هێرشی ئیسرائیل  بۆ سەر ئێران و هەندێک ووردەکاریی

لوقمان ئابڵاخی
  2025-06-16     386

لە بەرەبەیانی ١٣ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دا، لە هێرشێکی پڕ شۆکی ئیسرائیلدا کە پتر لە ٢٠٠ دوو سەد شوێنی لە ناو قووڵایی ئێران و تەنانەت لەناو تارانیشدا، لە ڕێگەی فڕۆکە، درۆن و مووشەکباران و چەند یەکەیەکی کۆماندۆی مۆساد لە ناو قووڵایی خاکی ئێراندا ئۆپەراسیۆنی سەربازیان ئەنجامدا کە تیایدا سەرکردە هەرە باڵا سەربازیەکانی ئێران کوژران و ئێران تووشی پاشاگەردانیەک بوو کە نەیزانی چۆن هێزەکانی کۆبکاتەوە؛ چۆن سەرکردەکانی تری، بە مورشیدی ئێرانی عەلی خامەنئیشەوە کە باڵاترین دەسەڵاتە، لە کوشتن ڕزگاربکات؛ چۆن و بە چ شێوەیەک دەست بکاتەوە و لەهەموو ئەمانەیش کارەساتتر ئەوەیە کە کەوتوونەتە بارودۆخێکەوە کە ئامادەن سازش بکەن بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمەکەیان.

سەرچاوەکانی هەواڵ، بەتایبەتی ئەوانەی ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕێگر بوە لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران و کوشتی عەلی خامەنەئی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەنا عەلی خامەنەئیش یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ئیسرائیل.

 

ئیسرائیل چۆن توانی ئێران غافڵگیربکات؟

نیویۆرک تایمز و جیروسەلام پۆست باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل بۆ چاوبەستکردن وچەواشەکردنی دەزگا ئەمنی و سەربازیەکانی ئێران چ جۆرە ڕوێوشوێنێکی گرتۆتەبەر.

یەکێک لەو ڕێوشوێنی چەواشەکردنانە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی گرژی نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ بووە کە دوایی دەرکەوت تەنها بۆ چەواشەکردن بووە.

 لەلایەکیتریشەوە هەر دەزگا فەرمیەکانی ئیسرائیل دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردبۆوە کە گوایا ناتانیاهۆ لیژنەیەکی ئامادەکردوە بۆ ئەوەی ڕاوبۆچوونی ئیسرائیل بە واشینگتۆن بگەیەنێت دەربارەی کۆبوونەوەی خولی چوارەم بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی کە ئەبوایە لە نێوان وەفدی ئێرانی و وەفدی ئەمریکا لە ڕۆژەی یەکشەمە، ١٥/٦/ ٢٠٢٥ دا ڕوویبدایە.

لە ناو ئیسرائیلیشدا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابۆوە کە گوایا ئاسمانی ئیسرائیل دادەخرێت بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەی ناتانیاهۆ.

لەسەروو ئەمانەیشەوە، ئەو کۆبوونەوە تایبەتەی کە ناتانیاهۆ و فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنیەکانی ئیسرائیل بۆ لێدانی ئێران کردبوویان، لە میدیاکاندا وا بڵاوکرایەوە کە بۆ گفتوگۆکردن بووە دەربارەی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلیەکان.

ئەم چاوبەستکردن و چەواشەکردنە ڕێگای بۆ ئیسرائیل خۆشکرد کرد کە ئێران غافڵگیر بکات و لە یەکەم دەستوەشاندندا بتوانێت گورزی کوشندە لە ئێران بدات و سەرکردە هەرە باڵا سەربازی و ئەمنیەکانی ڕژێمی ئێرانی بکوژێت و دەلاقەیەکی گەورە بخاتە ناوەندی بڕیاری سەربازی و ئاسمانی و ئەمنی ئێرانەوە کە لەناو كوژراوەكاندا:

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران
 محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران
 غوڵام عەلی فەرماندەی ناوەندی خاتەم ئەنبیا
 ئەمیر عەلی حاحی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی

عه‌مید مه‌هدی ره‌بانی، به‌رپرسی ئۆپراسیۆنه‌كان 

عه‌مید غوڵام ره‌زا میحرابیە کە جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركان بوو بۆ كاروباری‌ هه‌واڵگری ناویان هاتووە.‌

هەندێک سەرچاوەی هەواڵی ئیسرائیلی ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە جەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، جێگرەوەکەی قاسم سولەیمانی، و عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری عەلی خامەنەئی مورشیدی ئێرانیش کوژراون.

