هەنگاوێک بە ئاراستەی هەستانەوەی ناڕەزایەتیەکان!

بەهادین حاجی بەکر دارتاش
  2025-08-13     473

١

ئەمڕۆ ستەمگەری و ناعەدالەتی  ئەم دەسەلاتەی هەرێم و بغداد گەشتووە بە شوێنێک کە مرۆڤ سەرسام دەبێت بەم لوتکەی نابەرپرسیایەتی و شانخالی کردنەوەی ئەم دەسەڵاتە بێباکە بۆیە بەبڕوای من بەدەر لە هەموو ئەو جیاوازانەی کە لە لێکدانەوەکانمانا دەکرێ هەبێت، هیچ کەس و لایەنێکمان ناتوانین لەسەر ئەوە کۆک نەبین  کە ئەم ستەمگەریە پێویستی بە ستۆپ پێکردن و ڕاگرتن هەیە کە چەکی ئەم ستۆپ پێکرنەش راوەستانەوەو بەگەرخستنی ئیرادەمانە، هزو باوەری بڕیاردانە لەسەر وەلامدانەوەیەکی شایستە بەم هەموو سوکایەتی پێکردنەی کە حورمەت و کەرامەتی ئینسانیمانی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە!

کەواتە ئەگەر کۆکین لەسەرئەوەی کە چارەنووسی خۆمان نەدەینە دەست ئەو پەرچەکردارە خۆرسکی و بێ بەرنامەیەی کە ئەستەمە بتوانرێت ئایندەیەکی باشترو ئەرێنی لێبکەوێتەوەو تەنانەت نەبێتە هەوێنی دەستئاوەلا کردنی  ئەم دەسەلاتە بۆ ڕەوایدان بە سەرکوتگەری و لە خوێن هەلکێشانی جەستەمان، ئەوا بەدلنیای پێویستمان بە هێنانەوە مەیدانی هێزێکە کە ڕێگە بە تەبدیل بوونی ئەم دەسەلاتە بگرێت بۆ هێزێکی فاشیست.

 هەقیقەت ئەوەیە ئەگەر کارێک نەکرێت بۆ ڕێگرتن لە خولقانی ئەو سیناریۆ ڕەشە، دوورنیە تارمای ئەم قۆناغە سەر لە خۆسەپاندنی وەها هێزێکی فاشیستەوە دەربکات بۆیە بە هەمان ئەندازە  

ئایندەی بزوتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتیەکانیش لەژێر کاریگەری و مەترسیەکانی ئەم بارودۆخەدایە، لەم سونگەیەوە ئەگەر دەروازەیەک بە ڕووی دەرباز بوون لەم بارودۆخە نەکەینەوە،  ئەوا یەدووری مەزانن کە لە ژیانێکی یەکجار کارسەتبارتردا نغرؤ ببین هەر بۆیە کاتێک دێنە سەر باسی ئایندەو چارەنووسی ناڕەزایەتیەکان، واتە دەستمان بۆ بابەتێکی یەکجار  زیندو هەستیار بردوەو لە ئاستێکی بەرچاودا هەست بە مەترسیەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەیە دەکەین کە هەر ئێستە پاشەکشەیەکی بەرچاوی پێکراوە..

بەمانایەک ئەگەر بەتایبەتر بیرێک لە گۆڕینی ئەم دۆخە نەکەینەوەو هاوکات هەنگاو بۆ وەلامدانەوە بە بەربەستەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەیە هەلنەهێنینەوە ئەوا دوورنیە دۆخەکە ڕووبەڕووی ئایندەیەکی خراپترو مەترسیدارتر بێتەوە بەتایبەت ئەم نیگەرانیە لە کاتێکدایە کە  دۆخی گشتی ناوچەکەش وەک فاکتەرێکی جدی بۆخۆی بارگرنیگەلێکی تری لەکۆڵ ناوین کە دەکرێت ئەزمەو گرفتاریەکانی ژیانی ڕۆژانەمان قوڵتر بکاتەوە.

