تکایە منداڵ مەکەنە کەرەستەی میدیایی!

بەیان ناسیح
  2026-04-26     394

کۆمەڵناس

 

منداڵ یەکەمین قوربانی کارەساتەکانی شەڕە ،شەڕ ژیانی مندال وێران دەکات. مێشکی منداڵ لەو ئاستەدا نییە کەبتوانێ وەکو گەورە لەگەل کارەساتەکاندا مامەڵە بکات. کاتێ منداڵ ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی دەروونی دەبێتەوە کەژیانی سەرەوخوار دەکات، لەو کاتانەدا ئارامکردنەوەی منداڵ گرنگترین کارە کە گەورەکان پێویستە بۆ یارمەتیدانیان ئەنجامی بدەن. زانست دەیسەلمێنێ کە ئەمە هۆکارێکە بۆ پاراستنی منداڵ لەدەرئەنجامە درێژخایەنەکانی "تراوما"، تەنانەت کاردەکاتە سەر ئەوەی منداڵ لەژیانی گەورەییدا تا چەند لەناڕێکی دەرونی پارێزراو بێت. بوونی گەورەیەکی گوێگرو تێگەیشتوو وا دەکات منداڵ بەکەمترین زیان لەناو کارەساتەکاندا تێپەڕێت. لێرەدا مەبەست لە تراوما ئەو ڕووداوە ترسناکانەیە کە ڕوودەدەن و مرۆڤ هێچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا  نییە.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕو هەڕەشەی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و ئێران، کوردستانی باشور بوو بەیەکێ لەو ناوچانەی نەک تەنیا راستەوخۆ کەوتە بەرهێرشی درۆنی ئێران بەڵکو دوژمنیکی تری ناوخۆیی لەبەرامبەردا قووت بووەوە کە  (بەکرێگیراوەکانی حەشد)ی باڵی درێژکراوی ڕژێمی ئیسلامی ئێرانە. ئەمەش وای کردووە لەهەرکات و ساتێکدا پەلامار بدەن و تائێستا چەندین کەس بوونەتە قوربانی و پەلامارەکان هەر بەردەوامە. لەم کاتانەدا ئارامکردنەوەی منداڵ و قسە کردن لەگەڵیان بەپێی تواناو تەمەنیان پێویستییەکی هەنووکەییە؛ لەکاتێکدا کەس نازانێت لەڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر چی ڕوودەدات. لەلایەکی تروە، میدیای کوردی بەبەردەوامی لەکات و ناکاتا، چرکە بەچرکەی هەواڵەکان پەخش دەکات. لەم نێوەندەدا هاوسەنگی لەنێوان کاری ڕۆژانەیی میدیاو بەرپرسریارێتیان لە بەرامبەر منداڵان (وەک ناسکترین  ئەندامانی کۆمەڵگا) ڕانەگیراوە. 

شەڕو نەهامەتی بەردەوامە و یەخەی کوردستانی بەرنەداوە، بەڵام لەهەمان کاتدا هەندێک ڕووداو هەن هەرگیز نابێت بەلامانەوە ئاسایی بێت. بۆیە لێرەدا ڕووی پرسیارم ئاڕاستەی هەموو میدیاکارانی کوردستان دەکەم، چ ئەوانەی لەکەرتی فەرمی یان نافەرمیدا کاردەکەن: ئایا رازین بەو دیمەنەی کە پەیامنێرێک لەگەل منداڵیکی پێنچ ساڵانی دڵشکاو و ڕووحبریندار قسە دەکات، لەکاتێکدا ئەو منداڵە لەچرکەیەکی نیوەشەودا و لەناو شیرینی خەودا، دایکو باوکی بەدڵتەزێنترین شێوە لەدەست داوە؟.

بەڵی مەبەستم ئەو ڕووداوەی کە لە گوندی "زەرگەزەوی" ناوچەی زرارەتی لەسەرەتای مانگی نیساندا ڕوویدا. دەتوانین بڵێین ئەو کارەساتە تەنیا تراژیایەکی خێزانی نەبوو، بەڵکو تراژیدیایەکی گشتی هەموو کوردستان بوو. دوو منداڵ بۆ هەتا هەتایە لەخۆشەویستی و باوەشی دایکوباوکیان بێبەش کران.