یەکێکتر لە گورزەکانی ئیسرائیل، کوشتنی هەموو ئەو پسپۆرانەی کە زانا بواری ئەتۆمی، فیزیا، کیمیا و ئەندازیاری مادەکان بوو کە تەنها ناوی ئەم زانایانەی خوارەوە ڕاگەیەندراوە:

فەرەیدوون عەباسی، پسپۆڕی ئەندازیاری ئەتۆمی

محەمەد مەهدی تارانچی، پسپۆڕی بواری فیزیک

ئەکبەری مەتڵی زادە، پسپۆڕی بواری کیمیا

ئەمیر حەسەن فەکیهی، زانای بواری فیزیک

عەبدولحەمید مینوشهر، پسپۆڕی فیزیای ڕیاکتۆر

ئەحمەد ڕەزای زولفەقاری، پسپۆڕی بواری ئەندازیاری ئەتۆمی

سەعید بورجی، پسپۆڕی بواری ئەندازیاری مادەکان

عەلی بەكایی كەریم، پسپۆڕی ئەندازیاری ئەتۆمی

پسپۆڕی بواری فیزیک مەنسور عەسکەری،‌

هەڵبەتە هەر لە سەرەتای هێرشەکەوە بنیامین ناتانیاهۆ ئەوەیشی ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا چڕتر ئەبنەوە؛ ئەم شەڕە چەند هەفتەیەک دەخایەنێت و ئەگەری ئەوەیشی دانابوو کە دەستوەشاندن و بەرپەرچدانەوەی ئێران توندبێت.

 

بەڵام بۆچی ئیسرائیل ئەم هێرشەی کردە سەر ئێران و کەی ئەم شەڕە دەستیپێکردوە؟

گرژی و توندوتیژی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ئێران بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی کەوتە دەستوەردانی کاروباری ئێراق، یەمەن، سوریا و لوبنان و ڕاکێشانی حەماس بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی.

لەو کاتەوە کە ئێران خۆی وەکو هێزێکی ئیقلیمی نمایشدەکرد بووە مایەی مەترسی و نیگەرانی ئیسرائیل، ڕژێمی تورکیا و ووڵاتانی کەنداویش، چونکە لە دوای هەوڵی دروستکردنی هیلالی شیعی، ئێران دەستیکرد بە دامەزراندنی دامەزراوە ئەتۆمیەکان کە ئیتر ئەجێنداکانی ئێرانی بۆ بوونە تاکە هێزی ئیقلیمی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد.

ئیسرائیل زانیاری تەواوی هەبوو کە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دا بە یارمەتی و پشتیوانی ئێران بووە.

بەڵام پێش ئەوەیش بنکەی ئێرانی لە سوریا و دەستدرێژیەکانی حیزبوڵا لە لوبنان هاندەری ئیسرائیل بوون بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە لە ڕاستیدا لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ئێران جگە لەوەی کە بنکەی سەربازی لە سوریا دروستکرد، لەڕێگەی پڕۆکسیەکانیەوە کە حەماس لە کەرتی غەزە، حیزبوڵا لە لوبنان و حوسیەکانیش لە یەمەنەوە، بە فەرمان و بە هاوکاری ئێران، بە مووشەک هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل.

بۆ وەڵامدانەوە وڕێگریکردن لە بەهێزبوونی پێگەی ڕژێمی ئێرانی لە سوریا، ئیسرائیل بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکردە سەر بنکەکانی ئێران لە سوریا.

