڕینێکی ھۆشیاریی سەرتاسەری ھەیە، بە سەپاندنی یاسای توند بەسەر تاوانە دیجیتاڵییەکاندا تا فەزای مەجازی نەبێتە پەناگەیەک بۆ بێیاسایی، ھەروەھا بەخۆداچوونەوەی ئەخلاقی تا تێبگەین کۆمێنتێک یان شەیرکردنێک دەکرێت ببێتە خەنجەرێک لە ناخی مرۆڤێکدا، لەگەڵ پەروەردەی دیجیتاڵی تا نەوەی نوێ بزانێت شاشەکان پەردە نین بەسەر ویژداندا. لە کۆتاییدا، شتێک کە کۆمەڵگە ڕادەگرێت بینا و شەقامەکان نین، بەڵکو ئەو متمانە و حورمەتەیە کە مرۆڤەکان بۆ یەکترییان ھەیە، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤێکیش، پاراستنی تەواوی کۆمەڵگەیە لە ھەرەس ھێنان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×