بەشی بایۆلۆجیی/ زانکۆی سلێمانیی
لە هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن رێگایەک نییە بۆ گۆڕانکاریی ، بەڵکو ئامڕازێکی جوانکارییە و پۆشاکێکی شەرعیی ئەدات بەسەر رژێمە تاڵانکارەکەدا. بۆیە بایکۆتی هۆشییارانە رەسەنترین کردەی دیموکراتییە و هەر ئومێدێک بۆ گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا ئەبێت لە دەرەوەی سندوقی دەنگدان بێت.
دوای زیاتر لە سێ دەیە لە دامەزراندنی ئیدارەی کوردیی لە باکووری عێراق، گەندەڵیی لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستی تاڵانکارییدایە (کلیپتۆکراسیی Kleptocracy). لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاریی و بووژاندنەوەی ژیانی سیاسیی بە درێژایی بەکاربوونی ئەم تێزە فەلسەفییەی حوکومڕانیی لە ئەورووپادا. بەڵام بەپێی سێ سەرچاوەی جیاوازی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا هیچ لە جەوهەری سیستەمە تاڵانکارییەکە ناگۆڕێت. بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی واقعێکی گەندەڵیی سەپێنراوە بەهێزێکی پشتییوانکراوی نێودەوڵەتیی وئیقلیمییەوە لەژێر رەشماڵی دیموکراسیی ساختەدا.
سێ سەرچاوەکە ئەڵێن:
یەکەم: دامەزراوە دیموکراسییە لەرزۆکەکان و سەرکردایەتییەکی پییر کە رەوایەتیی لە دەستداوە.
"جوست هێڵتەرمان" Joost Hiltermann، نووسەر و لێکۆلەر لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان International Crisis Group لە بابەتێکدا بە ناونیشانی:" کوردستانی عێراق داوی بیست ساڵ"، کە لە پێگەی گرووپەکە لە بەرواری ٦/ ٤/ ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە ئەڵێت: "ریشەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە نەبوون یان لە نائامادەیی دامەزراوەی دیموکراسیی راستەقیینەدایە. ئەو سەرکردایەتیەشی کە لە شاخ هاتوونەتە خوارەوە پییربوون و رەوایەتییان نەماوە. سیستمە سیاسییە داخراوەکەش ڕێگرە لە سەرهەڵدانی سەرکردەی نوێ کە بە گەندەڵیی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە لەکەدار نەبووبێت. بۆیە گەنجانی کورد چیتر باوەڕیان بە گۆڕانکاریی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە نەماوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە لە رێگەی کۆچەوە سیستمە سیاسییە هەبووەکە رەت ئەکەنەوە و هەڵدێن بۆ گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتر لە دەرەوەی هەرێم. ئەمەش ئاماژەیە بۆ لە دەستدانی باوەڕێکی تەواو بە پرۆسەی هەڵبژاردن.
دووەم: هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا: ژینگەیەکی بێ ئازادیی و نا یەکسان
رۆژنامە نووسی ئەمریکایی، "وینترۆب رۆجەرز" Winthrop Rodgers لە بابەتێکدا بە ناونیشانی : "ئایا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد و دادپەروەر ئەبن؟" کە نزیکەی یەک مانگ پێش دوا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە پێگەی مەکۆی فیکرەی سەر بە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک، لە بەرواری ١٨/ ٩/ ٢٠٢٤ دا بڵاویکردۆتەوە، ئەڵێت: هەردوو پارتی دەسەڵاتدار، پارتی و یەکێتی، زاڵن بەسەر هەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا. بژێویی ژیانی رۆژانەی رێژەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیان و دەست راگەشتنیان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەیوەستە بە دڵسۆزییان بەو دوو حیزبەوە. واتە هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنە سیاسییەکاندا ئازاد نین. بۆیە هەڵبژاردن، لەبری ئەوەی گۆڕانکاریی بەدی بهێنێت، بووە بە ئامڕازێک بۆ بەردەوامیی دۆخی ئێستای زاڵبوو.