دوای ئەوەیش بۆ زیاتر لاوازکردنی ئێران کەوتە وێزەی پڕۆکسیەکانی ئێران کە کوشتنی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حیزبوڵا و زۆرێکیتر لە سەرکردە باڵاکانی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە بەناوبانگەکەی (پەیجەر)ەکانەوە بەشێک بوون لەو پلانانە.

٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣یش دەستی ئیسرائیلی کردەوە کە بەهۆیەوە توانی سەرکردە باڵا حیزبی و عەسکەریەکانی حەماس لەناوبرێت و حەماسیش لاوازبکات کە ئەوەیش دیسانەوە بەردەوامی ئەو شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بوون کە تیایدا ئیسرائیل تەواو پەڕوباڵی ئێرانی کرد لەو ناوچانەدا و هیلالی شیعی تێکدا کە ئێران لە پێناوی دروستکردنیدا ملیارەها دۆلاری سامانی ئێرانی لەو پێناوەدا سەرفکردبوو.

هێرشە مووشەکیەکانی ئێران لە ئۆکتۆبەری ساڵی پێشوودا بۆ سەر ئیسرائیل توانا لاوازە ئاسمانیەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل خستەڕوو کە دیسانەوە فاکتەرێکی تری بڕیارەکەی ئیسرائیل بوو بۆ ئەم هێرشەی ١٣ ی حوزەیران.

یەکێکیتر لە فاکتەرە هەر گرنگەکان تووڕەیی و بێزاری ئێرانیەکان بوو بەرامبەر بە ڕژێمی ئاخوندەی ئێرانی کە جگە لەوەی کە ڕژێمێکی دیکتاتۆرە و دڕندانە مامەڵەی لە تەک ئێرانیەکاندا دەکرد، سامانی نەوتی ئێرانی تەرخانکردبوو بۆ دەستخستنە کاروباری ووڵاتانی دراوسێ و شەڕ و ئاژاوەنانەوە لەو ووڵاتانەدا لە کاتێکدا کە بێکاری وباری دارایی و ئابووری ئێران لە داڕماندایە.

ئاخر ٤٦ ساڵی حوکمڕانی ڕژێمی مەلا و ئاخوندەکانی ئێران جگە لە هەژاری، نەهامەتی، نادادپەروەری، چەوساندنەوە و بەردەوام و لە سێدارەدانی ئێرانیەکان، تەنها بێزاری وتووڕەیی لێکەوتەوە.

بەو گوتەیەی کە دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە، ئیسرائیل توانی زۆر سەکەوتووانە لە ناو ئێرانیەکاندا تۆڕێکی بەرفراوانی بریکار و زانیاریدەر و سیخوڕ دروست بکات کە لە ڕێگەی ئەوانەوە توانی زانیاری ووردی دەست بکەوێت دەربارەی هەموو ئەو فەرماندە و زانایانە و تانوپۆی بنکە سەربازی و ئەتۆمیەکانی ئێران.

هۆکارێکیتر نزیکبوونەوەی ئێران بوو لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کە نەک تەنها بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی و ووڵاتانی کەنداویش هەر مایەی قبوڵکردن نەبوو.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو نەبوون لە هەوڵەکانیاندا بۆ ئەوەی کە لە ڕێگەی ڕێکەوتنەوە قەناعەت بە ڕژێمی ئێران بکەن وازلە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بهێنێت.

یەکێک لە بەهەڵە حسابکردنەکانی ڕژێمی ئیران ئەوەبوو کە پێیوابووکە چین و ڕووسیا ڕێگردەبن لە هەر هێرشێک بۆسەر ئێران بکرێت چونکە ئەو ڕژێمە ئاسانکاری زۆری بۆ ئەوان کردبوو، بەتایبەتی لە بواری ووزە و هاوکاریکردنی ڕووسیا لە شەڕەکەیدا دژ بە ئۆکرانیا. بەڵام چین و ڕووسیاش بەرژەوەندی خۆیان لە چارەنووس و بەرژەوەندی وئەجێنداکانی ڕژێمی ئێرانی بەلاوە لەپێشتر و گرنگترە.

