بۆچی باشوور بە خەستی پشتگیری ڕۆژئاوای کرد؟ 

مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی
  2026-01-31     179

تۆی خوێنەر، یان ھەر ھاوڵاتییەکی تر، یەکسەر وەڵام دەدەیتەوەو دەڵێیت: ھەستی نەتەوەیی و کوردبوون، بەڵام تەنیا ئەمە نییەو ئەگەر ئەمە یەکەم بێت ئەوا یەکەمێکی تر ھەیە و نابێت بەدووەم ئەویش ئەوەیە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئەزمونی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان نمونەیەکی جوانی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و دادپەروەرییان پێشکەش کردووە، ئەگەر سەرکردەکانی ڕۆژئاوا خەریکی خۆیان و کڕینی شوقەو ڤێلاو بازرگانی خۆیان بوونایە لەناوەوەو دەرەوە و خاوەنی پەساپۆرتی جۆراوجۆری وڵاتانی تر بوونایە بۆ کاتی لێقەومان، ئەوا ھەرگیز ئەو پشتگیرییە خەستەی ناوخۆی خۆیان و باشوور و پارچەکانی تری کوردستان و کوردانی ئەوروپایان نەدەبوو، کە ئەو پشتگیرییە خەستە بووە گەورەترین ھۆکار بۆ بەرگری و مانەوەیان، بۆیە با دەسەڵاتدارانی باشوور باش بزانن کاتێ ئەکەونە تەنگانەوەو کاتێک خەڵک بەرگریتان لێ دەکات کە ئێوە بۆ خەڵک تێکۆشابن، نەک بۆ گیرفانی خۆتان و ماڵ و مناڵتان و کەس و کارو ئەندامی پارتەکەتان، باشترین بەڵگەش ١٦/١٠/٢٠١٧ بوو، کاتێ بەھۆی ریفراندۆمەوە نیوەی خاکی باشوور لەدەستدرا، ھاوسۆزی و خۆپیشاندان و ئەوەی ئێستا بۆ رۆژئاوای کوردستان ئەکرێت ھەرگیز ئەو سەردەمە بۆ ئەو لەدەستدانەی کەرکوک و ناوچە تەعریب کراوەکان نەماندی. 
وە خاڵێکی گرنگی تر ھەیە پێویستە ھەموومان بیزانین ئەویش ئەوەیە باشوور بەگشتی و ئەو شارانەی بەخەستی جموجوڵ و خۆپیشاندانی تێدا دەکرێت بۆ ڕۆژئاوا و لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە بوێرانەی کە بەیەکەم دەرفەت خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوا، ئەوانەبوون کە پێشتر دژی گەندەڵی ھەرێمی کوردستان ھاتبوونە سەرخەت، لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا ھەوڵ و تێکۆشانی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی باشوور و تێکڕای خەڵکی شایانی ئەوپەڕی دەستخۆشییە کە بە ھانای ڕۆژئاوای کوردستانەوە چوون و دەچن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×