هەروەها "رۆدجەرز" جەخت ئەکاتەوە کە "توانا و دەسەڵاتی ئابووریی ئەو دوو لایەنە، بەبەراورد بە لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم، وا ئەکات کە خولقاندنی ژینگەیەکی دادپەروەرانە بۆ کێبڕکێی سیاسیی راستەقینە مەحاڵ بێت. لەوەش خراپتر، بە وتەی نووسەر، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی کە پاڵپشتی دیموکراتیی ئەکەن، وەک هەمیشە، یەکەم کەس ئەبن کە پیرۆزبایی لە "هەڵبژاردنە سەرکەوتووەکان" ئەکەن و شەرعییەتێکی درۆینە ئەدەن بە پرۆسەیەکی نادیموکراتیی. لە کاتێکدا ئەرکی ئەخلاقیی و سیاسیی ئەو لایەنانە پشتگیرییکردنە لە پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی لە دوای هەڵبژاردنەکان، کە چارەسەری ریشەیی قەیرانەکان بکات.
سێهەم: دەسەڵاتی تاڵانکار پارە و دیموکراسیی ئەدزێت
"ئێن ئەپڵبام" Anne Applebaum لە وتارێکدا بە ناونیشانی: رژێمە تاڵانکارەکان تەنها پارە نادزن بەڵکو دیموکراسییش ئەدزن. کە لە رۆژامەی فاینانشیال تایمز لە بەرواری ٣٠/ ٨/ ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە شیکارییەکی قووڵ بۆ دیاردەی تاڵانکاریی، کە بەرزترین ئاستی گەندەڵییە، پێشکەش ئەکات. نووسەر ئەڵێت: رژێمی تاڵانکار نەک تەنها لە رێگەی ناشەرعییەوە سامان کۆئەکاتەوە بەڵکو ئەو پارە تاڵانکراوانەش بۆ بەردەوامیی مانەوەی سیاسیی خۆی بە کڕینی دڵسۆزیی و پارەدارکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆنترۆڵکردنی میدیا بەکارئەهێنێت. بەمەش دیموکراسیی لە مانا قووڵەکانی بەتاڵ ئەکاتەوە.
بەرەو رێگایەکی جێگرەوەی هەڵبژاردن بۆ گۆڕانکاریی:
پشتبەست بەو سێ سەرچاوەیەی سەرەوە، هەڵبژاردن رێگایەک نییە بۆ گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو ئامڕازێکی جوانکارییە و پۆشاکێکی شەرعیی ئەدات بەسەر رژێمە تاڵانکارەکەدا. بۆیە بایکۆتی هۆشییارانە رەسەنترین کردەی دیموکراتییە و هەر ئومێدێک بۆ گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستاندا ئەبێت لە دەرەوەی سندوقی دەنگدان بێت.
هەلێکی جێگرەوە بۆ هەڵبژاردن ئەو پڕۆژەیەیە کە ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی (USAID) لە ژێر ناونیشانی: رێبەری نەهێشتنی تاڵانکاریی Dekleptification Guide لە مانگی سێپتێمبەری ٢٠٢٢ بڵاویکردۆتەوە. بەپێی پڕۆژەکە گۆڕانکاریی لە رژێمە تاڵانکارەکاندا پێویستی بە فشاری هاوپەیمانێتییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی فراوانی ناوەوە و بە بەشداریی هێزە نێودەوڵەتییە دیموکراتخوازەکان هەیە بۆ گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و کۆتاییپێهێنانی تاڵانکاریی.
سەرچاوەکان:
Hiltermann J. Iraqi Kurdistan Twenty Years After. International Crisis Group. 2023 Apr.
Rodgers W. Free and Fair? Setting Expectations for the KRI’s October Elections. Fikra Forum. Washington Institute for Near East Policy. 2022 Sep.
Applebaum A. The Kleptocrats aren't just Stealing money. They're Stealing Democracy. Financial Times. 2024 Aug.
USAID. “Dekleptification” Guide: Seizing Windows of Opportunity to Dismantle Kleptocracy. 2022 Sep.