وتە بەناوبانگەکەی نەجمەدین مەلا لەمڕۆدا پێچەوانە بۆتەوە، جاران خەفەتمان ئەخوارد کە ئێمە گەلێکین ڕێز لە زیندوەکانمان ناگرین و بەڵام کاتێک دەمرن ڕێزیان دەگرین و یادیان دەکەینەوە، ئەمڕۆ ھەردووکیان نەک فت بووە، بەڵکو جەھەنەمیش لەسەر مردوو تاپۆ دەکرێت.
جاران مرۆڤ پێش مردن خەفەتی ئەوەی دەخوارد لەودنیا چارەنووسی چی دەبێت؟ پێش مردن داخی ئەوەی دەخوارد کە بەھەندێ لە ئاواتەکانی نەگەیشتووە، ئێستا پێش بەجێھێشتن خەفەتی ئەوەشی ھاتەسەر کە لە سۆشیال میدیا چی پێدەڵێن.
ناپاکی دەرەکی ھەرچەندێک بێت ئەگەر بیشۆیتەوە دەڕوات و پاک دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی بە شۆردنەوە پاک نابێتەوە ناخ و دڵ و دەروونی مرۆڤە، کاتێک سیخناخ بێت لە ئێرەیی و نەگبەتی.
لەکۆتاییدا شەمسی تەبرێزی جوانی گوتووە (شەیتان لە ناخی مرۆڤەکاندایە، شەیتان دەنگێکە لە دەروونماندا، دەبێ لە ناخی خۆماندا بۆ شەیتان بگەڕێین، نەک لە ناخی خەڵکانی تردا)