ئایا ھەڵوەشاندنەوەی pkk مەرجدارە؟

سەعید مەموزینی
  2025-05-10     672

لە رۆژی  ھەینی ٩/٥/٢٠٢٥ لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆج ئاڵان رێبەری زیندانیکراوی PKK پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەی دوازدەھەمینی خۆی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی خۆیدا، ئەوە دووەمینجارە PKK خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە، جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٩٩ لە دوای بە دێلگرتنی ئاپۆ  لە نایرۆبی پایتەختی وڵاتی کینیا.  ھەروەھا  ئەمڕۆکەش  لە دوای ٢٦ ساڵ  PKK ھەمان بڕیاریدا ھیوادارین ئەمجارە بە یەکجاری شەڕ لە باکوری کوردستان کۆتایی بێت.
بێگومان ئاشتی فەلسەفەی تایبەتی خۆی ھەیە، بە تایبەت بۆ نەتەوەی کورد کە ماوەیەکی درێژە شەڕی بەسەردا سەپاوەو زیاتر لەسەد ساڵە لە کوشت و بڕ دایە لەگەل داگیرکەران ھەرلە یەکەم سەرھەڵدانی  کورد بە سەرۆکایەتی شێخ عوبەیدوڵای نەھری لە ساڵی ١٨٨٠ زاینی تا بە ئەمڕۆکەش بە شێوەی پچڕپچڕ شەڕ بەردەوامبووە، ھیوادارین ئەو ھەوڵەی خیر خوازان سەرکەوێت، چونکە خێرخوازو شەڕخوازان ھەمیشە لە مڵمڵانێدان، ھەر وەکو لەشەڕ زۆرینە زیاندەبینن لە ئاشتیش بازرگانانی شەڕ کە باڵا دەستن زیاندەبینن، ئەوانیش ھەوڵدەدەن کێشە دروستبکەن و شەڕ بەردەوامبێت، چونکە ئاشتی  شەڕێکە لەگەل تاریکی، تاریکی واتە کوشتن ووێرانکردن و رووناکی واتە ئاوەدانی نرخی ئینسان.
ئەوە خۆ نابێت  شکست بێت بەڵکو بە ئاشتی پێویستە مافی  سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد دابین بکرێت، سەرکەوتن بێت بۆ کوردو تورک چونکە نابێت لایەنێک دۆڕاوو لایەنێک براوە بێت، دەبێت ھەردوو لا براوە بن، ھەروەھا چەکدانان پێویستە  مەرجدار بێت، چارەنووسی ھەزاران چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان  کە گەریلاکان کوردانی ھەموو پارچەکانی کوردستانن،  چی بەسەر دێت، خۆ ناکرێت چەک فڕێبدەن و برۆنە زیندان، ئەگەر چەکدانان و ھەڵوەشاندنەوەی PKK بێ مەرج و دەستکەوتبێت ئەوە ئاشتی نییە و شکستێکی مێژووییە ، بەڵام گومانیتێدا نییە پارتی کرێکاران بە ناوێکی دیکەوە لەناو باکوری کوردستان خەباتی سیاسی دەکەن، ھەروەھا زیاتر لە ٥٠٠ گوندەکانی سنوری باشوری کوردستان لە ئاشتی براوە دەبن، بە گشتی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان براوە دەبن.
ھەروەکو شەڕ بەرنامەی تایبەتی خۆی ھەبوو، پێویستە ئاشتیش بە پڵان و ئامانج بێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×