 کەواتە ئەگەر بمانەوێت کاریگەریمان هەبێت لە ڕێگری بە هەر ئەگەرێکی ئیحتیمالی و هەر داڕمانێکی زیاتری ئەم کۆمەلگایە، ئەوا ئەم بزوتنەوەیە مەحکومە بە  دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لە لایەن هەموو ئەو هەلسوراو ڕابەرانەی نارەزایەتیەکان و هەموو ڕێکخراو دەستەو ئەنجومەنەکانەوە، ئەرکی فەوری و دەستبەجی هەموو ئێمەیەو ناکرێت ڕێگە بدەین ئەم بێدەنگیەی ئەمڕۆمان لەمە تەمەن درێژتر بێتەوە.

کەواتە ئەم بارودۆخە پێویستی بە تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەو بەدواچوونە پێویستی بە وەلامدانەوە بە خەموپێچ و ئاستتگیەکانیەتی، پێویستی بەنەخشەو پلان و بەرنامە، پێویستی بە خۆرێکخستنەوەو  پیاچوونەوە بە تاکتیک و شێوازی کارو چۆنیەتی مامەلە کردنە لەگەل هەردوو تەرەفی دەسەلاتی هەرێم و ناوەند،

پێویستی بەچاوگێرانەوەیە بە هەموو هەلەو کەمووڕیەکانی رابردومانەوە هەیە، هەروەک نیتشە دەلی (لە سەردەمی رێکەوتنا ئینسان هێرش دەکاتە سەرخۆی )واتە بەخۆیدا دەچێتەوە ، ئەم کارە بۆ ئێمە پێشمەرجە چونکە رێکەوتن و دانوساتیشمان بەخۆمانەوە بینی بەلام بە ووشەیەک نەمانوت کێشە و کەموکوڕی و هەلەکانمان چیە!

بەتایبەت کۆی ئەم پیاچونەوانە لە کاتێکدا زۆر گرنگترە کە بزانین  تێگەشتن و هەلسەنگاندمان لەگەل ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی دوو ساڵ لەمەوبەر کە دەیان هەزار   مامۆستا و کارمەنداو خەلکی نارازی و ئازادیخواز تێدا بەشدار بوو. گرنگە  لەئێستەدا بەوردی تاوتوێ هۆکارەکانی پاشەکشە پێکردنی ئەو بزوتنەوە جەماوەریە خۆراگرو پڕ ئیرادەیە بکەینەوە.

جێگەی خۆیەتی زۆر تایبەتتر قسەی خۆمان لەسەر  پاشەکشە  پێکردنە بەردەوامەکانی ئەم قۆناغەمان بکەین بە تایبەت لە دواین خولی هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، کە لە نێو جەماوەردا جۆرێک لە نائومێدی دروست کردوەو کاریگەریەکی یەکجار گەورەی لەسەر باری دەرونی و مەزاجی هاولاتیان و دۆخی گشتی  داناوە.

بۆیە وەلامدانەوە بە پرسیاری (چی بکەین) ئەرکی دەستبەجی هەموو ئەو کەسو لایەنانەیە کە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرامبەر بەم بارودۆخەدا بۆیە ناسین و تێگەشتن لە خودی بارودۆخەکەو هۆکاری ئەوەی کە.

ئایا بۆ نارەزایەتیەکان نەیتوانی هیچ لەو جەنگ و گفتوگۆو ساتەسەودایە بچنێتەوە، پێشمەرجێکی هور هەنگاوهەلهێنانەوەیەکی ئایندەمانە. دەبێت لە خۆمان بپرسین کە بۆچی زۆربەی زۆری داواکاریەکانی ئەو نارەزایەتیانە بێ ئاکام مایەوە، بۆ لەپاش خۆپیشاندانەکان رۆژ بە رۆژ زیاترو زیاتر پاشەکشەی پێکراوە،

بە کورتی   خستنەرووی هۆکارەکانی شکستی ئەم جولانەوویە چی بوو ئەمانەو گەلێک پرسیاری تر دەکرێت لە بەشی دووەمی ئە نووسینکەدا تاوتوی دەکەین.

 دواجار چی بوو چارەنووسی بزوتنەکەمانی گەیاند بەم رۆژگارە کە نەک تەنانەت بۆ یەک جاریش قسەیەک لەسەر بردنە سەرەوەی مووچەکان و دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەو گەرانەوەی مووچە پاشەکەوت کراوەکانیشمان نەکەین، تازە بگەرێنەوە بۆ بازنەی دانی مووچەکانمان  بە سێ مانگ جارێک.

