خوێندنەوەی مێژوو، لەنێوان ۱۱ ئازاری 1970و ٧ حوزەیرانی 2020دا!

ئەركان ئەحمەد جاف
  2025-06-08     332

خویندكاری دوكتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ

 

مێژوو بۆ پەند لێوەرگرتنە، نەك خۆ كردن بە پەندی مێژوو.

لە ۱۱ ئازاری ۱۹۷۰، بەدەست ماچكردێك و پەنجە لەیەک ئاڵانێکی نێوان مەلا مستەفا و سەدام حسین و  پێکەوە دەستهەڵبڕینێکی برایانە و دەرکردنی بەیاننامەیەک، ڕێکەوتنی ۱۱ ئازاری ۱۹۷۰ ڕادەگەیەنن و ماوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە 4 ساڵ بوو، سەرکردایەتی ئەوكاتی کورد و عێراق  پێکەوە شارەوشار دەگەڕان و مژدەی ئاشتی و کۆتایی هاتنی نەهامەتیەکانیان دەبەخشیەوە و دروشمی "كێ بوو خۆی كرد بە شەكر، كاك ئەحمەد حەسەن بەكر" كرابوویە دروشمی سەركردەكانی كورد و نێو شارە كوردیەكان.

پێش ئەو بەروارە، پەیوەندی كورد و ئێران ئێجگار بەتین بوو، محەمەد ڕەزاشای ئێران گەورەترین پاڵپشت و پشتیوانی شۆڕشی كورد دژی عێراق بوو، هەربۆیە ا شای ئێران دژی ئەم ڕێکكەوتنە بوو، بەڵام کورد یەك حسابی بۆ نەکرد، ئەمەش شای نیگەران کرد، بۆیە شا ئەیویست هەرچۆنێک بێت لەباری ببات.

لای خۆشیەوە، عێراقیش زۆر هەوڵیدا کۆتایی بەپەیوەندیەکانی کورد و ئێران بهێنێت، بەڵام کورد پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەتینتر دەکرد و خودی مەلا مستەفاش لەو ماوەیەدا، چەند جارێک بەنهێنی سەردانی شای ئێرانی کرد.

سەرەنجام، لەنێو ئەم یاریە و لە بێ ئاگایی سەرکردایەتی سیاسی کورد، لە ٦ ئازاری ۱۹۷٥ ڕێکەوتنامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراق مۆر دەکرێت و سەرکردایەتی کوردیش (مەلا مستەفا، محسن دزەیی، محمود عوسمان) بەپەلە و هەڵەوداوان خۆیان دەگەیەننە تاران بۆ بینینی شای ئێران. بەڵام شای ئێران بەئەنقەست بینینیان دوادەخات بۆ ڕۆژی ۱۱ ئازار، تا پێیان بڵێت، چوارساڵ لەمەوپێشتان بیرە کە بەگوێی ئێمەتان نەکرد.. زۆریش لەنوسەران، ئەم کارەی شا بە سوکایەتی کردن بە وەفدی کورد لێکدەدەنەوە، شای ئێران هیچ بەڵێنێکی هاوکاری بەسەرکردایەتی کورد نەدا. سەرەنجام شای ئێران سەرکردایەتی کوردی ناچار بە داننان بە نسکۆ و ڕاگەیاندنی ئاش بەتاڵ کرد.

هەروەها لەساڵی ۲۰۱۷ و بەدیاریکراوی لە ۷ ی حوزەیران، سەرکردایەتی کورد بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەدات، دواتریش چەندین لێدوان دژی عێراق و سەرکردە عێراقیەکان دەدەن، هەروەها لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی (فواد حسین) بۆ بەدواداچوونی کاری ڕیفراندۆم و بەئەنجامگەیاندنی دروست دەکەن. وەک ئاشکراشە، دوای ڕیفراندۆم، کورد توشی دەردیسەری زۆرر بویەوە، هەر لە داواکردن لەعێراق کە دەرگای گفتوگۆی بەسەردا دانەخات و لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان تا دروستبوونی ئاڵۆزی نیوخۆیی و تەخوینکردنی یەکتری، لەگەڵ ئەوەشدا، دوای ماوەیەک وەفد لەدوای وەفد لەکوردستانەوە سەردانی بەغدای دەکرد و جوت حیزبی دەسەڵاتداری کوردی کەوتنەوە ململانێ لەسەر وەرگرتنی پۆست و پارەی بەغداد.

دوای پێکهێنانێ کابینەی کازمی لە عێراق، سەرۆکی لیژنەی ڕیفراندۆم کاندید دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراقی دراسێی دوێنێ و نیشتیمانی ئەمڕۆ.

ئیتر بەمەبەست بێت یان نا، دەنگدانی پەڕلەمان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، دوادەخرێت بۆ ٦ حوزەیران، واتە ڕۆژێک پێش هەمان ساڵیادی بڕیاردانی ڕیفراندۆم، ڕادەستکرنی پۆستەکەش دەخرێتە ۷ حوزەیران، دروست لە هەمان ڕۆژی ساڵیادی ڕیفراندۆم، وەک ئەوەی پێی بڵێن، بڕوانە ئێستەت و بڕوانە سێ ساڵی ڕابردوت.

دەی فەرموو كاكی سەرۆكی لیژنەی ڕیفراندۆم، ئێستە سوێند بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی عێراق و یەکپارچەیی عێراق بخۆ!!

بۆیە دەڵێین: مێژوو بۆ پەند لێوەرگرتنە، نەک دوبارەکردنەوە و خۆ بەپەند کردن.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×