پەرلەمان،مەرجەعی بڕیار یان قوربانیی سیاسی؟

دێرین جەمال
  2026-09-12     67

پەرلەمان وەک بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە ھەر سیستەمێکی دیموکراتیدا، ستوونی سەرەکیی پاراستنی مافی ھاوڵاتیان و ھاوسەنگیی دەسەڵاتەکانە. ئەرکی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە لە دەرکردنی یاسای نوێ، ھەمووارکردنەوەی یاسا کۆنەکان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، چاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی، گەیاندنی دەنگ و داواکارییەکانی ھاوڵاتیان بە ناوەندەکانی بڕیارداڕشتن و پەسەندکردنی بودجەی گشتیدا دەبینرێتەوە.
کاتێک پەرلەمان لە کارایی دەکەوێت و پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت دوادەکەوێت، یەکەم زەرەرمەندی سەرەکی خودی دەسەڵات خۆیەتی، چونکە ڕەوایەتیی یاسایی و جەماوەریی خۆی لەدەستدەدات و بەھایەکیش بۆ پرۆسەی دەنگدان و سندوقەکانی دەنگدان نامێنێتەوە کاتێک ئیرادەی ھاوڵاتیان لە بڕیارداڕشتندا پەکی دەکەوێت. ئەم بۆشاییە سیاسیە زیانی ڕاستەوخۆ بە ژیانی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان دەگەیەنێت و لاوازبوونی متمانەی جەماوەر بە پرۆسەی حوکمڕانیی لێدەکەوێتەوە. ڕەنگدانەوەی ئەم ئیفلیجییە لەسەر ئابووری زۆر سەخت دەبێت، بازاڕ تووشی سستبوون و بێبازاڕییەکی قووڵ دەبێتەوە، وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریی دەرەکی بەھۆی نادیاریی داھاتووی یاسایی و داراییەوە پەکی دەکەوێت و کۆمپانیای بیانی پاشەکشە دەکەن. لەسەر ئاستی دیپلۆماسیش، پێگەی وڵات لەبەرامبەر کونسوڵخانەکان، وەفدە بیانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوی لاواز دەبێت، چونکە نەمانی حکومەتێکی کارا و پەرلەمانێکی یاسایی وا دەکات وڵاتانی دەرەوە بە گومانەوە لە ڕێککەوتننامەکان بڕوانن و ھاوکاری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دابەزن بۆ نزمترین ئاست.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم چەقبەستووییە، پێویستە دەسەڵاتدارانیش فۆڕم و شێوازی حوکمڕانیی خۆیان بگۆڕن، دەبێت دەسەڵات وەک باوکێک لە خەمی میلەتەکەیدا بێت و ئامادەیی قوربانیدانی ھەبێت تا ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات. پێویستە دەسەڵاتداران لە تەلاری بڕیارەکان بێنە خوارەوە و بچنە ناو جەماوەر، گوێ لە دەنگدەرانیان بگرن تا متمانەی نێوانیان بەھێزتر بێتەوە، چونکە میلەت ماندووە لە قەیرانە بەردەوامەکان و ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە ئاسوودە ببن و لە سایەی ئارامیی سیاسی و ئابووریدا بژین. ھاوکات لە ئێستادا پێویستە دیالۆگێکی جدی و بێمەرج لەنێوان ھێزە سیاسییەکان دەست پێبکات بۆ گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا.
سەرەنجام، کاتی ئەوە ھاتووە تەواوی شەرعییەت و شکۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێندرێتەوە، چونکە پەرلەمان تەنھا باڵەخانەیەک یان سەکۆیەکی حزبی نیە، بەڵکو مەرجەعی باڵا و بنەڕەتیی سەرجەم بڕیارە نیشتمانییەکانە. گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ ئەم دامەزراوەیە، تاکە گەرەنتییە بۆ کۆتاییھێنان بە بۆشایی سیاسی، پاراستنی سەروەریی یاسا و زامنی سەقامگیرییەکی بەردەوام بۆ تەواوی کۆمەڵگە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
خەزعەلی: پێشمەرگە دەبێت پابه‌ندی فه‌رمانه‌كانی فەرماندەی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق بێت
سیپان حه‌مۆ: ژماره‌یه‌ك له‌ تێوه‌گلاوانی كوشتنی شه‌ڕڤانه‌كه‌ی حه‌سه‌كه‌ ده‌ستگیركراون
هومام حەمودی: حوکمڕانیی عێراق هاوپەیمانێتییەو دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت
گۆڕانکارییە خێراکانی یەمەن: حوسییەکان پێشڕەوی دەکەن و سوپای یەمەن ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕادەگەیەنێت
ئاكسیۆس: تره‌مپ داوایه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حوسییه‌كان ره‌تكرده‌وه‌‌
بەرپرسێکی ئەمریکی: دەمانەوێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان سەرکردایەتیی قەیرانە ئەمنییەکان بکەن
له‌ زیندانی كۆبانێ نۆ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون
یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا دەکەن؛ چیای شنگال بەتەواوی دەچێتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی
لە حەسەکە دژی شەهیدکردنی سیپان حوزنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری ئەنجام درا
فانس بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێت: پنتاگۆن ڕووبەڕووی کەمیی چەک و تۆمەتی شاردنەوەی زیانەکان دەبێتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×