ئەوەی کە لێرەدا خستمانە ڕوو تەنیا پێشەکیەک بوو بۆ چونە نێو هەلسەنگاندنی هەمەلایەنەی  ناڕەزایەتیەکانی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. بۆیە لێرەدا وەک  کردنەوەی دەروازەی باسەکەو خستنە ڕووی بۆچوون و سەرنجەکانی خۆم چەند خالێک دەخەمە ڕوو بەهیوای ئەوەی وەک چوارچێوەیەک جێگەی سەرنجتان بێت، تا پێکەوە بتوانین دواجار کۆی گشتی باسەکە یەبدەیت بکەینەوەو  ئەنجامگیریەکی دەولەمەندتری لێبکرێت.

بۆیە هیوادارم کە زۆرترین ژمارەی  هەلسوراوانی ئەم بزوتنەوەیەچ لە رێگەی دەربڕینی بیروڕای خۆیانەوە یان لە باشترین جالەتدا لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی رووبەڕوو ڕاشکاوانەوە بتوانێت خالە هاوبەشەکانمان بکەینە هەوێنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش بۆ دووبارە هەستانەوەی ئەم بزوتنەوەیەو لە ڕێگەی داڕشتنەوەی نەخشەو پلان و ئامادە کاریەکانی  پلاتفۆمێکی هاوبەشی ئەوتۆ کە شایستەی لەئەستۆگەتنی ئەو ئەرکە بێت. بۆیە  هیوادارم تێگەشتنی هاوبەشمان دەرفەتێکی  گونجاو بڕەخسێنێت بۆ سەرلەنوێ هەستانەوەی نارەزایەتیەکانی کوردستان!

٢

لەم بەشەی باسەکەماندا هەول دەدەین  نەک تەنیا لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی نارەزایەتتەکانی دوو سال لەمەوبەر ئاوڕلێبدەینەوە، بەلکو تیشکێک بخەینە سەر رووداوەکانی دواترو ئەو بابەتانەی کە دەتوانێت بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەپۆلی نارەزایەتیەکان کاریگەریان هەبێت و ناچاربین بە لەبەرچاوگرتنیان بۆیە گرنگە ئاورێک لەو ئەزموونە بدەینەوە کە پێنج مانگ هەزاران مامۆستاو کارمەند مێژوویەکی نوێ پڕ جەسارەت و راوەستاویان لە جەرگەی نارەزایەتیەکانی کوردستاندا تۆمارکرد ئەزمونێکی پردەستکەوت!  

ئەوە ڕۆشنە کە خەباتی ئەو ڕۆژانەی مامۆستایان لەو قۆناغەدا گرنگیەکی بەرچاوی هەیە و دەکرێت  بە هەموو لاوازی و کەموکوڕیەکانی خۆشیەوە وەک خالی پرشنگدارو درەخشاوەی مێژووی نارەزایەتیەکانی کوردستاندا لەقەلەمی بدەین بۆیە گرنگە لەمبارەوە ئاوڕێک لە کۆی گشتی ئەم ئەزموونە بدەینەوەو بزانین لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکانی چی بووە!

یەکەم / زۆربەمان ئاگادارین کە مامۆستایان توانیان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ  بە ئیرادەیەکی بەرزی بێ وێنەوە بەبێ مووچەو هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان درێژە بە ناڕەزایەتیەکان  بدەن، کە ئەمە ئەم جولەیە لە مێژووی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کوردستاندا ڕیکۆردی شکاندو ماوەی پێنج مانگ درێژەی کێشا،

دووەم / ئەم ناڕەزایەتیانە سەلماندیان، کە کێ لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات ، سەلماندی کە دەسەڵات بۆ داسەپاندنی ئامانجەکانی خۆی چەندە بێباکە لە دەست بردن بۆ هەر ڕەوشتێکی فریوودەرانەو سەرکوتگەرانە.

