فاروق ڕەفیق: گەورەیی بیرمەندێک لە ئاوێنەی ناحەزەکانیدا، جێپەنجەیەک کە هەرگیز ناسڕرێتەوە

گۆران هەورامی
  2026-04-29     686

ئەو فێری دەکردین کە: فەلسەفە بۆ ئەوە نییە تەنها کتێبی پێ بخوێنینەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە فێری چۆنیەتی ژیانمان بکات، بۆیە هەردەم دەیگوت فەلسەفە "مەعریفەیەکی مردوو نییە" لە ناو کتێبخانەکاندا، بەڵکو دەبێت ببێتە "هونەری ژیان". 

هەواڵی کۆچی دوایی فاروق ڕەفیق، نووسەر و بیرمەندی دیاری کورد، خەمێکی گەورە بوو بۆ ناوەندی ڕۆشنبیریی و فیکریی کوردستان. ئەو وەک یەکێک لەو دەنگە جیاوازانە دەبینرا کە هەمیشە هەوڵی دەدا پرسیارە قووڵەکان بە زمانێکی سادە و ئاسان لای خوێنەر و بیسەر دروست بکات.

سەبارەت بە کۆچی دوایی ئەو، وەک کەمترین هەست بە بەرپرسیاریەتییەک بەرامبەر بە خامۆشبوونی ڕووناکیی کتێبخانەیەکی گەورەی بەرجەستە بووی ئاوادا، پێم خۆشبوو هەڵوێستە لەسەر چەند خاڵێک بکەم، کە بێگومانم لە چاو گەورەیی ئەودا زۆر کورت دەهێنم: 

• کۆچێکی لەناکاو: کۆچی لەناکاوی فاروق ڕەفیق لە نیسانی ئەمساڵدا "٢٠٢٦" بەو شێوازە کتوپڕە، بێ ئەوەی بواری ماڵئاواییکردن هەبێت، شۆکێکی گەورە بوو بۆ زۆربەی میللەتی کورد و خوێنەرانی بەرهەمەکانی و هەموو ئەوانەی ئاشنای هەوڵە بێووچانەکانی بوون لە بواری فیکر و ڕۆشنبیریی و جیهانی ڕەخنە و فەلسەفەدا. 

• پڕۆژە فیکرییەکەی: ئەو زیاتر بەوە دەناسرایەوە کە دەیویست فەلسەفە لە ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە بهێنێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی و نووسینەکانی، هەوڵێک بوون بۆ تێگەیشتن لە "بوون" و "ئازادی" و بە زیندویەتیی هێشتنەوەی گیانی ڕەخنەگرانە لە ناو خەڵکدا، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بۆگەن نەکا. 

• کاریگەریی لەسەر گەنجان: فاروق ڕەفیق هەردەم لە هەوڵدابوو نەوەیەکی نوێ ئاشنا بکات بە بیرمەند و فەیلەسوفە گەورەکانی جیهان (وەک نیتچە، کانت، و هایدگەر..هتد) و بەرهەمەکانیان، هاوکات دیدگای ڕەخنەگرانەی خۆی و خوێندنەوەی خۆی بۆ تێزە ناسراوەکان دەخستە ڕوو، بە تایبەت ئەوانەشی کە لای هەندێک خەڵک بونەتە نەگۆڕ و بڤە و وا دەزانن نابێ باسیان لێوە بکرێت. 

• بۆشاییەکی گەورە: کۆچی ئەو بۆشاییەکی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و مەعریفی و ڕەخنەیی و فەلسەفیی کوردیدا دروستکرد، بە تایبەت کە ئەو خاوەن دیدگایەکی نوێگەریی و ڕەخنەیی بوو بەرامبەر بە کۆمەڵگە و دەسەڵات.

