لەیادی سلێمانیدا خەفەت ئەخۆم

مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی
  2025-11-15     552

١ـ کەس لاری لەوە نییە کە گرنگی بدرێ بە بۆنە نیشتمانی و نەتەوایەتی و ئاینی و ھتد، بەڵام لەکوردستاندا ‌ کاتێک ھەموو ساڵێک (بۆ نمونە یادی دروستبوونی شاری سلێمانی) دەکرێتەوە، ڕێک بۆ داپۆشینی کەم و کوڕییەکانە، بۆ نمونە لەم یادەدا چەند پرۆژە و کارگەو ھەلی کار دەڕەخسێنرێت؟ چەند گەنج دادەمەزرێت؟ چی ئەخرێتە بەرنامەوە بۆ ساڵی ئایندە؟ بۆیە کاتێک حیزبی فەرمانڕەوا گرنگی بەم جۆرە بۆنانەدا دەدات لەدڵسۆزی نییە، تەنانەت ھەندێ ڕۆشنبیر و ڕێکخراو و دام و دەزگا بەخۆیان بزانن یان نا، ئاو ئەکەنە ئاشی دەسەڵاتەوەو بەنان خواردن و ھەندێ گۆرانی و چالاکی ھونەری ڤالیۆمی بێئاگایی ئەدەن بەخەڵک.
٢ـ بیرمان نەچێت تەنانەت حیزبی بەعسیش لە ساڵی ١٩٨٤ دا لە یادی دووسەد ساڵەی شاری سلێمانیدا گەورەترین یادو کۆڕی شیعری سازکرد، کە تیایدا دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا شیعرە بەناوبانگەکەی خوێندەوە. 
٣ـ لەسەردەمی بەعسدا یادەکە سیمای نەتەوایەتی لەخۆدەگرت، چونکە خەڵک گرفتی ئابووری نەبوو، بەڵام لە ئێستادا سیمای ھەڵخەڵەتاندن لەخۆ دەگرێت. 
٤ـ تەنانەت نەک ئەم یادە، بەڵکو ھەندێ یادی ڕاپەڕین و یانزەی ئازارو ھتد ئەو کاتە بایەخی دەبوو کە خەڵک ئەمساڵی باشتربێت لە پار، ھەست بەگۆڕانکاری بکات، چونکە شیعر و شانامە ناچێتە گیرفانی کەسەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×