لەلایەکیتریشەوە، هەموو میدیاکان چاویان لەسەر غەزە و ئەو بارودۆخە ناهەموارەیە خەڵکی غەزەیە کە بەهۆی شکاندنی ئاگربەست و هێرشی گەمژانەی حەماس و بەکارهێنانی خەڵکی غەزە وەکو قەڵغان لە شەڕەکەیدا، ڕووبەڕووی بووبوونەوە.

ئەم هێرشانە سەرنج لەسەر بارودۆخی خەڵکی غەزە کەمدەکاتەوە.

بە دیوێکی تردا، ئەم هێرشانە بەشێکن لەو نمایشە سەربازی و تەکنۆلۆجیایەی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی پێگەی خۆی لە هەرێمەکەدا وەکو تاکە هێزی ئیقلیمی وە لە هەمان کاتیشدا پەیامێکی کاریگەرە بۆ ڕژێمی تورکیا.

هەڵبەتە ڕژێمی تورکیا زۆر لە پێش ئەم هێرشانەیشەوە هاواری لێهەستاوە و ترسی لێنیشتوە کە پێناچیت بتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم ئەم هەڵکەوتن و پێشکەوتن و باڵادەستیەی ئیسرائیلدا.

لەسەروبەندی ئەم هێرشەی ئیسرائیلدا، تا ئێستا ڕژێمی تورکیا بوێری ئەوەی نەکردووە کە هەڵوێستێکی توند وەربگرێت.

کۆتایی ئەم شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەم ئەگەرانەدا بەرجەستە دەبێت:

ئەگەری یەکەم ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەی ئێرانی تەواو لەوە تێنەگەیشتبێت کە کارتی کاریگەر لە هەگبەکەیدا زۆر سنووردارە و بەردەوام بێت لە بە درێژەدان بەو شەڕە.

لەم ئەگەرەدا، ئێران ناتوانێت زۆر بەرگە بگرێت چونکە نە باری ئابووری و نە ئیمکانیەتی سەربازی ئێران توانای ئەوەی هەیە کە بەردەوام بێت لەم شەڕەدا کە لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیش پشتیوانی دەکەن کە هەروەکو لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بە ئاشکرا ئاماژەیان پێداوە، هێرشەکانی ڕۆژەکانی داهاتوویان چڕتر دەکەنەوە کە پەیامێکە بۆ ئێران کە چاوەڕوانی خراپتر و خراپتر بکەن.

هەڵبەتە لەم سینارۆیەدا، ئەگەری دووهەم دروستدەبێت کە ئەوەیش ئەوەیە کە خەڵکی ئێران دژ بە ڕژێمی ئێران خۆپیشاندان بکەن بۆ ئەوەی ئەو ڕژێمە بگۆڕن.

ئەگەری هەوڵی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی، هەر لەیەکەم ڕۆژی هێرشی ئەمجارەی ئیسرائیلدا لەهەندێک لە میدیا ئەمریکیەکاندا وەکو ئەگەرێ باسکراوە.

پێدەچێت کە لە ئەگەری دووهەمدا، ئەگەری ئەوە هەبێت کە کوڕی شاهەنشای پێشووی ئێران، کە چەندین ساڵە لە ئەمریکا ئەژی، ڕەگەزنامەی ئەمریکی هەیە و چەند جارێک سەردانی ئیسرائیلیشی کردوە، ببێتە بەدیلی ڕژێمی ئێستای ئێرانی.

بە واتایەکیتر، هێرشەکانی ئیسرائیل بە ئەندازەیەک پاشاگەردانی لە ناو ئێراندا دروستدەکات و ئەو ڕژێمە لاوازدەکات کە یارمەتیدەر بێت بۆ خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕژێمەکە.

