لە تورکیاوە بە پێ دەڕۆیشتین بۆ یۆنان کوڕێکی ئەسمەری تۆخی بیست تا بیست و پێنج ساڵانمان لەگەڵبوو دەیانوت سۆماڵییە، کاتێکیش لە یۆنان ھەفتەیەک کراینە زیندانەوە ئەو کوڕەمان ھەر لەگەڵبوو. زیندانەکە ھۆڵێکی گەورە بوو، نزیکەی ھەشتا کەسی تێدا بوو، توالێت و حەمامیشی تێدا بوو، جیاوازی خێزان و سەڵت نەبوو ھەموو بەیەکەوە بووین، زۆرینەمان کورد بووین، فارس و جەزائیری و مەغریبی و تورک و سووری و سۆماڵیشیمان لەگەڵبوو.
ھەموو قەرەوێڵەکان دوو قات بوون، خێزاندارەکان دوو قەرەوێڵەیان دەدا بە تەنیشتی یەکەوە و تێیدا دەخەوتن.
ئەو گەنجە سۆماڵییە گەنجێکی قەرەباڵخ و ڕووخۆش و ھەمیشە دەم بە پێکەنین بوو، بەردەوام لاسایی گیاندارانی دەکردەوە و ھۆڵەکەی دەخستە پێکەنین.
پۆلیسە یۆنانییەکان کە درەنگی دەکرد نیوەشەو دەنگی تەلەڤزیۆنی ڕاڕەوەکەیان بەرز دەکردەوە و تەنیا بێزاریان دەکردین، ئیتر تا درەنگێک کەس نەدەخەوت.
ئەم گەنجە لە تۆڵەی ئەوەدا کاتێک پۆلیسەکان بە ڕۆژ خواردنیان بۆ دەھێناین ھەر بۆ بێزاری پۆلیسەکان لاسایی پشیلەی دەکردەوە و ئەوانیش تێر جنێویان دەدا و نەیاندەزانی کێیە.
کوردەکان جگەرەیان بەم گەنجە دەدا و ئەویش لاسایی چەند گیاندارێکی بۆ دەکردینەوە و ھۆڵەکە لە پێکەنیندا دەنگی دەدایەوە.
جارێکیان کەوتمە قسەکردن لەگەڵی بە عەرەبی وتی خەڵکی سۆماڵی لاندم، ڕاستییەکەی من یەکەمجارم بوو ئەو ناوە ببیسم، وتم سۆماڵ، وتی نا سۆماڵی لاند!
وتی سۆماڵی لاند جیاوازە لە سۆماڵ، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە سەربەخۆیە و وڵاتێکی زۆر خۆشە، ھیچ کێشە و گرفتێکی سیاسی نییە و تا بڵێی وڵاتێکی سەوز و جوانە، ئیتر ئەوەندە وەسفی بۆ کردم کاتێک دەستم گەیشتەوە بە ئینتەرنێت یەکەم شت گەڕان بوو بەدوای سۆماڵی لاند.
سۆماڵی لاند یان خاکی سۆماڵ دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، لە ساڵی ١٩٩١ەوە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە و سیستەمەکەی کۆمارییە، بەڵام کەس بە فەرمی دانی پێدانەناوە (ئیسرائیل نەبێت)، زمانی سەرەکی سۆماڵی، عەرەبی، ئینگلیزییە، ئاسایش و سەقامگیری تێیدا بەردەستە جیاواز لە سۆماڵی باشوور، شوێنێکی گرنگی ستراتیژی ھەیە لەڕووی دەریاییەوە ھەر لەبەر ئەوەشە ئیسرائیل دانی پێداناوە.
کاتێک لە زیندانەکەی یۆنان بووین گەنجە سۆماڵی لاندەکە لەگەڵ ژنێکی سۆماڵیدا کردی بە شەڕ و پەلاماری یەکیاندا، ژنەکە خەڵکی سۆماڵەکەی تر بوو، لەوێ وتیان ئەو دووانە خۆشەویستی یەکتری بوون، دواتر دوای دە ڕۆژێک لە ئەسینا گەنجەکەم بینییەوە دوای چاک و چۆنی و ھەواڵپرسین لێم پرسی چییەکەی بە تەمای بۆ کوێ بڕۆیت، وتی ئێستا لەگەڵ خۆشەویستەکەم ئاشتبووینەتەوەو لە کەمپین، بەڵام بەنیازین بڕۆین بۆ فەرەنسا....
جا ئێستا ھەر کە باسی سۆماڵی لاند دەکرێت یەکسەر ئەو گەنجە ئەسمەرە ڕووخۆشەم دێتەوە یاد کە عەشق وای لێ کرد حیساب بۆ سنووری جوگرافیای سیاسی نەکات و عاشقی ژنێکی سۆماڵی ئەسڵ ببێت!
🔸 ئاڵاکەش ئاڵای سۆماڵی لاندە