سێهەم / بەشداری باڵای ڕێژەی ژنان، لە خۆپیشاندانەکاندا خاڵێکی تری پرشنگدار بوو، کە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر فراوان بوونەوەی بازنەی نارەزایەتیەکان و نیشاندانی ئاستێکی بالاتر لە کۆی گشتی کۆمەلگاو سیمای شارستانی بوون دەخالەتگەری و بەرابەر بوونی ژن و پیاو لەم کۆمەلگایەدا .

چوارەم/ دەستکەوتێکی گرنگی ئەو ناڕەزایەتیانە، قۆرغ نەکردنی شەقام بوو لەلایەن ئەو حیزبانەوە کە مامەڵە بە ئیرادەی جەماوەرەوە دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئیعتمادکردنی خەڵک هەبوو لە پرۆسەی خۆپیشاندانەکاندا،

پێنجەم/ یەکێک لەخاڵە پرشنگدارەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئەو قۆناغە، فەزاو پێشوازی کردنی کۆمەڵگاو چونەسەرەوەی هیوای خەڵک بوو بۆ پشتگیری کردن، لە داخوازیەکان …

 بە دلنیای دەکرێت چەندین خالیکە بخەینە سەر خەرمانی ئەم لایەنە پرشنگدارانە کە جێگەی شانازی بوون بۆ هەلسوراوانی ئەو جولانەوەیە !

لێرەدا دەکرێت هاوکات ئاماژەیەک بە خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە بکەین کە بەم شێوە بوو، کە بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروست زۆر گرنگە کە زیاد لە هەرشتێک بەوردی چاوبگێریت بەخالە لاوازەکانداو بەباشی بینناسیتەوەو ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دووبارە نەبوونەوەیان بدۆزینەوە، لەمبارەشەوە سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانە ڕادەکێشم!

یەکەم / یەکێک لە خالە لاوازەکانی نارەزایەتیەکانی دوو ساڵی ڕابردو نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن بوو، کە بتوانێت خوێندنەوەیەکی دروستی هەبێت لە ئاراستە کردنی هەنگاو بە هەنگاوی جولانەوەکەو بەهرەمەند کردنی لەنەخشە ‌ڕێگایەکی هێندە کارا کە بتوانێت بە ڕوئیایەکی ڕۆشنەوە پرۆسەی بەسەرکەوتن گەیاندنی جولانەوەکەی لەڕێگەی پلان وتاکتتکی دروستەوە بەرەو ئەو خالە ستراتیجیە بەرێت کە هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی جەماوەرەکەیدا  بگۆڕێت.

 دووەم / نەبوونی ڕابەریەکی تەبا،  یەکێک لەگرنگترین ئەڵقە سەرەکیەکانی هەر جوڵانەوەیەکە، بوونی ڕابەریەکی کاراو وشیارو تەباو جۆشخواردوە بەبەدەنەی ڕێکخراوەکەوە ، بەدلنیای ئەمە پێشمەرجێکی چارەنووسازە بۆ ئاراستە کردنی هەرجولانەوەیەکە. نەبوونی ئەو ڕابەریە تەبایە دۆخێک دروست دەکات تەنانەت بۆ ئەنجامدانی بە نموونە خۆپیشاندانێکیش هەرجارەی بەشێک لەو رابەریە دەستی بۆ ببات، بەبێ ئەوەی کە ئەو کارە یەک دەست جێگەی پێشوازی هەموو ڕابەریەکەی بێت. کە ئەم حالەتی ناتەباییە شۆر دەبوویتەوە بۆ خوارەوەی ناوخۆی رێکخراوەکە و جۆرێک لە لێکترازان  ناتەبای قوڵتر دەکاتەوەو  دەبێتە هۆی لاواز دەرکەوتنی کۆی جولانەوەک.

سێهەم / نەبوونی تاکتیک و شێوەکار گونجاو لەمپەرێکی گەورە بوو بۆ وەڵام بە نیازی جوڵانەوەکە!

