چوار رۆژ جەژنێکی سەخت بۆ خەڵکی کوردستان

سەعید مەموزینی
  2025-06-10     132

جەژن رۆژی خۆشییە بۆ خەڵک  بەتایبەت بۆ منداڵان، بەڵام ئەو جەژنە خەڵک  خۆشیەکی ئەوەتۆیان لێنەبینی، چونکە شتومەکی جەژن بە پارە دەکڕێت، کاتێ پارە نەبێت کەڵو پەڵی جەژن یان ناکرێت یانیش کەمی دەکەیتەوە، کە کەمتکردەوە، لە خۆشیی منداڵەکانت کەمدەکەیەوە، لە ھەمانکاتدا کار دەکاتە سەر دەروونی ئینسانی کورد بە شێوەیەکی زۆر نەرێنی، زۆر خانەوادە پۆشاکی جەژنیان بۆ منداڵەکانیان نەکڕی و بە منداڵەکانیان دەگوت موچە نییە، ئەوە تەنیا خانەوادەی ھەژاران دەگرێتەوە کە متمانەیان لەسەر موچەیە، زۆرینەی بەرپرسان تەقەی سەریان دێت، ھیچ منەتیان بە موچە نییە، چونکە لە کۆنەوە تێر ئاگای لەرسی نییە.
ئەمڕۆ دوو چین لە وڵات سەریھەڵداوە چینی بەرپرسان و زۆرینەی ھەژاران، چینی یەکەم ھەموو شتیان ھەیەو چینی دووەم لە زۆرینەی شتومەکی پێویستی رۆژانەش بێ بەشن، ھەرکات لە ھەر وڵاتێک دوو چین دروست بوون و مەودای چینایەتی بە قوڵی  بینرا، دیوار کەوتە نێوان خەڵک و ئەوانەی ئیدارەی وڵاتدەکەن مەترسییە بۆ داھاتووی ئەو وڵاتە چونکە ئابووری رەوڕەوەی پێشکەوتنی وڵاتە، کاتێ ئابووری لەگەشە کردن وەستا واتە وڵات بەرەو دواوە دەڕوات، چونکە کاتێ پارە لە گیرفانەکان نەبوو، بازاریش زۆر کز دەبێت، زۆرینەی خەڵک قەرزداری سوپەر مارکێتەکانن بۆ کڕینی شتی پێویستی رۆژانە خەڵکانێک ھەن حەب و دەرمانیش بە قەرز دەکڕن.
راستی نەخۆشییەکی ئازار بەخشە کاتێ جگەر گۆشەکان لە ھەندێ شتی پێویست لەبەر موچە بێ بەش بکرێن، ھەر چەندە ئازارو برینی دەروون ھوشیارکەرەوەی  مێشکی ئینسانە، و  ھیچ کێشەیەک بێ کۆتایی نییە، بەڵام پێویست بوو بەربرسانی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان لەو جەژنە کە پێویستی خەڵک بە پارە ھەبوو، موچەی خەڵکیان بدایە، بەھەر شێوەیەک بوایە، لە ھەر شوێنێکیان بھینایە، موچەی ئەو مانگەیان بدایەو لە راستیدا ئەگەر ھەرێم بتوانێت سێ مانگ  بۆ ساڵێک خۆی موچە بدات حکومەتی بەغدا خۆی دەھات لە دەرگای ھەرێمی دەدا، دەزانن مرۆڤی کورد خاوەن کەرامەتە تا موحتاج نەبێت داوای پارە ناکات، بەڵام بەراستی ئەمڕۆ خەڵک نیازمەندە، داوای ھاوکاری دەکات، لە ھەموو دەرگاکان دەدات، ئەگەر سەیری حکومەت وەکو باوک بکەین مافی منداڵە داوای پارە لە باوکی بکات.
بۆیە دەتوانین بڵێین  جەژنێکی تاڵ بوو، خەڵکیش نیگەرانن کە ھەڕەشەی نەھاتنی ھەشت مانگی داھاتوو نەھاتنی موچە کراوە، ئەوەش ناکرێت ھەشت مانگ موچە نەدرێت، لە ھەموو دونیا موچە خۆر ئایندەی خۆی  دەزانێت، لە کوردستان وەکو گیسکی ھەیاس لە زۆرینەی خەڵک کراوە، ئەوە فەلسەفەی سیاسی نییە بە شرۆڤە کردن وەڵامی بدەیتەوە، ئەوە ئابوورییەو بژێوی ژیانی خەڵکە، بە کۆبوونەوەکان چارەسەر نابێت، خەڵک دەیەوێت مافی خۆی وەربگرێت.
بۆ خەڵک گرنگ نییە کۆبونەوە دەکرێت یان ناکرێت ئەوەی بۆ خەڵک گرنگە موچەی خۆیان وەر بگرن لە کاتی خۆیدا، جگە لەوە لە ھەموو دونیا ساڵانە بە پێی گرانی بازار موچەی  موچەخۆرانیش زیاد دەکرێت لە کوردستان موچە سابتەو ھەندێکجار کەمیش دەکرێتەوە، ھیوادارم ئەو کەشە ناخۆشە بنبڕ بێت، وڵات بەرەو خۆشگوزەرانی بەرەو خۆشگوزەرانی  بۆ خەڵکێکی شایانی ئەو خۆشگوزەرانییە بڕوات.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×