ئەگەری سێهەم ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەی ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکا وئیسرائیل ڕازی بێت و ڕێکەوتننامەیەک واژۆبکات کە واز لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی بهێنێت وە وەکو ڕژێمێکی لاواز بمێنێت کە دەسەڵاتەکانی لە سنووری ئێران نەچێتە دەرەوە و چیتر دەستوەرنەداتە کاروباری ووڵاتانی دیکە و نەبێتە مایەی مەترسی ونیگەرانی بۆ ووڵاتانی هەرێمەکە.

پێدەچێت ڕژێمی ئێرانی ئەم ئەگەرە بە گونجاوتر بزانێت چونکە ڕژێمی ئاخوندە لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت ئەکات کە لە پێناوی مانەوەیاندا هەموو شتێک بکەن و مەرجی قورسیش قبووڵ بکەن.

لە ڕاستیدا دوای سێ ڕۆژ لەم هێرشانە، ئەمڕۆ، یەکشەمە، ١٥/٦/ ٢٠٢٥، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕێگەی میدیاکانەوە و هەروەها بە قەتەر و سەڵتەنەتی عومانی ڕاگەیاندووە کە تەنیا مەرجیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان ئەوەیە کە ئیسرائیل هێرشەکان بوەستێنێت.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئێران ئەگەری ڕازیبوونی ڕژێمی ئێرانی بە مەرجەکانی ئەمریکا دەردەخات.

لەوانەیە ئەم ئەگەرە بەلای ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشەوە لەبارتر و گونجاوتر بێت چونکە ئێرانێکی لاواز و دەستەمۆ لە هەرێمەکەدا هەبوونی باشترە لە ئێرانێک کە رژێمەکەی ڕووخابێت و پڕ ئاشوب و بێسەروبەرو پاشاگەردانی بێت کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت و بب‌ێتە مایەی ناسەقامگیری بۆ ووڵاتانی دەوروبەری، وە ڕێگایش بۆ چین و بۆ ڕوسیاش خۆشبکات زۆر ڕاستەوخۆتر لە ئێراندا هەبوونی خۆیان بسەپێنن، بەتایبەتی بۆ چین کە دروستکردنی پێگە لەناو ئێراندا یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی ڕێگە ئاوریشمیەکەی چین.

ئەمە جگە لەوەی کە ڕژێمێکی ئێرانی لاواز ئەو کارتەی تورکیاش دەسووتێنێت کە هەمیشە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانان بەکاریدەهێنا وەکو هێزێکی ئیقلیمی هاوسەنگ بەرامبەر بە ئێران.

لە لایەکیتریشەوە، ڕژێمێکی ئێرانی لاواز و دەستەمۆ داردەستێکی باشدەبێت دژ بە ئەگەری زیادەڕۆیی ووڵاتە عەرەبیەکان، بەتایبەتی سعودیە و ووڵاتانی تری کەنداو.

هەڵبەتە تەنها کات ڕاستی یان ناڕاستی ئەم ئەگەرانە دەسەلمێنێت.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەش دەکەن کە خەڵکی تاران و ئەو خەڵکەی شارەکانی تریش کە ماڵیان لە بنکە هەستیار و دامەزراوە ئەتۆمیەکانەوە نزیکە، لە شێوەی کۆڕەودا ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی نەبن بە سووتەمەنی شەڕێک کە ڕژێمی ئاخوندەی ئێرانی هۆکاری بەرپابوونیەتی.

لە دوای هەموو ئەم کارەساتانەوە،  ئێرانیەکانیش مافی خۆیانە ئەو پرسیارە لە ڕژێمی ئاخوندەکان بکەن کە ٤٦ ساڵە ئەم ڕژێمە لە پای چی و لە پێناوی چیدا ئێرانی ڕووبەڕووی ئابڵوقەی نێودەوڵەتی کردەوە؛ باری ئابووری ئێرانی داڕماند، خەڵکی ئێرانی برسیکرد، وە سامانی ئێران و نەوتی ئێرانی لە پێناوی چیدا تەخشان وپەخشانکردوە کە نەیتوانیبێت تەنانەت سوپایەکی بەهێزی ئەوتۆش دروست بکات کە بتوانێت بەرگری لەخەڵک و خاک و ئاسمانی ئێران بکات؟

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×