یەکێک لەچەق بەستووی ئەم جوڵانەوەیە لە تاکتیک و شێوەکارەکەیدا خۆی نیشان دەدات، وەک دەزانن بۆ ماوەی ١٦٠ ڕۆژ ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان لەو قۆناغەدا لەبازنەی بایکۆت+ ڕێپوان وخۆپیشاندانا خولایەوە، لەکاتێکدا دەتوانرا تاکتێکی زۆر کاراتر بەدەستەوە بگرین، لەچەشنی دانانی خێمە بۆ درێژماوە، وەک ئەوەی کە پێشتر لە کفری ئەنجامدرا.

یەکێکی تر لەو ڕێگەو ڕەوشتانە جەماوەریانە مانگرتنی دوکان و بازاڕەکانە هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی کە لەهەڵەبجە نیشاندرا، یان ئەوەی کە لە کۆتا ڕۆژەکاندا مانگرتوانی بەردەم (یوئین)دا ئەنجامدرا بۆ پشتگیری لە مانگرتووان.  چڕکردنەوەی کارەکانمان لەخاڵە سنووریەکاندا هاوشێوەی ئەوەی کە پێشتر خەڵکی پێنجوێن هەنگاوێکی سەرکەوتوانەیان ئەنجامدا، لە ڕێگەی گرتنی خاڵی سنووری ئەم شارەوە، کە وەک یەکێک لەشادەماری پێگەی ئابووری کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دەسەڵات دانا بۆیە ناچاربوون بە وەلامدانەوە بەشێکی زۆر لەداخوازیەکان هەروەها دواتر ئەو هەنگاوە سادەو سەرەتایەی کە لە عەربەتدا ئەنجامدرا بەهۆی رێگری لە تانکەرە نەوتەکانەوە .

 چوارەم / لایەنێکی تری لاوازی ئەم تاکتیک و شێوەکارە، چۆنیەتی هێنانە مەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگایە، کە دیارە لەوەرزی دووهەمی ناڕەزایەتیەکانەوە، هەولێک پەیدابوو بۆ کارکردن بەوئاراستەدا کە  هەوڵێکی چڕوپڕتر  بدرێت بۆ بانگەوازکردنی هەموو چین و توێژەکان بۆ پەیوەست بوون بەناڕەزایەتیەکانەوە بەلام بەداخەوە شێوازی کارەکە بەجۆرێک بوو کە هاتنەمەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەخرایە خزمەت ئامانجەکانی مامۆستایانەوە، کە تا ئەو شوێنەی بەهاوپشتی کردن دەگەڕێتەوە ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام نەدەبوو هەموو.

چاوەڕوانیەکە ئەوەبێت کە بەشەکانی تری کۆمەڵگا تەنیا سێرڤس بەناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بدەن، بەڵکو دەکرا هاتنەمەیدانی ئەوان بەخواست و دواکاریەکانیانەوە جەبهەی کێشمەکێش و ڕاوەستانەوە دژ بەدەسەڵات بەهێزتر بکردایە. بۆ ئەمەش دەبوو کاتێک کە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی، کارەبا، مرورو ڕێگەوبان، خوێندکاران، شارەوانی و باج وخەراج بانگهێشت دەکەیت، دەبوو بەهەمان شێوە خواست و داواکاریەکانی خۆیان بەرجەستە بکردایەتەوە، ئەوکاتە شەقامێکی زۆربەهێزترو جوڵانەوەیەکی یەکجار کاراترمان بەخۆمانەوە دەبینیەوە .

لەم ڕێگەیەشەوە دەمانتوانی وەک بەشێک لە لەشکری جەنگی ڕوو بەڕووی دەسەڵات هەڵیانخڕێنین بەمەش بەکردەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی ببڕێتەوە هەموو ئەمانە پێمان دەلێن کە ئەم بزوتنەوەیە بەدەر لەهەر ئامانجێک کەمتر پشتبەستوبووە بەدەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕێکخراوەی، جیاواز لە هەموو ئەمانەش لایەنێکی تری لاوازی ئەم شێوە کارە لە نەبوونی هیچ مەوازنێکدا خۆی دەبینێتەوە بۆ ئیدارە کردن و ئاراستەکردنی جولانەوەکە، ئەم لاوازیەش گرفتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە جەرگەی کارەکانماندا.

