لەپەراوێزی سەردانی پاڕێزگارەكان بۆ ئێران

ئەركان ئەحمەد جاف
  2025-05-23     332

خوێندكاری دوكتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ

 

ئاشكرایە كە پەیوەندی و ئاوێتەبوونێكی دێرینی مێژویی و شارستانی لەنێوان كورد و ئەو جوگرافیایەی كە ئێستە پێێ دەگوترێت ئێران، هەبووە و تا ئێستەش بەڕادەیەكی زۆر ماوە، هەربۆیە بتەوكردنی تەواوی پەیوەندییەكانی كورد و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێراندا گرنگە و هەرچەندە زیاتر و باشتر بێت، كاریگەری زیاتر و باشتری لەسەر گەشەسەندنی سیاسی، ئابوری، زانستی و كەلتوری و... هتد دەبێت.

بەلام ئەوەی بۆ كورد لە هەرێمی كوردستان، لەپەیوەندییەكانی لەگەڵ هەروڵات و لایەنێكی دیكە گرنگترە، ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی پەیوەندی سیاسی، ئابوری و كەلتوریە لەنێوخۆدا، ئینجا گەشەپێدانی بۆ دەرەوە. ئەگینا وەك ئەو پەندەمان لێدیت كە دەڵیت: ئەم هەموو لایلایە دەزانیت، ئەی خۆت بۆ خەوت لێناكەوێت؟

بۆیە ئەوەی  لەسەردانی پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران مایەی سەرنج بوو، هەرچەندە دەكرێت زیاتر بێت، بەڵام لێرەدا لە دو سەرنج ڕادەمێنین.

یەكەم: ئەوەی لە لێكتێگەیشتن و لێدوانی لایەنی هەرێم و ئێراندا دەبینرا، ویستێكی باشی هەردولا و بەتایبەت پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بوو بۆ كردنەوەی سنوری نوێ و زیاتری نێوانیان. هەریەك لە پارێزگارەكانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە لای خۆیانەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی یادداشت و پڕۆژە بوون بۆ بەرپرسانی ئێرانی بۆ كردنەوەی مەرزی نوێ و هەریەكەیان هەوڵی دەدا زۆرترین داواكاری و ئامادەیی خۆی بۆ كردنەوەی مەرزی نوێ پێشكەش بكات، زۆر بە گەرمیش باسیان لە گرنگی ئابوری و ئەو مەرزە نوێیانە دەكردوە و كاریگەرییان لەسەر پێشكەوتنی ئابوری ناوچەكانیان دەخستەڕوو، تا ئێرە ئاساییە و بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتوودا بەرهەمەكانیان ببینین. بەلام ئەوەی لەناوخۆدا مایەی پرسیار و تێڕامانی قووڵە ئەوەیە كە، ئایا كەی مەرزە ئابوری و سەربازیەكانی نێوان پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر، یان ڕونتر بڵێین ئیدارەكانی زۆنی سەوز و زەرد دەكرینەوە؟ ئایا پێویست نییە لێتێگەیشتنێكی نێوان پاڕێزگارەكانی سلێمانی و هەولێر واژۆ بكرێت؟ ئاخر چۆن دەكریت تۆ ئامادەبیت مەرزی نوێ لەنێوان پارێزگاكەت و وڵاتێكی دیكەدا بكەیتەوە و ساڵانە باس لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ملیاران دینار بكەیت، بەڵام سنورەكانت بەڕوی شمەك و كاڵای پارێزگاكەی دیكەی مەملەكەتەكەی خۆتدا داخستبێت؟ هەر بەڕاست، نەدەترسان لەوەی پرسیاری پەیوەندییە ئابوریەكانی نێوان خۆتانتان لێبكە؟ ئەبێت وەڵامتان چی بوایە؟ ڕوتان هەبوو بڵێن ئێمە ڕێگە نادەین هیچ كاڵایەك لە نێوان پارێزگاكانماندا بگوازرێتەوە؟ چۆن چۆنی تێتان دەگەیاندن كە هاووڵاتییەكی ئێوە ئەگەر لەهەڵەبجەوە بەڕێبكەوێت بۆ دهۆك، دەبێت چەند بازگە ببڕێت؟ چۆن چۆنی باسی بازگە چەندسەد مەتر لێكدوورەكانی نێوان هەولێر و سلێمانی تان بۆ دەكردن؟ وەڵامەكانیان بۆ خۆتان بەجێدەهێڵم.

دووەم: پۆشینی پۆشاكی كوردی بوو لەلایەن پارێزگارە پیاوەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر جوانبوون و زۆریش لێیان دەهات، زیاتریش پێگەتانی بەهێزتر و جوانتر كردبوو، بۆیە مایەی دەستحۆشی و هیوای بەردەوامی پێدانە. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، ئێوە لە كە لە پارێزگاكەی خۆتاندا، قات لەبەری بۆینباخ لە مل و بێگانە بە پۆشاكی كوردی و مەگەر بۆنە تا بۆنەیەكی دیكە بیپۆشن، هەستتان چۆن بوو كە ئەو چەند ڕۆژە لە هەستان، دانیشتن، دانوستان، دیتنی سەرۆك كۆماری ئێران و تەنانەت پیاسەی ئێوارانی شاری تاران یشدا، پۆشاكی كوردی تان پۆشیبوو؟ ئەی بۆچی پێتان شەرمە لە پارێزگاكەی خۆتان بەو شێوەیە بن؟ ئەگەر پێتان شەرم نییە، ئەی بۆچی نایپۆشن؟ بەڵام پاساوێك باس مەكەن كە لە قەباعەت خراپتر بێت.

 ئەی هەربەڕاست،  نەترسان لێتان بپرسن، لەبیرتانە كۆتاجار كەی بوو پۆشاكی كوردیتان پۆشیوە؟ نەترسان بپرسن بۆچی لە ئیدارە و خوێندنگە و زانكۆكانتان، پۆشینی پۆشاكی كوردیتان یاساغ كردووە؟ بڵێی نەیانپرسیبێت، ئەی خانمە پارێزگارەكەی هەڵەبجە، بۆچی پۆشاكی كوردیی فەقیانەدار و كڵاوزەڕ داری نەپۆشیوە؟

لەڕاستیدا وەڵامەكانی هیچكام لە سەرنجەكان، لای نووسەر نییە، بەڵام جێی خۆیەتی بە تێڕامان لە سەرنجەكان، هەنگاوێك بۆ چارەسەركردنیان هەلبگیردرێت. ئاخر ناكرێت چوار پارێزگار هەڵوەدای كردنەوەی مەرزی زیاتر بن لەگەڵ وڵاتێكی دراوسێ و باسی بوژانەوەی ئابوری بكەن، بەڵام لەناوخۆیاندا، چەندین مەرز و بازگەیان دروستكردبێت. ئێ خۆ ناشكرێت، لە وڵاتێكی دیكە پۆشاكی كوردی بپۆشن و شانازی پێوە بكەن، بەڵام لە پارێزگاكەی خۆیان، یاساغ بێت و جگە لەبۆنەكان، ئیدی شەرم لە پۆشینی بكرێت.

هەرچەندە ڕوونە كە سەرنجەكان نادیدە دەگیردرێن، بەڵام مەحوی گوتەنی:

مەبزووە مەحویا لەم ڕێیە، تا دەبییە گەردی ڕێ

ئومێدە دەستی گەردت، هەر دەگا ئاخر بە دواێنێ.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×