بۆچی ئەمریکا کوردەکانی سوریای جێهێشت؟

هەڤاڵ رەئوف یەحیا
  2026-01-22     1354

توێژینەوەی سیاسی و ستراتیژی

لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، تۆم باراک، بەیاننامەیەکی کورتی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەد) وەک هێزی سەرەکی لە سەر زەوی دژی داعش، تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی پێهاتووە. ئەم وتەیە، هەرچەندە کورته، بەڵام لە ناوەڕۆکدا مانایەکی گەورەی هەبوو; کۆتایی هاتنی قۆناغێکی تەواو لە سیاسەتی ئەمریکا لە سوریادا.

لە خاکێکدا کە تا ئەم دواییانە کورد هێمای بەرخۆدان بوون دژی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ئەمڕۆ ئەو هێمایە بەرەو ونبوون دەچێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە ساڵانێک بوو بە بازووی زەمینیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا دادەنرا، ئێستا خۆیان لەبەردەم واقیعێکی سەخت و دڵتەزێن دەبیننەوە؛ واقیعێک کە تێیدا هاوپەیمانە سەرەکییەکانیان بڕیاریان داوە وازیان لێ بهێنن و پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا بکەنەوە.

گۆڕانکاریی ستراتیژی لە واشنتۆن

بڕیاری ئەمریکا بۆ جیابوونەوە لە هەسەد، تەنها بڕیارێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە گۆڕانکارییەکی گەورەی ستراتیژی لە سیاسەتی ناوچەیی. لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، پاریس بووە میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان سوریا و ئیسرائیل بە ناوبژی ئەمریکا. ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە دامەزراندنی میکانیزمێکی تایبەت بوو بۆ پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو لایەن، کە لەخۆدەگرێت هاوبەشیکردنی زانیاریی ئەمنی، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و هەماهەنگی دیبلۆماسی و ئابووری لە ژێر چاودێری ئەمریکادا.

یەکێک لە ئەنجامە گرنگەکانی ئەم ڕێککەوتنە، کۆتایی هێنانی پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان و هاندانیان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بوو. ئەمەش ڕێگەی دا حکومەتی نوێی سوریا، بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەلشەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی پێشووتر)، بە خێرایی بەرەو ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی هەسەد پێشڕەوی بکات.

لەدوای دوو ڕۆژی ڕێکەوتنەکەی پاریس: شەڕ لە ناوچە کوردییەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) سەری هەڵدا و حکومەتی دیمەشق بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەسەدی گرتەوە، لە نێویاندا ڕەقە، دیرەزۆر و بەشێک لە حەسەکە.

هۆکارە سەرەکییەکان

چەند هۆکارێکی سەرەکی بوونە هۆی ئەم گۆڕانکارییە:

1. فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی لەلایەن تورکیا، قەتەر و عەرەبستانی سعوودیە، کە هەسەد وەک درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبینن.

2. باوەڕی دونالد ترامپ بەوەی کە داعش چیتر مەترسییەکی ستراتیژی نییە بۆسەر ئەمریکا.

3. بوونە ئەندامی فەرمیی حکومەتی نوێی سوریا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا.

4. ئەو ڕاستییەی کە کوردەکان کەمتر لە ١٠٪ی دانیشتووانی سوریا پێکدەهێنن و زۆرینەی ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی هەسەد عەرەبن (بە تێپەڕبوونی کات ناوچە کوردنشینەکان بەعەرەبکران).

5. ترسی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەوەی پشتیوانی درێژخایەن لە پرۆژەیەکی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی، سوریای داهاتوو ناسەقامگیر بکات.

6. پشتگیری تەواوی وڵاتانی; تورکیا، قەتەر و عەرەبستانی سعوودیە لەبوارەکانی میدیا، کەناڵی تەلەفزیۆنی، هەواڵگیری، سیاسی، ئابووری و سەربازی، جگەلە میلیشیاکانی ئەحمەد شەرع، هەڵگەڕانەوەی چاوەڕوان نەکراوی هۆزە عەرەبیەکانی ناوچەی هەسەد و عەرەبەکانی ناو پێکهاتەی هەسەد لە دژی کوردەکان.

 7.  ناوچەیەکی ئابوری بێ چەکداریی لەسەر سنووری ئیسرائیل و سووریا بەسەرۆکایەتی ترامپ.

کۆتایی خەونی ڕۆژئاوا

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێزەکانی هەسەد کۆنترۆڵی ڕەقە، دیرەزۆر و بەشێکی گەورەی حەسەکەیان لەدەست دا. لە ١٨ی کانوونی دووەمدا، ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی ١٤ خاڵی، بە چاودێری ئەمریکا، واژۆکرا. بە پێی ڕێککەوتنەکە، کۆتایی بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری و یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی هەسەد لە ناو سوپای سوریا دەهێنێت.