پێنجەم / خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیە نامۆ بوو بە کاری نێودەولەتی بەدەستهێنانی هاوپشتی، لە ڕێگەی ڕێکخراو نەقابە کرێکاری و ئینسان  دۆستەکانەوە، لە کاتێکدا کە دەستەلات نیگەرانیەکی زۆری لە هەرجۆرە گوشارێکی دەرەوەی ولات هەبووەو هەیە.

شەشەم/ مامەلەیەکی نادروست لەگەل قۆناغی (هودنە)

مەیدانێکی ترمان کە لاوازیەکی بەرچاوی پێوە دیاربوو لە دەستپێکی کۆتایی هێنان بە نارەزایەتیەکان و ناچارکردنی دەسەلات بوو بە هاتنە سەرخەت و کردنەوەی دەروازەی ڕێکەوتن و دانوسات لەگەل دەسەلاتدا کە بەداخەوە لەمبارەشەوە ئێمە ڕووئیایەکی ڕۆشنمان نەبوو بۆ چۆنیەتی مامەلەو ساتوسەودا لەگەل دەسەلاتدا.

ڕۆشن بوو کە ئێمە لەمبارەوە دەرکو تێگەشتنێکی هاوبەش و رۆشنمان نەبوو لەسەر ڕێکەوتن و هەلسپاردنی کارەکان، ئێمە بەو دەرکەوە نەچووینە مەیدانی ڕێکەوتن کە تێبگەین  ئەمە هودنەیە، کارکردنیش لەقۆناغی (هودنە)، تێگەشتنە لەو دانوساتەی کە لەگەل دەسەلاتدا ڕاتگەیاندوە. کە بەدڵنیای دەسەڵات هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ کەم ڕەنگکردنەوەی سەلماندن و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی، بەلام ئایا ئێمە لەوە حاڵی بووین کە ئەگەر بە بەردەوامی لەسەر خەت نەبین بەدواچوون لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان نەکەین و ڕێگەو ڕەوشتی جیاواز نەگرینەبەر دووچاری چ بنبەستێک دەبین کە بووین، ئایا ئێمە لەوە تێگەشتین کە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی دەسەڵاتدا مستەحیل و چاوەڕوان نەکراو نیە.

بە کورتی ئێمە هودنەمان بەمانای ڕاگرتنی جەنگ بۆ خۆبەهێز کردنەوەو رێکخستنەوەی کارەکانمان و پیاچوونەوە بە لاوازی و کێشەو گیروگرفتەکانمان نەدەزانی، بۆیە تەنیا کارێک کە دواتر ئەنجاماندا ڕاکە ڕاکەی بغدادو دیدارو دانیشتن بوو لەگەل ئەم کوتلەو ئەو قەوارەو ئەم کارەکتەرو ئەو وەزارەتدا، تا بەداخەوە بینیمان پاش ماندبوونێکی تەواو لەم ڕێگەوبانە ئارام ئارام شکستمان هێناو بزوتنەوەکەی ئێمەی بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ گەیاند.

دواین خالێک کە ئەگەر لە داهاتووشدا سنووری خۆمانی لێجیا نەکەینەوە زەرەرو زیانی زۆر بەرچاوتری لێدەکەین، کە ئەویش لایەنگریمان بوو لە یەکێک لەم دوو دەسەلاتە هاوبەرژەوەندیە، کە بەزۆری تێگەشتنی پشتگیری کردن لە حکومەتی ناوەند زۆر بەرچاوتر بوو بۆیە بەداخەوە بەشێک لە هەلسوراوان لەژێز کاریگەری ئەو پەرلەمانتارو کاندیدانەی کە سەرمایە بۆ ئایندەیان کۆدەکەنەوە یەک لایەنە هەلوێستیان دەگرد لە بەرامبەر بە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بغداد دا دواجار سنووری دەسەلاتداریەتی حکومەتی عێراقیان بە شامی شەریف دەجواند لەکاتێکدا مەسەلەی مووچە و ژیانی هاولاتیان ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەردوو دەسەلاتەو بەکردەوە معلوم بوو کە تەواوی ئەو لایەنگیریانە نەیانتوانی حکومەتی عێراق لەو ستەمکاریە بپارێزن کە بەدەر لە کێشمەکێشە سیاسیەکانیان پاش تێپەربوونی دوو سال مووچەخۆرانی کوردستان نەخەنەوە بەردەم سزای بێبەشکردنیان لەو مافە سەرەتاییەی خۆیان بۆ ماوەی سێ مانگ و سپاردنی دوخەکە بە ئایندەیەکی نادیار.

