تاڵانکاریی (کلیپۆکراسیی)و ئاسایشی نیشتمانی: کاتێک کلیپتۆکراسی ئەبێت بەهەڕەشەیەکی راستەقینە

ئەحمەد ئەمین
  2026-01-08     585

رووداوەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب بە نموونە

لەم کاتە هەستیارەدا، گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب لەژێر هێرشی قورسی بەردەوامی هێزەکانی حوکومەتی سووریادان. هاوکات دانیشتووانیان داوای هاوکاریی لە هەردوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان ئەکەن. بەڵام ئەم داوایە لەگەڵ واقیعێکی پڕ لە ئازاردا رووبەڕوو ئەبێتەوە: بێتوانایی هەرێم لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکی کاریگەر؛ ئەویش بەهۆی نەبوونی ئیرادەی جەماوەرییەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی تاڵانکردنێکی سیستماتیکی سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ، لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاتدارەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەتا ئەو ڕادەیەی کە ئێستا ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لە جێبەجێکردنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆیاندا بێدەنگ و بێخەمن.

ئێمە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار هۆشدارییمان داوە کە تاڵانکاریی (کلێپتۆکراسیی)، تەنیا گەندەڵیی دارایی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. کاتێک تاڵانکردن ئەبێتە سیستەمی حوکومڕانیی، بە مەبەستە بۆ بێ کارییگەرکردنی دەوڵەت، ئیفلیجکردنی دامەزراوەکان، پەکخستنی توانای مرۆیی و بێماناکردنی ئەو سەرچاوانەی کە ئەبوو تەرخان بکرێن بۆ پاراستنی خەڵک و پشتیوانییکردن لە دۆزە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکان. ئەمڕۆ ئەو هۆشدارییانەی رابردوو، بوون بە واقیعێکی بەرچاو و زەق؛ هەرێمی کوردستان لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا، ناتوانێت بە هانای برا کوردەکانی سووریاوە بچێت و، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە بەشێک لەو پارە تاڵانکراوانەی لە ناوخۆی هەرێمدا وەبەرهێنان نەکراون بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەرهەمدار، یان دامەزراوەیەکی بەهێز، تونێلی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی وڵاتی بۆ تەرخان کراوە، لەوانە بۆ تورکیا، کە ئێستا بووەتە یاریزانێکی سەرەکیی لە پاڵپشتییکردنی ئەو سیاسەتانەی کە زۆرجار بووەنەتە مەترسیی بۆ بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی کورد. بەم شێوەیە سامانی هەرێم، لەبری ئەوەی سەرچاوەی هێز بێت، ئەگۆڕێت بۆ ئامرازێک کە لە دژی خۆی و دۆزە نەتەوەییەکانی بەکاردێت.

باڵەخانە بەرزەکان کە بە پارەی تاڵانکراو درووست ئەکرێن، ئاسایش درووست ناکەن، جێگەی دامەزراوە حوکومڕانییەکان ناگرنەوە، قەرەبووی ئەو سوپای پیشەگەرە لێهاتووانە ناکەنەوە، کە سەیان هەڵگرتووە بۆ وڵاتانی دەرەوە یان لەناوخۆدا پەراوێز خراون. ئاسایشی نیشتمانیی بە بینا بەرزە فڕە رووتەکان یان ڕووکارە درەوشاوەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای کۆمەڵگە بۆ کۆمەکردنی راستەقینە و متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانیان و، بە بوونی پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیی سەربەخۆ و بەرپرسیارانە ئەپێورێت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە حەلەب بە بەرجاومانەوە ئەگوزەرێت، رووداوێکی هاکەزایی و تاکانە نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی لۆژیکییە بۆ پرۆسەیەکی خوێن لێچۆڕانی درێژخایەنی توانا ماددیی و مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان. کاتێک کە توانای مرۆیی بەفیڕۆ ئەدرێ- لە ڕێگەی دامەزراندنی حزبیی، پەراوێزخستنی تاکە لێهاتووەکان و، کاتێک سەرچاوە مادییەکان بە بێ لێپرسینەوە تاڵان ئەکرێن، شکست لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا ئەبێتە شتێکی حەتمیی. لەو کاتەدا لێدوان و درووشم بێ سوودن (بافڵ تاڵەبانی: "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە ڕووداوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەڕوانم، لەم کاتە سەخت و دژوارەدا دڵم لای گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان". مەسعود بارزانی: "ئەو شەڕەی شاری حەلەب هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزییە لەدژی كورد")

بۆیە، ڕاگرتنی تاڵانکاریی تەنیا کردەیەکی ئەخلاقیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی بەپەلەی ئاسایشی نیشتمانیی و نەتەوایەتییە. بەبێ ئەوە، لە داهاتوودا شاهیدی دەرئەنجامی نەرێنیی توندتر ئەبین و، چەندین جار خۆمان ئەبینینەوە کە ناتوانین بەرژەوەندییەکانمان بپارێزین و پشتیوانی گەلەکەمان بکەین. کاتی ئەوە هاتووە دەنگی ئاگادارکردنەوە بەرزتر بکەین، تاوەکو ببیسترێت و دەوڵەت لە چنگی کلێپتۆکراسێتیی کوردیی وەربگیرێتەوە، پێش ئەوەی شکست ببێت بە چارەنووسێک کە گۆڕینی درەنگخایەن و قورس بێت و رەنگە ئەستەمیش بێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×