بۆ کوردەکان، ئەم دۆخە بیرەوەرییەکی تاڵی مێژووە؛ دووبارەبوونەوەی ئەو ئەزموونانەیە کە لە ساڵانی; ١٩٢٣(لۆزان). ١٩٧٤(ڕێککەوتنی شا و سەدام لە جەزائیر)، ٢٠١٧ (ڕیفراندۆمی هەرێم) و ٢٠١٩ دا (داگیرکردنی عەفرین و سەریکانێ لەلایەن تورکیاوە) بینیان، جگە لە ڕوخانی کۆماری سورو ڕاگواستنەوەی کوردەکان بۆ کازاخستان و قرغیزستان، سەرکوتکردنی کۆماری مەهاباد، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئەنفال، کیمیاباران و هەڵەبجە بەرامبەر بە گەلێکی ئازادیخواز.

دوای ئەمە چی؟

ئاگربەستی کاتی چوار ڕۆژ یان تا کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کاتێکی چارەنووسسازە. یان کوردەکان یەکگرتنەوە قبووڵ دەکەن بەرامبەر بە مافە فەرهەنگییە سنووردارەکان، یان ڕووبەڕووی هێرشێکی گشتی دەبنەوە کە بوونیان وەک هێزێکی سەربەخۆ کۆتایی پێدێت. لە هەردوو حاڵەتدا، پرۆژەی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی کاریگەر گەیشتووەتە کۆتاییەکی کاتی.

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هاوڕێی هەمیشەیی نییە – تەنها بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیە. ئەمریکا کوردەکانی بەکارهێنا کاتێک پێویستی پێیان بوو، و جێیهێشتن کاتێک بەرژەوەندییەکانی گۆڕان.

 پرسیارێکە دەمێنێتەوە: ئایا سەرکردایەتی کوردی کەی فێری ئەزموونەکان دەبێت، یان مێژوو وەک هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خوێناوی؟

هەڤاڵ ڕەوف یەحیا

٢١/١/٢٠٢٦

سەرچاوە:

01- The New York Times  06.01.2026: Syria and Israel Revive Security Talks Mediated by the U.S.

 

https://www.nytimes.com/2026/01/06/world/middleeast/syria-israel-us-talks-paris.html

02- Axios 06.01.2026: U.S. proposed demilitarized economic zone on Israel-Syria border

https://www.axios.com/2026/01/06/isreal-syria-security-pact-negotiations

03- The Jerusalem Post 06.01.2026: US envoy Tom Barrack hails new Israel, Syria agreement as 'breakthrough

https://www.jpost.com/middle-east/article-882547

04- Reuters 06.01.2026: Israel, Syria to set up communication mechanism after US-mediated talks

 https://www.reuters.com/world/middle-east/israel-syria-set-up-communication-mechanism-after-us-mediated-talks-2026-01-06

05- U.S. State Department – Joint Statement 06.01.2026:

https://www.state.gov/releases/office-of-the-spokesperson/2026/01/joint-statement-on-the-trilateral-meeting-between-the-governments-of-the-united-states-of-america-the-state-of-israel-and-the-syrian-arab-republic

06- Al Jazeera (06.01.2026): Israel, Syria agree to dedicated communication line in US-brokered talks

 https://www.aljazeera.com/news/2026/1/6/israel-syria-agree-to-dedicated-communication-line-in-us-brokered-talks

07- Euronews Arabic 06.01.2026: Paris will host a new round of Syria-Israel talks in the presence of the United States

 https://arabic.euronews.com/2026/01/04/with-us-mediation-paris-hosts-a-new-round-of-syrian-israeli-talks-tomorrow

زۆرترین بینراو
دوای گەمارۆ نوێیەکانی واشنتۆن؛ ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "وێرانکەر" لە ئەمریکا دەکات
باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: ئاماده‌كردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كۆتایی هات و بۆ به‌غدا نێردرا
لاهور شێخ جەنگی، لەیادی هێرشکردنە سەر "لالەزار"دا شیعرێک بڵاودەکاتەوە
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق: زیاتر له‌ 16 هه‌زار خانه‌نشین دوای مردنیان موچه‌كانیان رانه‌گیراوه‌
چین له‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكادا: سزا و گوشاره‌ ئابورییه‌كان چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكه‌ن
قەرەیلان: بەبێ بەشداریکردنی ئۆجەلان چەکدانان ئەستەمە و یاساکەی تورکیا ناتوانێت کێشەی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکات
تره‌مپ: ئه‌گه‌ر پێویست بوایه‌‌، سه‌د جاری دیكه‌ هێرشم ده‌كرده‌ سه‌ر ئێران
حکومەتی عێراق: ٣٠ی ئەیلول کۆتا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە نەک چەکداماڵینی گروپەکان
فەرهاد ئەتروشی: پێشمەرگە جیاوازە و بنەمایەكی دەستوری هەیە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×