بەرلە دواین ووتە !

دلنیام گەلێک باس و بابەت و رووداو جولانەوەی تر لە ماوەی دوو سالی رابردودا هەیە کە جێگەی بەدواچوون شیکاری و هەلوێست گرتنە. بەلام لەم دەرفەتەدا رەنگە نەتوانرێت هەموو ئەوانە تاوتوێ بکەین، بەتلام ڕاوەستان لەسەر دوو جولەی گرنگ لە ماوەی شەش مانگی رابردودا جیگەی بایەخی تایبەتترە، لەوانە مانگرتنی بەردەم ( یوئین) بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە سیانزە هەلسوڕاو مانیان لە خواردن گرت کە بەرچاوترین خالی ئەرێنی دروستکردنی یەک دۆخی هاودلی و هاوپشتی بوو لە ئاستی کۆمەلگادا، هەروەها ڕێگرتن بە تەنکەرەکانی ڕێگەی عەربەت بەهەمان شێوە خالی بەهێزی ئەوەبوو کە سەلماندی ئەو گورزە گەورە چیە کە چۆکی دەسەلاتی پێدەشکێنی، کە دەست بردنە بۆ بەرکەوەندیەکانی کە پاش شەو رۆژێک پلانی تێکشکانی بۆ داڕشت. بەدلنیای لایەنە لاوازەکانی ئەم دوو کارە پێویستە بە وردی قسەی لەسەر بکرێت. هەرچەندە خالی هاوبەشی ئەم دوو کارە ئەو پەرچەکردارە بوو کە بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەکانی ئەو سەردەم گرێدانەوەی نارەزایەتیەکان ئەنجامدرا.

هیوادارم لە بەدواچوون و گفتوگۆکانی ئایندەدا بتوانین ئاوڕێکی ووردیان لێبدەینەوە!

ئەوەی لە ئێستەدا دەکرێت بلین سەرەکی ترین بابەتی رۆژە مەترسی درێژە کێشانی ئەم دۆخەیەو تێکنەشکاندنی ئەو بەربەستانەیە کە کۆمەلگای دووچاری بێهیوای و نیگەرانیەکی یەکجار گەورە کردوەتەوە بەجۆرێک کەبەشێک لە هەلسوراوانیش تەسلیمی ئەو واقعە تالە بوون لەدوڕوانی چاوەروانی هاتن و نەهاتنی مووچەی ئەم مانگ و ئەو مانگدا، بۆیە لە ئێستەدا کە ئێمە لە بەردەم دوو حالەتداین ئەگەر بێتوو خۆمان بۆ وەلامدانەوەیەکی وشیارانەو ئامانجدارانەو نەخشمەند نەکەینەوە بەدلنیایی ئایندی نارەزایەتیەکان و ژیان و گوزەرانمان یەکجار سەخترو دژوارتر دەبێتەوە.

بۆیە هیوادارم خۆمان ئامادە بکەین بۆ وەلامدانەوەی ئەم دوو حالەتەو قۆستنەوەی دەرفەتی کردنەوەی قوتابخانەکان و بەرپاکردنی جولانەوەیەکی بەرفراوانە بەر لە دەستپێکردنی هەلبژاردنەکانی عێراقە، کە بە بروای من ئەگەر نارەزایەتیەکانی مامۆستایان و هەموو خەلکی ستەملێکراوی کوردستان وەک دەنگێکی کاراو بەرچاو نەیەتە مەیدان ئەوا بەدلنیای دواتر باری سەرشانمان یەکجار قورستر دەبێت.

کەواتە تەنیا ڕێگەیەل لەبەردەماندا هاوهەلوێستیە کە بتوانین لە دووڕیانی کردنەوەی قوتابخانەکان و دەستپێکردنی هەلبژاردنا، ئێمەش هەلبژاردنی خۆمان کردبێت بۆ هاتنەوە مەیدان و داکۆکی کردن لە ماف و ئازادیەکانمان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×