* کاردانەوەکان لەسەر کۆچی لە ناکاوی: بێگومان بۆ خانەوادەو خزمان و ئازیزانی بۆشاییەکی زۆر گەورەیە کە قەت بۆیان پڕ نابێتەوە، بۆ میللەتەکەشی بە گشتیی بێدەنگبونی کانگایەکی فیکریی گەورەیە کە ئاسان جێگرەوەی بۆ پەیدا نابێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا "چالێنج"ێکی گەورەیە خۆی ووتەنی، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنی دەیان بیرمەند و ڕۆشنبیری تر، کە دەبێ کار بکەن لەسەر بەردەوامیدان بەو خەباتە مەدەنیی و مەعریفی و ڕۆشنگەرییەی فاروق ڕەفیق بێ هیلاکبوون کاری لەسەر دەکرد. دەربارەی ئەوانەشی کە خۆشحاڵن بە غیابی ئەو، بێگومان ئەوەش جۆرێکە لە سەرکەوتن بۆ فاروق ڕەفیق، چونکە بە ناحەزاکانیا دەزانین ئەو لە چ پلەیەکی باڵادا بووە، بۆ ئەوەی کەسێک هەڵسەنگێنی کە لە ژیاندا چۆن بووە و چ جێپەنجەیەکی جێهێشتووە، سەیری دۆست و "دوژمن"ەکانیشی بکە، بزانە کێیە غەمبارە بە دیار نەمانی و کێیشە نوقڵانە ئەبەخشێتەوە لە خۆشییا. 

بە ڕاستیی کاتێک کە ناحەزەکانی فاروق ڕەفیق دەبینین کە چەند گرگنن و چ کوالیتییەکی نزمی ناو کۆمەڵگان، دەبێ ئەوەندەی تر شانازی بەو پیاوەوە بکەین و بزانین کە ئەو لە چ ئاستێکی بەرزدا بووە کاتێک گورزی لە پاشخانی کۆنە پەرستەکان وەشاندووە.

* سەرکەوتنی پەیامەکەی: کاتێک کۆنەپەرستان یان ئەوانەی بەرژەوەندییان لە"جەهل" و "نەزانین"دا هەیە، بە نەمانی بیرمەندێک وەک فاروق ڕەفیق دڵخۆش دەبن، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو بیرمەندە توانیویەتی بنەماکانی ئەوان بهەژێنێت. فاروق ڕەفیق تەمی سەر عەقڵی زۆر کەسی ڕەواندەوە، وە بەردەوامیش دەبێت لە ڕێگای فکر و بەرهەمەکانیەوە کە بە سوپاسەوە بۆی جێهێشتووین، بۆیە فاروق ڕەفیق بۆ ئەوانەی بازرگانی بە جەهلەوە دەکەن، مەترسییەکی گەورە بوو.

• داهێنان لە سادەکردنەوەدا: گەورەیی ئەو لەوەدا بوو کە فەلسەفەی لە "کتێبخانە داخراوەکان" هێنایە ناو "کافتریا و سەر شاشەکان". ئەو نەیدەویست تەنها تیۆری بڵێتەوە، بەڵکو دەیویست عەقڵی کوردی ڕابهێنێت کە "بۆچی؟" بپرسێت.

• مانەوە لە ڕێگەی کارەکانەوە: هەرچەندە جەستەی ئەو لەناوماندا نەماوە، بەڵام وەک ئاماژەم پێدا، ئەمە "چالێنجێکە" بۆ ئەو نەوەیەی کە سودیان لە فیکر و نوسین و دەربڕینەکانی بینیوە، نەک تەنها یادی بکەنەوە، بەڵکو پڕۆژە ناتەواوەکانی تەواو بکەن و نەیەڵن ئەو مەشخەڵەی ئەو هەڵیگرتبوو بکەوێتە سەر ئەرز، کە بێگومانم بۆ چاوتروکانێکیش ئەو کارەساتە ڕوو نادات.

دووبارە لە ناخی دڵەوە هاوسۆزی و هاوغەمی دەردەبڕم بۆ لەدەستدانی پیاوێکی گەورەی ئاوا، پێی دەڵێم: زۆر سوپاس بۆ هەموو هەوڵێک و هەموو شەونخونییەکت، زۆر سوپاس بۆ هەر پیتێک کە خستوتەتە سەر کاغەز یاخود لە کۆڕو کۆبونەوەکاندا لەسەر میمۆری مێشکمان بۆت جێهێشتووین، تۆ هەردەم لە هزر و دڵماندای، ڕۆحت شاد ئەی پیاوی مەزن!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×