ماوەیەکە لە بێکارەبایی ناچارم ئەکات بچمە ناو بازاڕ، لەوێش قەرەباڵخییەکی زۆر ھەیە، بیرم کردەوە ئەگەر ئەم خەڵکە لەناو بازاڕ ھەموویان شت بکڕن، ئەوا شت و مەک لەناو بازاڕدا نامێنێتەوە، بۆیە تەلاقەکەی بارام بەگم بیرکەوتەوە کە ئەڵێ: (سێ بەسێ تەڵاقم کەوتبێت خوا فەقیری بۆ قەرەباڵخی ناو بازاڕ دروستکردووە!)، ئیتر ناچاربووم لەسەر بارودۆخی ئێستای نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەگەڵ کڕیار و فرۆشیارو چینە جۆراوجۆرەکان بکەومە قسەوگفتوگۆ، لە ئەنجامدا ئەوەم بۆ دەرکەوت کە خەڵکی چاوەڕێی جەژنی چوارەم ئەکەن، بەکورتی جگە لە جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و نەورۆز، چاوەڕوانی لەدایکبوونی جەژنێکی ترن کە ئەکاتە چوارەم جۆری جەژن.
ئەو کەسانەی کە وڵات یان ھەرێمێک بەڕێوەدەبەن، یەکەم شت دەبێت شارەزاییەکی باشیان لە مێژوودا ھەبێت، ئێمە زۆر ناگەڕێینەوە بۆ دواوە و نمونە ناھێنینەوە کە ئەحمەدی خانی ٣٥٠ تا ٤٠٠ساڵ لەمەوپێش چی وتووە، وە حاجی قادری کۆییش ١٨١٦- ١٨٩٧ بەھەمان شێوە کە شیعرەکانیان لەسەر بارودۆخی کورد، ملوانکەی زێڕینی ھەموو سەردەمێکن. بۆیە کەمێک ئەگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ ساڵانی ١٩٧٤-١٩٧٥ کە کورد خیانەتی لێکرا لەلایەن شای ئێرانەوەو شۆڕشی ئەیلول تووشی ھەرەس و نسکۆبوو، چونکە پشتی بەخۆی نەبەست، لەدوای ١٩٩١وە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە ھەرێمی کوردستان ھەمان ھەڵەی ساڵی ١٩٧٥یان دووبارە کردەوە، پارتی ھێلکەی خۆی خستە سەبەتەی تورکیاو یەکێتیش ئێران، ئەمەریکاو ئەوروپاش لەلایەکی ترەوە، بەڵام ئەوەی پشتی پێنەبەست: خەڵکەکەی خۆی بوو، نەک ھەر ئەمە بەڵکو تاڕادەی ئەوپەڕی ناشیرینی، مۆدێلێکی قێزەونیان لە بەڕێوەبردن بەرامبەر گەلێکی ماندووی پاشماوەی ئەنفال و کیمیاباران پیادەکرد، کە ھیچ دوژمنێکی کورد بەدرێژایی مێژوو بە کوردی نەکردووە، بۆیە لای من بۆچوونی بەشێکی بەرچاو دژی دەسەڵاتی کوردی جێگای سەرسوڕمان نییە، کە لەگەڵ ئاوابوونی دەسەڵاتی ئێوەدا بیکەن بە جەژن و ھەر لە ئێستاوە ڕۆژی عارفە دیاری بکەن، عاقڵ ئەوەیە بیر لەوەڵامی بۆچی دەکاتەوە، نەک بەخشینەوەی نازناوی جاش و سیخوڕ بۆ ئەم و ئەو.