ئێوارەیەک سواری یەکێک لە تەکسیەکانی شار بووم، ھەر زوو ھەستم کرد کاکی شوفێر تا بڵێی توڕە دیارە، یەکسەر بێ سێ و دوو بە دەنگێکی پڕ لە ھەڵچوونەوە گووتی: داد و بێدادمە لە دەست خۆشناوان، ئای کە توڕە و بێزارم لێیان، ئاخر وەڵاھی وەبیللاھی خۆشناو دنیایان تێکداوە و مایەی بەڵا و کێشە و دەردەسەرین بۆ ھەموو خەڵک، وەڵا خەریکە لە دەستی ئەوان سەری خۆم ھەڵدەگرم و شار بەجێدەھێڵم. وەی کە بێزارم وەی کە ڕقم لێیانە، وەڵاھی دەستم بڕوات و بۆم بلوێت ھەرچی خۆشناوە لەو شارە ڕاویان بۆ دادەبەشم و ئاسەواریان ناھێڵم. کاکێ شوفێر ھەر درێژەی دەدایە قسەکانی و بە شێوازێکی زبر خۆشناو و خۆشناوەتی وێنا دەکرد. ئینجا گووتی ئاخر دەوەرە خۆت پێم بڵێ خۆت بە چی دەزانی؟ ئاخر چۆلەکە خۆت چی و گۆشتاوت چی؟ وەڵا بەدەستم بێت مز و قوڕقوشم دەخەمە ناو قوڕگی ھەرچی خۆشناو ھەیە، وەڵاھی بەدەستم بێت لێناگەڕێم ددانیان ھەبێت نانی پێ بخۆن و نینۆکیان ھەبێت خۆیانی پێ بخورێنن، بەدەستم بێت لەو قەراج و کەندیناوە و شارەزوور و گەرمیانەوە پشتی و پەرێزیان پێدەکەم و بارێکی قورسیان دەخەمە سەر پشتیان و گەرمیان و کوێستانیان پێدەکەم.
دواتر کاکی شوفێر ڕووی لە من کرد و گووتی کاکی برا تۆ دەڵێی چی؟ منیش گوتم کاکی شوفێر تۆ ھەموو قسەکانت کرد و ئەوەی بە دەمت داھات نەتگێڕایەوە، دوای ئەوە بۆچی ڕای من وەردەگری؟ دیاریش بوو کە منی دەناسی، بۆیە پێیگووتم، ئاخر کاک زیرەک من ڕای تۆم بەلاوە گرنگە، چونکە لەمێژە موتابەعەی دیمانە ڕادیۆیی و تەلفزیۆنەکانی تۆ دەکەم و نوسینەکانت دەخوێنمەوە و بە پیاوێکی باشت دەزانم. منیش پێم گووت، برا ناکرێت عەشیرەتێک کە لە دوو قەزا و چوار ناحیە و سەدان گوند پێکدێن ئاوا ھێڵێکی ڕاست و چەپی بەسەردا بھێنیت چونکە لە ھەموو شوێنێک باش و خراپ ھەیە، کاکی شوفێر ئەجارە توڕەتر لە جاران وتی، کاک زیرەک دیفاع لە خۆشناوان مەکە، چونکە خۆشناو پیاویان تێدانیە، منیش گوتم، بەڵام لە ڕوانگەی تۆوە من باشم؟ گووتی بەڵێ زۆریش باشی، گوتم دەنا من خۆشناوم!
کاکی شوفێر کە گوێبیستی ئەوەبوو یەکسەر گێڕی گۆڕی و ١٨٠ پلە بایدایەوە، گوتی کاک زیرەک وەڵاھی ڕاست دەکەیت، خۆشناویش پیاوی باشیان گەلێک زۆرە، بابم دەیگوت لە شۆڕشی ئەیلول لە ھێزی خۆشناوەتی بووم، ھەموویان ھەتا بڵێی پیاوی باش بوون، براکەشم دەیگوت لە زانکۆ چوار ساڵ چەندین برادەری خۆشناوم ھەبوون، وەی کە کوڕی باشبوون، شوفێر درێژەی دا قسەکانی و گووتی، دایکیشم دەیگوت لەو گەڕەکی سەیداوەیەی ھەولێر کۆمەڵێک دراوسێی خۆشناومان ھەبوون، ھەموویان دەتگوت فریشتەن و یەک لە یەکی بەڕێزترن. دواتر کاکی شوفێر گوتی کاک زیرەک لە وڵاتەکەی ئێمە کەس نییە بە قەد خۆشناو پیاو بن!
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەو گشتاندن و دوالیزمەی تاکی کوردی لە کوێوە سەرچاوی گرتووە؟ ئایا لەم بارەیەوە پێویست نەبوو دەیان توێژینەوە بکرێت؟