ڕادەستكردنی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی خامنەیی بە ئەنجومەنی باڵای سەربازی، بۆچی؟

ئەركان ئەحمەد جاف
  2025-06-18     274

خویندكاری دوكتۆرا لە مێژووی نوێ و هاوچەرخ

 

ئاشکرایە کە خامنەیی باڵاترین بەهێزترین پێگەی سیاسی، سەربازی و ئایینی لە ئێراندا هەیە، لەڕوی سیاسییەوە، سەرپەرشتیار و چاودێری سەرجەم چالاكیە سیاسیەكان دەكات و ڕۆڵی هەیە لە دانانی كەسی یەكەمی دەسەڵاتەكانی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێكردن، بەرپرسیارە لە ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتی.

لە ڕووی سەربازییەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و بەرپرسیارە لە دانانی كەسیی یەكەمی هێزەكانی وشكانی، ئاسمانی و دەریایی، هەروەها لە ڕووی ئایینیشەوە، کەسی یەکەمی نێو سیستمی ویلایەتی فەقیھە و بە وەلی ئەمر و ئیمامی ئوممەت دادەنرێت و بڕیار و فەرمانەكانی بە فەتوا دادەنرێن و پێویستە جێبەجێبكرێن.

لە ئێستادا کە ئێران لە جەنگێكی سەختدایە، هەندێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی ئەنجومەنی باڵای سەربازیی وڵات كردووە، ئەمەش دەكرێت بەهۆی چەندین هۆكاری جیاوازەوە بێت، زیاتر دەتوانرێت لەڕووی ئایینی، سەربازی و ئەمنییەوە شیكاری بۆ بكرێت، لەدیارترین ئەو هۆكارانەش وەك:

یەكەم/ لە ئەگەری کوژرانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، تا دانانەوەی كەسێكی دیكە لە شوێنیدا كە بێگومان ماوەیەكی پێدەچێت، لەم كاتی جەنگەدا، بۆشایی فەرماندەیی سیاسی دروست نەبێت و بتوانرێت لە ڕێگەی ئەو ئەنجومەنەوە بڕیاری پێ پێویستی سەربازی بدرێت.

دووەم/ لە کاتی کوژرانی  هەر فەرماندەیەكی سەربازی، ئەو ئەنجومەنە بتوانێت بە خێرایی جێگرەوە بۆ فەرماندە کوژراوەکە دابنێت و چاوەڕێی فەرمانی فەرماندەی گشتی نەكەن.

سێیەم/ لە کاتی پچڕانی پەیوەندییەکان و دروستبوونی کێشە لە هێڵی ئەنتەرنێت یان سیستمی پەیوەندیکردندا، پەیوەندی نێوان فەرماندەی گشتی و فەرماندە سەربازیەكان نەپچڕێت و خۆیان بتوانن لەڕیگەی ئەو ئەنجومەنەوە فەرمان و ڕینمایی پێویست وەربگرن.

چوارەم/ بۆ دوورخستنەوەی مەترسی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، بە تایبەت دوای ئەوەی مەترسی ئەوە ڕاگەیەندراوە کە هاوشێوەی پەیجەرەكانی حیزبوڵا، ئەگەری تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی لە ئارادایە.

پێنجەم/ بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێتیە لە هەر پێش هاتێکی چاوەڕوانەکراو یان چاوەڕوان نەکراودا كە دێنە پێش، بۆ ئەوەی فەرمانەکان تەنها لە یەک کەسەوە دەرنەچن و فراوانتر بکرێت، بەمەش ئەركەكان فراوانتر دەبن و بەرپرسیارێتیەکانیش زیاتر دابەشدەبن، ئەگەر هەڵەبن یان ڕاست، ئەوا لەبری تەنها كەسێك، ئەنجومەنێك لێی بەرپرسیارە.

شەشەم/ بەهۆی دوری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە مەیدانی جەنگ و مانەوەی لە شوێنی نهێنی و دوور لە ئامێری پەیوەندی و ئینتەرنێت، کەمتر ئاگای لە ڕەوتی جەنگ و مەیدانی جەنگ بێت و توانای دەركردنی فەرمانی خێرا و پێویستی نەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوتی جەنگ دروست دەكات، بۆیە بەشێك لە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی ئەو ئەنجومەنە كردووە كە خۆیان لە مەیدانی جەنگدان و دەتوانن فەرمان و بڕیاری پێویست دەربكەن.

حەوتەم/ هەروەها لە ڕووی ئایینیشەوە، بەهۆی ئەوەی كە بڕیار و فەرمانەکانی فەرماندەی باڵای هێز چەکدارەکان لەهەمان كاتیشدا فەتوایەکی ئاینییە، ناكرێت بەرپرسیارێتی فەرمانی هێرش و جەنگ و کوشتار، هەروەها لە ئەگەری دروستكردن یان بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم یان كۆمەڵكوژ،  بخرێتە ئەستۆی کەسایەتییەکی ئایینی كە خۆی پێشتر فەتوای حەرامكردنی ئەو چەكەی دابێت و بەمەش دواتر ڕەخنەی ئەوەی لێ بگیردرێت کە فەتوای هێرش و كۆمەڵكوژی خەڵكی مەدەنی داوە.

هەشتەم/ لە کۆتاییشدا دەکرێت فەرماندە سەربازییەکان بە گرنگیان زانیبێت کە بۆ خۆیان لە کاتی پێویستدا فەرمان دەربکەن و سەرپەرشتی مەیدانی جەنگ بكەن و چاوەڕێی گەیشتنی فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەکەن کە لەوانەیە ماوەیەکی زۆری پێ بچێت، هەر بۆیە ڕێبەری باڵایان ناچار کردبێت ئەو دەسەڵاتانە بگوازێتەوە بۆ ئەو ئەنجومەنە سەربازیە لەپێناو ئەوەی بە خێرایی و بەپێی پێویست فەرمانی دیاریکراو پێویست دەربکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×