کوردو گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین

بڕوا رەسول
  2025-03-09   

کورد وەک لەباری سروشتییەوە لە ھیچی کەم نییە بۆ ئەوەی وەک نەتەوە ئەژمار بکرێت، ئەما سیستەمی سیاسی جیھانی وەک نەتەوە ھێشتا ددانی بە ئەودا نەناوە. واتە کورد خاوەنی ھەمو توخمەکانی نەتەوەیەکی شارستانی ئەم سەردەمەیە، بەڵام کێشەی دانپانانی ھەیە. ئەم کێشەیەش لە سیستەمە جیھانییەکەدا بەبونی ستاتۆیەکی دەوڵەتی یان شێوەدەوڵەتی چارەسەر دەبێت، بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە کاری ڕژدتری بۆ بکرێ. بەجۆرێک لە ئاستە مرۆییەکەدا تاکی کورد پێویستی بە خۆ بونیادنانەوە و خۆبەخاوەنکردنی کێشەکەی ھەیە، لە ئاستە سیاسی و دبلۆماسییەکەشدا تێگەیشتن و ئامادەیی لە بڕیارە چارەنوسسازەکانی داڕشتنەوەی ناوچەکە و پێشکەشکردنی پرۆژەی سیاسی گونجاو، وەک سروشت و پێویستی گەل و نیشتمانەکەی دەیخوازێ بە ئەرکی لە پێشینەی قۆناغەکە بزانێت.
کورد لە نێوان پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پرۆژەی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ گۆڕانکاریی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین کارت و کاراکتەری دیارە و خاکی کوردستانیش بەشێکی گەورەی گۆڕانکارییەکانی تیادا جێبەجێدەبێت. بۆیە ھەر پرۆژەیەک بۆ داڕشتنەوەی ھەژمون و ھێزی سیاسی لە ناوچەکەدا دەیەوێت کورد لە بەرژەوەندی خۆی لە ناو پرۆژەکەیدا جێ بگرێ. تا دێت ئەوە ڕونتر دەبێتەوە کە پرۆژەی ئیسرائیل-ئەمریکا و پرۆژەی تورکیا بکەونە ململانێی سەختەوە.
پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا لە ھەر لایەنێکەوە ئامانج و ستراتیژی خۆی ھەیە.
- پەکەکە وەک نوێنەری کێشەی کورد، خاوەنی پرۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە. داوای نەتەوە یان کۆمەڵگەی دیموکراتی دەکا لە چوارچێوەی تورکیا. (عەبدوڵا ئۆجەلان) پێیوایە بۆ چارەسەری فرەیی و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی لە تورکیا، دیموکراتیزەکردنی خودی سیستەمی حوکمڕانی تورکیا پێویستە. بەم ڕێگەیە بەو مافانە دەگات کە سەدەیەکە نکۆڵی لە بونیان دەکرێت.
- دەسەڵاتی تورکیا گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، بە قبوڵکردنی داواکانی پەکەکە و ڕێبەرەکەیان دەوڵەتەکەیان لە پارچەبون دەپارێزن و ناسیۆنالیزمی کوردیش کە سەر لە دەوڵەتی کوردییەوە دەردێنێ وەلادەنێن. دوای ئەوە ھەژمونگەرایی خۆیان بەردەوام دەکەن. ئەو خەونەی کە لە میساقی میللی و بانگەشە پاوانخوازییەکانی دیکەوە کاریان بۆ دەکرد بەربەستی زۆر لەبردەمدایە و ئێستا دەبێ لەگەڵ کورد و بە ڕەچاوکردنی ھەندێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەم خەونەیان بەدیبھێنن،
مەترسییەکانی دەسەڵاتدارێتی تورک لە مەڕ پارچەبونی وڵاتەکەیان ھەر ناوەخۆیی نییە، بەڵکو دەرەکیشە. پرۆژەکانی ئیسرائیل-ئەمریکا کە وا دەردەکەوێت (ئەگەر جوگرافیا سیاسییەکەی ڕۆژھەڵاتی ناوین نەگۆرێت جۆری ڕژیمەکان دەگۆڕێت)، وەک مەترسییەک لەسەر خۆیان دەبینن. 
دوای نەمانی ھەژمون و مەترسی ئێران لەسەریان ئیسرائیل تورکیاش بە مەترسی دەبینێ، بە تایبەتی لە پشتیوانیکردنی لە ئیسلامی سیاسی توندڕەو لە ناوچەکەدا. ئەم مەترسیانە وایانکردوە دەوڵەتی تورکیا نزیکتر لە کورد خۆی نیشانبدات و ئەگەر وەک تاکتیکیش بێت ھەوڵی چارەسەری کێشە ھەرە گەورەکەی بدات کە کێشەی کوردە. ئیسرائیل بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورە لەسەر تورکیا دروستبکات و لە ستراتیژە پاوانخوازییەکەی بدات، یان ھەر ھیچ نەبێ وای لێ بکات نەبێتە بەربەستی بەردەم پرۆژەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین پێویستی بە کورد ھەیە.
ئەم دۆخە زۆر ھەستیارەی کورد دەرفەت و ئاڵنگاری زۆر گەورەی ھێناوەتە پێش. تورکیا دەیەوێ بە ھەر نرخێک بێ کور نەچێتە نێو ھیچ پرۆژەیەکەوە کە تورکیا بە مەترسی بۆ سەر خۆی بزانێ. ئیسرائیلیش دەیەوێ سود لە خاک و توانا و خواستەکانی کورد ببینێ و بەکاریبێنێ بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکەی خۆی. 
لەلایەکی دیکەوە ئە بۆشاییەی لە ھەرەسھێنانی ھەژمونی ئێرانییەوە دروستبوە ھەریەک لە تورکیا و ئیسرائیل دەیانەوەێ پڕیبکەنەوە، ئەم بۆشاییە بەشێکی گەورەی بە ھێزە مرۆییەکی کورد پڕدەکرێتەوە، بەڵام بە بونی پشتیوانییەکی گەورەی سیاسی و سەربازی. 
بە سەرنجدان لە ھەمو لایەنە سود مەند و زیانلێکەوتوانی داڕشتنەوەی تەرازوی ھێز لە ڕۆژھەڵاتی ناوین، شیاوی ئەوەیە کورد بە وریاییەوە لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا دابێت و پێشوازیش لە پرۆژەی ئیسرائیل-ئەمریکا بکات، (کە وادەردەکەوێت خۆی لە ناناوەندێتی ڕژێمەکانی ناوچەکەدا ببینێتەوە). بەجۆرێک خۆی لە پرۆسەیەک دایە وەک کارەکتەری سەرەکی و لەوەی دیکەشیاندا ھاوکارە بۆ وەلانانی ئەو ھێز و ڕژێمانەی کە بەربەستی گەورەبون لەبەردەم کێشەی دانپیانان و ھەبونی سەربەخۆیی سیاسی و بەرێوەبردن.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×