بۆ دەبێ و مەبەستی ئەو پەیامنێرە چییە کاتێ لە خوشکە پێنچ ساڵانەکە دەپرسێت: " دایک وباوکت لەکوێن؟". منداڵەکەش ناچار بەهەنسک و گریانەوە وەڵام دەداتەوە: " لەگۆڕدان ". ئایا پێویست بوو ئەو پرسیارە لەو منداڵە بکرێت؟

ئەمە خۆی لەخۆیدا تراژیدیایەکی تری ناو میدیای کوردییە؛ کە لەمنداڵیک بپرسی لە ناو توندترین شۆکی ژیانی دایە: “دایکت و باوکت لە کوێن؟” لەکاتێکدا تۆ وەک میدیاکار بەباشی دەزانیت چی ڕوویداوە!

بەبۆچوونی من، میدیای کوردی بەگشتی بە سێ شێوە منداڵ نیشان دەدات؛

لەکاتی کارەساتەکاندا.

 بۆ پێکەنین و کات بەسەربردنی گەورەکان (بەتایبەت کاتێ کمندال قسەیەکی خۆش دەکات.

 لەقالبی سیاسەتدا (جا هەرجۆرە بانگەشەیەکی سیاسی بێت کە نموونەمان لەم بوارەدا زۆرە).

هەر بۆیە تکایەکم لە بەرپرسیارانی هەموو مێدیاکانی کوردستان، سەندیکای ڕۆژنامەوانان، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە: پێکەوە کار بۆ گەڵاڵەکردنی هێڵێکاری و چوارچێوەیەکی یاسایی بکەن بۆ ڕێنمایی کردنی میدیاکان لە مامەڵە کردنیان لەگەل منداڵدا. با چیتر ڕێگە نەدرێت مندال بکرێتە بابەتێکی میدیایی ڕاستەوخۆ و کەرەستەی هەواڵ. ئاشکرایە منداڵ ناتوانێت لەو کاتانەدا ڕەزامەندی خۆی دەربڕێت، یان بە "نا" وەڵامی گەورەیەک بە بداتەوە و بڵێ: "بەڕێز من ئامادە نیم وەڵامی ئەوپرسیارە بدەمەو!"

لەئەنجامی ئەزموونی چەند سالەی کارکردنم لەگەڵ ئەو منداڵانەی لەناو تراومادان لەسویدو لەکوردستان (بەتایبەت لەگەل لەناو منداڵانی ئێزیدی لەدووای پەلاماری داعش لەساڵی ٢٠١٤)، ئەم خاڵانە خوارەوەم پێ بیردەخاتەوە:

منداڵێک کەلە ناو شۆکدایە، دەبێت زۆر بەشارەزایی وهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەل بکرێت.

دەبێیت کات، شوێن و مەبەستێکی ڕوون هەبێت، پێویستە بزانین بۆچی ئەو کارە دەکەین ؟ هەرکارێکیش دەکرێت، دەبێت تەنیا لەبەرژەوەندیی منداڵەکەدا بێت

منداڵ مافی هەیە بزانێت تۆ وەکو گەورەیەک بۆ دەتەوێت قسەی لەگەل بکەیت

منداڵ ناتوانێت خۆی لەبەرامبەر گەورەکاندا بپارێزێت، ئەگەر گەورەکان نەیپارێزن

منداڵ لەو ساتە هەستیارانەدا توانای " نا" کردنی نییە  

بۆیە پێشنیاری ئەم سێ خاڵە دەکەم:

١. داڕشتنی یاسایەک بۆ ڕوونکردنەوەی سنوورەکان، بە مەبەستی پاراستنی منداڵ لەبەکارهێنانی ڕاستەوخۆیان وەک کەرەسەی میدیایی لە کاتی شەڕو لەئاشتیدا

٢. ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان و دانانی  "ستاندارد" دانان  بۆ کارمەندانی میدیا لەسەر چۆنیەتی دەرخستنی منداڵ لەڕووماڵەکاندا، بەجۆرێک بەرژەوەندی منداڵ دەبێت لەپلەی یەکەمدا بێت

٣. دروستکردنی تیمی پسپۆڕ بۆ پشتیوانی دەروونیی منداڵ لەکاتی قەیران، شەڕ، کارەساتی سروشتی و کۆمەڵایەتیدا. زۆربەی ئەو گەورانەی لەمنداڵەوە نزیکن، خۆشیان لەوکاتانەدا تووشی شۆک دەبن ، بۆیە بوونی کەسانی پسپۆر گرنکە بۆ هاوکاری گەورەکان لەچۆنیەتی مامەڵەکرن لەگەل منداڵدا لەو کاتە ناسکانەدا.

 

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×